لە پایتــــەخــت خـولی ناوبژیوانی بەسەركەوتوویی كۆتایی هات

لە پایتــــەخــت خـولی ناوبژیوانی بەسەركەوتوویی كۆتایی هات
بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بەتواناكانی ناوبژیوانانی كوردستان و شارەكانی عێراق، لە شاری هەولێر بۆماوەی پێنج رۆژ خولێكی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و بەڕێوەچوو، لە وانەكانیش رۆژانە وانەبێژانی نێودەوڵەتی لە یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) تازەترین یاساكانی كاری ناوبژیوانیان شیكردەوە بۆ ناوبژیوانان، ئەمەو یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی بە هاوكاریی یەكێتیی تۆپی پێی عێراقی و یەكێتیی تۆپی پێی لقی هەولێر سەرپەرشتی خولەكەیان دەكرد، بۆزیاتر بە ئاشنا بوون بە خولەكانیش و ئاستیان ئەم ڕاپۆرتەمان ئامادەكرد.

ئەرسەلان قادر ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پێشوو و باری جەستەیی بۆهەموو ناوبژیوانانی عێراق لە بارەی خولەكە بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: « ئەمە دووەم خولە بەشداری دەكەین وەكو ناوبژیوان، خولێكی دیكەیش ماوە بەشداربم ئەوكات دەبمە ناوبژیوانی باری جەستەیی هەموو ناوبژیوانەكانی عێراق، ئەم خولەش زیاتر لەسەر شێوازی وەستانی ناوبژیوان بوو لە نێو یاریگا بۆئەوەی بتوانین ئاستیان بەرز كەینەوە،لە بارەی كەمیی رۆژەكانی خولەكەش گوتی ماوەی خولەكە كەمە بە پێنج رۆژ، بەڵام ئێمە لە بەرەو پێشبردنی ئاستی ناوبژیوانانی كوردستان و عێراق بەردەوام دەبین تاكۆتایی بەرنامەكە، ناوبژیوانانی كوردستانیش زۆر مەغدورن لە خولەكان لە چاو ناوبژیوانانی دەرەوەی هەرێمی كە گرنگیان پێ دەدرێ بە هی خۆمان نادرێ،دەمانەوێ زیاتر گرنگی بەتواناكانی ناوبژیوانانی كوردستانیش بدرێ بۆئەوەی بگەنە ئاستی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، خولەكەش زیاتر لەسەر ئەوە بوو كە یاریزان لە ناو یاریگا فێڵ لە ناوبژیوان دەكات، بەهیوای ئەوەشین خولی لەم جۆرە بۆ ناوبژیوانانی هەرێمی كوردستانیش بكرێتەوە.
ناوبژیوانی نێودەوڵەتی عەلی سەباح وتی: (ئەوە پێنجەم جارە لە كوردستان لە هەولێر ئەم پاڵەوانیتییە دەكرێتەوە، سوودی ئەم خولەش ئەوەیە كە بە نوێترین یاساكانی یاری ئاشنا دەبین، نوێترین گۆڕانكاری كەبەسەر تۆپی پێدا دێت بە تایبەتی ناوبژیوانی، ئەم خولە لە خولە هەرە چاكەكان هەژماردەكرێت بۆناوبژیوانان زۆر پێویستە بۆئێمەی ناوبژیوان لە هەموو ئاستەكان نێودەوڵەتی ناوخۆی لەم خولە چی نوێ هەبوو ئێمەیان پێ ئاشنا كرد.ئێمە سوودی لە ئەزموونی ئەوان وەردەگرین.
ئیسماعیل حافی بەرپرسی بەهێزكردنی ناوبژیوانی رۆژئاوای ئاسیا لە نووسینگەی فیفا لە عەمان وتی: (ئەم خولە نێودەوڵەتییە تایبەتە بە ناوبژیوانانی بژاردە لە خولی یەكێتـیی تۆپی پێی عێراق ئەنجامی داوە ئەمە پێنجەمین خولە كە دەكرێتەوە، خولەكە دوو بەش بوو تیۆری و پراكتیكی، لە یاریگا مەشقیان پێ دەدەین بۆڕاهێنانی هێزی جەستەی ناوبژیوانان لە رووی هونەرییەكەش بۆئەوەیە چۆنییەتی وەستانی ناوبژیوان لە نێو یاریگاو جولانەی ناوبژیوانان بزانین، تاقی كردنەوەی یاساكانیش بە ناوبژیوانان دەكرێت، بە ڤیدیۆش لێ دەدرێت لەسەر ئۆفسایدی یاریزان لە نێو یاریگا،خولەكانی شاری هەولێر لە گشت روویەكەوە زۆر رێك و پێكن.
هانی تالب بەلان وانەبێژی ناوبژیوانان لە یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی فیفا وتی: «ئەوە سێیەم جارە كە بەشداردەبم لە شاری هەولێر بۆ خولی ناوبژیوانانی بژاردەكانی عێراق لە هەولێر،ئەم خولە زۆر بابەتی چارەسەری تێدایە بۆكاری ناوبژیوانی رۆژانە كار لەسەر ئەوە دەكەین چۆن ئۆفسایدو كێشەكانی ناو یاریگا روودەدات بەسەریاندا زاڵ بین و جووڵانەوەی ناوبژیوانان لە نێو یاریگا، لە وانەكانمان ئەوە ئاشكرا دەكەین كە چۆن یاریزانان فێڵ لە ناوبژیوانەكان دەكەن ئێمە بۆیان ڕوون دەكەینەوە كارەكانی ئەوانەی ئێمە باسی دەكەین سوودیان زۆرە بۆناوبژیوانان ئێمە بە وردی و بەدرێژیی باسی كاری ناوبژیوانی دەكەین لەسەر جووڵانەوەی یاریزانەكان، ناوبژیوانانی كوردستانم بینیوە كە بەشداری كاریگەر دەكەن لە خولەكاندا،پێشخستنی ناوبژیوان بە گشتی بۆهەموو ناوچەكانی عێراق بۆئەوەی ئاستی و توانای ناوبژیوانان بەرز كەینەوە،ئێمە كارەكانمان لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی عێراقەوە بەردەوامە بۆ خزمەتی گەلی عێراق و تۆپی پێی عێراقین، هیوامان وایە سوود لە خولەكان ببینین.
ئەمیر داود ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بارەی خولەكە وتی: (بەڕاستی خولێكی سەركەوتوو بوو،كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە گرنگی خۆی دەبێ بۆهەموو ناوبژیوانان، وانەبێژەكانی لە ئاست و توانای خولەكە بوون كە وانەكانیان بەهەردوو شێوازی تیۆری و پراكیتكی بۆ ناوبژیوانان شی دەكردەوە، بەهیوای ئەوەین كردنەوەی ئەم خولانە زۆر بێت نەك بۆ چەند رۆژێك بێت).
Top