راهێنەری پایسكلسواری هەولێر رەخنە لە یەكێتی پایسكلسواری كوردستان دەگرێت

راهێنەری پایسكلسواری هەولێر رەخنە لە یەكێتی پایسكلسواری كوردستان دەگرێت
دوای ئەوەی لە شاری دهۆك ركابەرییەكانی قۆناغی یەكەمی پاڵەوانێتی پایسكلسواری كوردستان لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان و قۆناغی دووەم لەسەر ئاستی كچان بەڕێوەچوو، راهێنەری تیپی لاوانی پایسكلسواری هەولێر موسا موحسین رەخنەیەكی توندی ئاراستەی یەكێتی پایسكلسواری كوردستان كرد و پاڵەوانێتیەكەی بە ئاستێكی نزم وەسف كرد.
لە لێدوانێكیدا موسا موحسین راهێنەری تیپی لاوانی پایسكلسواری هەولێر وتی: لە ساڵی رابردوو، كە پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی كوردستان بۆ لاوان و تازەپێگەیشتووان بەڕێوەچوو ژماریەكی یەكجار زۆر لە یانەكان بەشدارییان تیاییدا كردبوو و ئەوە زیاتر دڵی خۆشكردین، كە پاڵەوانێتیەكە بووە هۆكارێك، كە یانەكانی كوردستان لە پاڵەوانێتی عێراق ركابەری لەسەر نازناوەكە بكەن بەهۆی بەرزبوونی ئاستی یاریزانان، بەڵام بەداخەوە لەم وەرزدا ئاستی پاڵەوانێتیەكە زۆر دابەزییە، چونكە یانەكانی كوردستان بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە مینحەی یاری پایسكلسواری، كە برەكەی دەكاتە (2) ملیون دینار، گشت یاریزانەكانی تیپەكانی لاوان و تازەپێگەیشتووان لە تیپی پێشكەوتووان یاری پێدەكەن ئەمەش لە رووی یاسا هەڵەیە و دەبێت یەكێتی پایسكلسواری كوردستان لەم بابەتە قسەی خۆی هەبوایە و رێگەی بەم كارە نەدەبوایە و ئەنجامەكەشی دابەزینی ئاستی پاڵەوانێتی كوردستان بوو لەم وەرزدا، چونكە لە پاڵەوانێتی كوردستان لەسەر ئاستی لاوان تەنیا 3 یانە بەشداری كرد و لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان 5 یانە بەشدارییان كرد.
لە درێژەی قسەكانیدا موسا موحسین وتی: داوا لە یەكێتی پایسكلسواری كوردستان دەكەم فشارێكی توند بخاتە سەر یانەكان بۆ بایەخ دان بە هەردوو تیپی لاوان و تازەپێگەیشتووان، چونكە ئەوان دوا رۆژی یاری پایسكلسواری-ن لە كوردستان و دەبێت بایەخیان پێبدرێت.
Top