میران خەسرۆ یاریزانی یانەی هەولێر: پێویستە متمانە بدەنە ڕاهێنەرانی كورد تاكو ئاستی یانەكانمان بەرز كەنەوە

میران خەسرۆ یاریزانی یانەی هەولێر:  پێویستە متمانە بدەنە ڕاهێنەرانی كورد تاكو ئاستی یانەكانمان بەرز كەنەوە
یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی شاری هەولێرە و لەگەڵ یانەی هەولێر دەستی بەوەرزش كردووە تەواوی قۆناغە جیاوازەكانی لە یانەی هەولێر بڕیوە تا گەیشتۆتە ریزی یەكەمی یانەكە، لەگەڵ یانەی هەولێر چەندین نازناوی بەدەست هێناوە لە هەردوو خولی كوردستان و خولی عێراق و جامی عێراق یەكێك بووە لە یاریزانە بەتوانایانەی كە چەندین ڕاهێنەرە یەك لە دوای یەكەكانی هەولێر پشتیان پێ بەستووە لە نێو یاریگا وەكو یاریزانێكی سەرەكی، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1989ی شاری هەولێرەو لە خانەوادەیەكی وەرزشدۆست چاوی بە دونیا هەڵهێناوە و خولیای وەرزشی زۆر زۆرە، ئێمەش لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردو ناوبراویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە.
* ئاستی یانەی هەولێر چۆن دەبینی لە ئێستادا؟
- لە ئێستادا ناتوانم بڵێم ئاستی یانەی هەولێر زۆر باشەو لە هەمان كاتیشدا ناتوانم بڵێم خراپە بەڵام ئەوەندە دەڵێم چاوەڕوانمان بن بەدەركەوتنێكی بەهێزەوە بەدەر دەكەوینەوە.
* بە بۆچوونی تۆ وەكو یاریزانێك پێت وایە گۆڕانكاری لە ریزی ڕاهێنەر دەتوانێ یانەی هەولێر بەرەو قۆناغێكی باش ببات؟
- من وەكو یاریزانی یانەكە بە بۆچوونی خۆم سەد لەسەد لە جێگای خۆی بوو، چونكە ڕادان تەنیا بە گوێی خۆی دەكرد و پرسی بەكەس نەدەكرد هەتا پرسی بە یاریدەدەرەكانیشی نەدەكرد بۆیە دەڵێم هەولێر دەچێتە قۆناغێكی زۆر باش.
* پێت وا نییە كە لە سەردەمی ڕادان بۆتۆ بارودۆخێكی خراپ بوو كە یاری بەتۆ نەدەكرد بە پێچەوانەوە نزار مەحروس گرنگی زۆری بەتۆ دەدا؟
- تاكو ئێستاش نەمزانی بۆچی ڕادان یاری بەمن نەدەكرد، سەرەرای ئەوەی هەموو رۆژێ ڕاهێنانی خۆم دەكرد، یەك دوو یاری یاری پێ كردم، زۆری لە ئاستی من ڕازی بوو دوای یارییەكانیش دەست خۆشی لێ دەكردم، بەڵام دواتر دیسان یاری بەمن نەدەكرد، یەكێ لە یارییەكان كە من یاریم كرد بەرامبەر مەسافی بوو توانیم گۆڵێك دروست بكەم، كەچی پێچەوانە بوو نازانم بۆچی كە رۆیشتووە پێی نەگوتم بۆیاریم پێ ناكات.
* پێت وایە عومەر مەجید دەتوانێت ڕابەرایەتی یانەی هەولێر بكات بۆقۆناغێكی زێڕین؟
- بەڵێ بە دڵنیاییەوە چونكە كاپتن عومەر شارەزاییەكی تەواوی هەیە لەسەر هەموو یانەكانی بەشدار لە خولی بژاردەی عێراقی ئەوەش مایەی خۆشحاڵیە بۆهەموو لایەك.
