سۆزی دڵشاد یاریزانی پاسكیل سواریی سلێمانی: گەشبینم بە ئاییندەی وەرزش لە كوردستان

سۆزی دڵشاد یاریزانی پاسكیل سواریی سلێمانی: گەشبینم بە ئاییندەی وەرزش لە كوردستان
شاری سلێمانی خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لە یاریی پاسكیل سواری و یارییە سیانیەكان كە دەتوانن لە پاشەڕۆژی یارییەكە ئەنجامیان بەرچاو بێت، یەكێك لەم یاریزانانەش كچە یاریزانی بەتوانا سۆزی دڵشادە، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1997ی شاری سلێمانییە و ماوەی چەندە ساڵێكە لە ریزی یانەی نەورۆز یاری دەكات و خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و عەرەب ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.
دیمانە: كارزان كانەبی
* چۆن شەیدای وەرزشكردن بوویت؟
- من هەر لە منداڵییەوە حەز و ئارەزووی زۆرم هەبووە بۆیاریی پاسكیل سواری و بەردەوام ئەم وەرزشەم كردووە لە نێو كۆڵانەكان، بۆیە توانیم خۆم لەگەڵ وەرزش ڕابێنم بەتەواوی.
* بۆچی یاریی پاسكیل سواریت هەڵبژارد، كە تۆ یاریی سیانیشت كردووە؟
- پاسكیل سواری خەونی منداڵیم بووە بۆیە زۆر بە ئاسانی و بە هیممەتی خۆم و هەوڵی بەردەوام توانیم ببمە یاریزانی پاسكیل سواری.
* وەرزش كردن چی پێبەخشیویت و چی لێ سەندوویت؟
-وەرزش زۆر شتی پێ بەخشیوم وەكو خۆشەویستی ڕادەبەدەرم لە وەرزش كردن بینیوە، وەكو لێستاندنەوەش هیچ شتێكی لێ نەستاندومەتەوە.
* ئەگەر وەرزشوان نەبوایتە حەزت دەكرد چ كارێكی دیكە ئەنجام بدەیت؟
- ئەگەر من ئێستا وەزرشكار نەبوومایە،حەزم دەكرد كاری ڕاگەیاندن بكەم، بەڵام بەسەركەوتوویی.
* بەوەرزشی ئێستا گەشبینی بۆئایندەی كوردستان؟
-بەڵێ گەشبینم بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی پێ بدەن، لەئێستاشدا گرنگی هەیە بۆوەرزش كردن بە گشتی لەلایەن یانەكان و حكومەتەوەش بۆیە پێویستمان بە پشتگیریی زیاترە.
* كێشەكانی وەرزشی پاسكیل سواری لە چیدا دەبینیت؟
- كێشەی زۆری هەیە یاریی پاسكیل سواری وەكو لە رووی ئابووری لە یانەكانەوە كەمتەرخەمییش دەكرێت، گرنگی دانی زۆر بە پاسكیل سواری یارییەكە بەرەو پێش دەبات.بەڵام وەكو یانەكەی خۆم خزمەتی زۆرمان دەكەن و هەموو پێداویستیەكانی بۆدابین كردوین.
* گەشبینی بە ئاستی وەرزشی پاسكیل سواری كوردستان بەتایبەتی شاری سلێمانی؟
- نەخێر بەهیچ شێوەیەك گەشبین نیم چونكە بەڕاستی ئاستی یارییەكە باشە بەڵام زۆر باشیش نییە بە شێوەیەكی بەرچاو،چونكە یاریزانەكانمان ژمارەیان كەم بۆتەوە، بەڵام لە شاری سلێمانیش لە چاو شارەكانی دیكە ئاستی باشترە و تیپی باشتری هەیە لە دوای ئەویش یانەی نەجەف دێت.
* بەرنامەت چییە بۆ خۆت وەكو یاریزانێك؟
- بەردەوام لە خۆئامادەكردنم بۆ پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو بۆئەوەی بتوانم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم و ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم.
* هیچ یانەیەك داوای لێ نەكردوویت بۆیاری كردن؟
- بەڵێ چەندین یانە هەیە كە داوای ئەوەی لێ كردووم یاریی بۆ بكەم، بەڵام من حەز ناكەم ریزی یانەكە بەجێبهێڵم و لەم یانەیە زۆر شت فێربووم و لەوێ دەستم بە بەدەست هێنانی ئەنجامی باش كرد.
* ئەگەر چەپكە گوڵێكت پێبێت پێشكەشی كێی دەكەیت؟
- پێشكەشی دایك و باوك و خانەوادەكەمی دەكەم، ئەوان هۆكارن بۆئەوەی من بتوانم بەردەوام بم لە وەرزش كردن.
* جگە لە پاسكیل سواری چ وەرزشێكی دیكە ئەنجام دەدەیت؟
- بەڵێ وەرزشی پاسكیل سواری و یاری سیانیشم كردووە كە پێكهاتووە لە یارییەكانی ڕاكردن و مەلەوانی و پاسكیل سواری.
* هیوات چییە لە وەرزش كردن؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە چونكە من دوو یاری ئەنجام دەدەم.لە ئاسیاش ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنم.
* باشترین ئەنجام و دەستكەوتە ورەزشییەكانت چین؟
- چەندین ئەنجامی بەرچاوم بەدەست هێناوە لە هەردوو یاریی پاسكیل سواری و یارییە سیانییەكان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان.
* چۆن لە یەك كاتدا وەرزش و خوێندن ئەنجام دەدەیت؟
- من كاتەكانی خۆم دابەشكردووە، كاتی مەشقەكان و یاری كردنم جیا كردۆتەوە كاتم بۆهەردوو لایەن تەرخان كردوە.
* پەیامی تۆ چییە بۆ ئافرەتانی وەرزشكارو ئەوانەی وەرزش ناكەن؟
- هیوادارم هەموو یانەكان ئەوانەی كە دەیانەوێ وەرزش پێش بخەن یارمەتی یاریزانانی ئافرەت بدەن، ئەوانیش بە زووترین كات پەیوەندی بە وەرزش كردنەوە بكەن، چونكە وەزرش پەیامێكی پاك و هاوڕێیان بە وەرزش لێكتر زیاتر تێ دەگەن.
* لە وەرزش كردن هیوات چییە؟
- هیوام ئەوەیە لە وەرزش كردن زیاتر دەركەوم،خاون ئاستێكی بەرز بم تاوەكو خەڵك و خانەوادەكەم شانازیم پێوە بكەن.
*بۆداهاتووی خۆت حەزت لێیە لە دوای واز هێنانت لە وەرزش كردن روو لە چی بكەی؟
- دوای وازهێنان لە وەرزش كردن لە كۆلیژێكی باش درێژە بەخوێندن بدەم، یان وەكو پارێزەر یان ڕاگەیاندكار خزمەت بە نیشتمانەكەم بكەم.
Top