ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەفەرمی چووە نێو لیستی ماراسۆنە نێودەوڵەتییەكانی جیهان

ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەفەرمی چووە نێو لیستی ماراسۆنە نێودەوڵەتییەكانی جیهان
دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر و دوای سەركەوتنی هەردوو ماراسۆنی یەكەم و دووەمی هەولێری نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی، ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بەفەرمی چووە نێو لیستی ماراسۆنە نێودەوڵەتییەكانی جیهان.
دەزگای «AIMS» ی نێودەوڵەتی بۆ ماراسۆن و راكردنی ماوە جیاجیا، بەفەرمی ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێری وەك ماراسۆنێكی نێودەوڵەتی لە ریزی دەزگاكە قبووڵكرد، كە دامەزراوەی فەرمی دانپیانانی ماراسۆن و راكردنە جیهانییەكانە.
لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا عەبدولستار عیسمەت رێكخەری گشتی ماراسۆنی هەولێری نێودەوڵەتی گوتی: دانپیانانی « AIMS» بۆ ماراسۆنی هەولێر دەستكەوتێكی گرنگە، دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز تا وەرزشوانان و هەوادارانی ماراسۆن لە هەموو جیهانەوە سەردانی هەولێر بكەن بۆ بەشداری لەم ماراسۆنە جیهانییەدا، هەر لێرەشەوە سوپاسی پارێزگای هەولێر و بەتایبەتیش كاك تاهیر عەبدولڵا جێگری پارێزگار دەكەم، كە بە هاوكاری و شەونخونی بەڕێزیان ئەم دەستكەوتە هاتەدی، هەروەها سوپاسی گشت ئەو رێكخراوو لایەنانەش دەكەم كە هاوكارو پاڵپشت بوون بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە گرنگە، بەتایبەتی ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان و رێكخراوی مەسەللە و سەرجەم كەسایەتی و خۆبەخشەكان كە هاوكاربوون لەسەرخستنی ئەم پڕۆژەیە. بەو هیوایەین كە لە ماراسۆنی ئەمساڵدا زۆرترین یاریزانی جیهانی بەشداری بكەن و ببێتە دەروازەیەك بۆ ناساندنی هەولێر وەك پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی بۆ ساڵی 2014، بەو هیوایەین هەر لێرەشەوە ریكۆردێكی جیهانی بشكێندرێت.
Top