* بۆوەزری داهاتوو یانەی هەولێر چی بكات باشە وەكو بەرەو پێش بردنی یانەكە؟
- بە بۆچوونی خۆم پێم باشە بۆ وەزری داهاتوو یانەی هەولێر چوار یاریزانی پیشەگەری دەرەوەی عێراق بهێنێ لەگەڵ پێنج تا شەش یاریزانی عەرەب بهێنین ئەوانی تریش تەواوی یاریزانی كورد بن زۆر ئاستی یانەكە بەرزتر دەبێتەوە.
* بە بۆچوونی تۆ ڕاهێنەری دەرەوە باشترە یان ڕاهێنەری كوردی خۆمان؟
- بابەتی ڕاهێنەر وەكو بابەتی یاریزانە كوردەكانە پێویستە متمانە بدەنە ڕاهێنەرە كوردەكانی خۆمان بۆئەوەی بتوانن بۆداهاتوو كاری باش و گەورە بكەن و ئاستی یانە كوردیەكان بەرز بكەنەوە.
* لە ماوەی ڕابردوو هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لە یانەكانی تری عێراق و كوردستان؟
- بەڵێ پێشكەشم كراوە لە یانەكانی كوردستان و عێراق، بەڵام لە قوتابخانەی یانەی هەولێر پەروەردە بوومە ناتوانم یانەكەم جێ بهێڵم.
* كێ هاوكاری بەردەوامتە بۆوەرزش كردن ؟
- بەردەوام مامۆی خۆشەویستم عومەر سەلیم و خاڵی خۆشەویستم زیوەر قادر و براكانم پاڵپشتی بەردەوامی من لە وەرزش كردنم.
* دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر تا چەند هاوكاریتان دەكەن؟
- بەهەموو تواناكانی خۆیان هاوكاری بەردەوامی ئێمەن وەكو یاریزانان ئەوپەری توانای خۆیان خستۆتە گەڕ بۆسەرخستی یانەكەمان رۆڵیان دیار و بەرچاوە.
* هیچ جیاوازییەك نابینی لە نێوان یاریزانانی دەرەوە و ناوەوە؟
- نەخێر،بەڵام ئێمە دەبێ وەكو یاریزانانی شاری هەولێر رێزی زیاتر لە یاریزانانی دەرەوە بگرین چونكە میوانی ئێمەن لەم شارە.
* چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی یانەی هەولێر لە داهاتوودا زیاد لە پێویست بەرز بێتەوە؟
- پێم باشە لە ئێستاوە هەوڵ بۆ ئەوە بدەن كەوا قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكەنەوە بۆئەوەی ئێمە لە داهاتوو پێویستمان بە یاریزانانی تر نەبێت.
* جگە لە وەرزش كردن رۆژانە بە چی خەریكی؟
- جگە لە وەرزش كردن لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكەی هەشتا دەوام دەكەم و زۆریش هاوكاریم دەكەن لێرەوە دەمەوێ سوپاسی مامۆستا عەبدولعەزیز بكەم هەمیشە خۆم بە قەرزاری دەزانم.
* حەز دەكەی بگەیتە ئاستی كام یاریزانی جیهانی؟
- حەزدەكەم بگەم بە ئاستی یاریزانی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی (بۆسكیس) بەردەوامیش دەبم لە گرنگیدان بە تواناكانی خۆم.
* زۆر جار گوێ بیستی ئەوە دەبین دەڵێن هۆكاری شكستی یانەی هەولێر لە جامی ئاسیا ئەوەبوو كە میران لە سەرەتای یارییەكە لێدانێكی سزای لەسەر یانەی خۆی گرت لەم بارەیەوە تۆ چی دەڵێی؟
- ڕاستە لێدانی سزاكە لەسەرەتای یارییەكە بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یارییەكە زۆری مابوو، لێدانی سزاكەش لێدانێكی دروست نەبوو بەڵام ناوبژیوانی یارییەكە هۆكاربوو بۆشكستی یانەكەمان.
Top