پاڵەوانییەتی رۆلان گارۆس ... نادال و سیرینا نازناوەكەیان بەدەست هێنا

پاڵەوانییەتی رۆلان گارۆس ... نادال و سیرینا نازناوەكەیان بەدەست هێنا
لەشاری پاریس یارییەكانی پاڵەوانییەتی رۆلان گارۆس لەیاریی تێنسی سەر زەوی كۆتایی هات كە دووەم پاڵەوانییەتییە لەزنجیرەكانی گراندسلام، پاڵەوانییەتی رۆلان گارۆس لەسەر یاریگا لمییەكان ئەنجام دەدرێت، هەردوو یاریزانی ئیسپانی بەناوبانگ رافایل نادال و كچەیاریزانی ئەمریكی سیرینا ولیامز نازناوەكەیان لەسەر ئاستی هەردوو رەگەز بەدەست هێنا .لەیاریی كۆتایی پیاواندا، یاریزانی ئیسپانی رافایل نادال رووبەڕووی هاووڵاتییەكەی خۆی دێڤید فیرەر بۆوە و بووە یەكەم یاریزان لە مێژوودا هەشت جار لە پاڵەوانێتییەكەی گراندسلام دەبێتە پاڵەوان، نادال لەیاریی كۆتاییدا زۆر بەئاسانی و بەئەنجامی سێ كۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە یاریزان فیرەری بردەوە، ئەنجامی كۆمەڵەكان (6*3، 6*2، 6*3) بوو، یارییەكەش زیاتر لەدوو كاتژمێری خایاند، نادال لەماوەی 9 ساڵی رابردوو هەشت جار بۆتە پاڵەوان لەساڵانی 2005 و 2006 و 2007 و 2008 و 2010 و 2011 و 2012 و 2013، نادال لەیاریگاكانی رۆلان گارۆس 60 یاری ئەنجام داوە، لە 59 یاری سەركەوتنی بەدەست هێناوە و تەنها لەیەك یاری دۆڕاوە .
لەیاریی كۆتایی ئافرەتانیشدا، كچەیاریزانی ئەمریكی سیرینا ویلیامز لەتەمەنی 31 ساڵیدا بووە گەورەترین كچەیاریزان ئەم نازناوە بەدەست دەهەێنێت دوای ئەوەی لەیاری كۆتایی لەكچەیاریزانی روسی ماریا شاراپۆڤای بردەوە بەئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر، ئەنجامی كۆمەڵەكان (6*4، 6*4) بوو، سیرینا بۆ جاری دووەمە دەبێتە پاڵەوانی رۆلان گارۆس لە دوای ساڵی 2002 كە بۆجاری یەكەم نازناوەكەی بەدەست هێنابوو.
Top