پاڵەوانی كیا لە كوردستانەوە بەرەو بەڕازیل
دوای ئەوەی تیپی هەندرێن لە شاری هەولێر نازناوی پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكانی 2013 ی لە یاریی فوتساڵ بەدەست هێنا، دوای ئەوەی لە یارییەكی بەهێزدا توانی بە ئەنجامی 5-4 لە تیپی دێرینی شاری سلێمانی بباتەوە لەو پاڵەوانێتییەی كە كۆمپانیای نیم تاكە بریكاری كیا مۆتۆرز لە هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كرد بە هاوكاریی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و بە بەشداریكردنی 384 یاریزان لە 40 تیپی میللی، رۆژی یەكشەممە 23 ی تەممووز خاوەنی پلەی یەكەم بەرەو وڵاتی بەڕازیل بەڕێ دەكەوێ بۆ بەشداریكردن لە كۆتاییەكانی پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان لە یاریی فوتساڵ بە ناوی هەرێمی كوردستان شانبەشانی تیپەكانی وڵاتانی: بەڕازیل، باشووری ئەفریكا، ئەردەن، كۆلۆمبیا، چیلی، پیرۆ، ئەرژەنتین، فەڕەنسا.
جگە لەمە تیپی هەندرێن ئامادەی یاریی پێش كۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 دەبێت كە لە شاری بێلۆ هۆریزۆنتێ ئەنجام دەدرێت.
یاریی كۆتایی پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان لە 10 ی مانگی ئایاری پێشوو لە هۆڵی سەنتەری بلوو بەڕێوە چوو بە ئامادەبوونی نیهاد زەخەرییا بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل تاكە بریكاری كیا مۆتۆرز لە هەرێمی كوردستان و محەمەد علەییان جێگری پێشووی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئەردەن و سەڵاح محەمەد كەریم جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپیی كوردستان و سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و سەلام حوسێن سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و سامان بریفكانی رێكخەر و سەرپەرشتیاریی پاڵەوانێتییەكە ژمارەیەك لە بەرپرسی حكوومی و نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندن.
یارییەكە مایەی سەرنجڕاكێشان بوو بەوەی نزیكەی 500 كەس لە جەماوەر ئامادەی بوون و جۆشێكی زۆریان لەو یارییە بەهێزە وەرگرت لە نێوان هەردوو تیپدا بەڕێوە چوو و تێیدا چەندین خەڵاتی گرانبەها لە رێگەی تیروپشك بەسەر خاوەنی بەختی باش دابەش كران و تێیدا چەندین نمایشی هەڵپەڕكێی كوردی ساز كرا و لە لایەن دەزگاكانی راگەیاندندا گرنگییەكی ئەوتۆی پێدرا.
دەربارەی ئەمە نیهاد زەخەرییا بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل تاكە بریكاری كیامۆتۆرز لە هەرێمی كوردستان رای گەیاند، سەركەوتنی پاڵەوانێتییەكە ئەوە دەگەیەنێ كە كیا لە تیشكخستنە سەری وەرزش لە كوردستاندا سەركەوتنی بەدەست هێناوە و ئەمەش بە هاوكاریی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كرا و لێرەدا كۆمپانیاكە ئامادەباشیی خۆی رادەگەیەنێ بە هەوڵدان بۆ سەركەوتنی تۆپی پێ لە كوردستان بە هەموو شێوەیەك.
لە لای خۆیانەوە ئەندامانی تیپی هەندرێن سەرسامیی خۆیان بە ئاستبەرزیی پاڵەوانێتیی كیا نیشان دا لە سەرەتای دەستپێكردنیەوە لە 19 ی نیسانی رابردوو و خۆشحاڵیی خۆیان بە بەدەستهێنانی نازناوەكە خستە روو و بەڵێنیان دا بە جوانترین شێوە بە ناوی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی كیا جامی كیشوەرەكانی 2013 بۆ فوتساڵ كە لە بەڕازیل بەڕێوە دەچێت بەشداری بكەن.
جێی باسە رێكخستنی پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان لە لایەن كۆمپانیای نیم بۆ بەرەوپێشبردنی رەوتی وەرزشی تۆپی پێیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا.
