دوای ئەوەی لە وەرزی ڕابردووی خولی نایابی یانەكانی كوردستان یانەی سلێمانی نەیتوانی ئاستێكی شایستە لە خولەكە پێشكەش بكات و ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنێت، بەم هۆیەشەوە چەندین یاریزانی بەتوانا لە دەوری یانەكە كۆكردۆتەوە بۆئەوەی بتوانێت ئەنجامێكی شایستە لە وەرزی ئایندە بەدەست بهێنێت، لە ئێستاوە دەستی بە هاوردە كردنی یاریزانی بەتوانا كردووە بۆ ریزی یانەكەی تاكو لە وەزری داهاتوودا ناوێكی پرشنگدارو یانەیەكی بەهێز بێت لەخولەكەدا، هەریەك لە یاریزانان(هەرێم بورهان وئامانج عومەر و یەحیا مەحمود) لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و بورهان عەبدولكەریمی لە یانەی مەسافی شاری بەغدای هێناوەتە ریزی یانەكەی بۆئەوەی بەم یاریزانانەو یاریزانی یانەكە ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت، لەم بارەشەوە مەلا جەبار ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یانەی سلێمانی بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: ئەمساڵ دەمانەوێ ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان، چونكە لە خولی عێراق كێشەمان نییە تەنیا لە خولی كوردستانە بۆیە دەمانەوێ ئاستی تیپەكە بە شێوەیەكی گشتی بەرز كەینەوە، لە ئێستاشدا گرێبەستمان لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان هەرێم بورهان وئامانج عومەر و یەحیا مەحمود لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و بورهان عەبدولكەریم كەپێشتر لە یانەكەمان بووە دواتر رووی لە بەغدا كردووە لەخولی بژاردە یاری كردووە،مۆركردووە،ئێمە جگە لەم یاریزانە گرێبەستی تەواوی یاریزانەكانی دیكەی یانەكەمان نوێ كردۆتەوە كە كۆی ژمارەی یاریزانەكانمان زیاتر لە 26ی یاریزانەو بەرزترین گرێبەستیش لە یانەكەمان دەگاتە 24 ملیۆن دینار، تەواوی ئەو پارەی كە بۆ یاریزانەكان دامانناوە وەكو گرێبەست زیاتر لە 420 ملیۆن دینارە، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییەو تیپەكە بە شێوەیەكی باش ئامادە دەكەین و دەبینە ناوێكی گەورە لەخولی نایابی كوردستان، ئەگەر لە خولی عێراقیش ماینەوە ئەوكات قسەی خۆمان دەبێت و پلانی باشمان داناوە.