دەستەی كارگێڕیی یانەی زێرەڤانی بەمەبەستی بەرهەم هێنانی یاریزانان لە ئاستەكانی تەمەن، بۆئەوەی چیتر یانەكەیان پێویستیان بە یاریزانانی بیانی و یانەكانی دیكە نەبێت و لەمەبەدواوە پشت بە یاریزانانی شاری دهۆك ببەستن، گرێبەستیان لەگەڵ دوو ڕاهێنەری بەتوانای وڵاتی ئێران مۆركرد بۆماوەی سێ ساڵ بۆئەوەی لە ماوەیەكدا بتوانن ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا بدەنەیانەكەیان و بناغەیەكی باش بۆبەرهەم هێنانی یاریزانان دروست بكەن لە یانەی زێرەڤانی، لە بارەی مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ ئەم دوو ڕاهێنەرە عەبدولخالق حەسەن سەرۆكی یانەی زێرەڤانی بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: مەبەست لە مۆركردنی ئەم دوو گرێبەستە لەگەڵ ئەم ڕاهێنەرانە بۆئەوەی لە ئاستی تیپەكانی تازە پێگەیشتوان و لاوان بتوانن یاریزانی بە توانامان بۆ درووست بكەن،ئێمەزیاتر گرنگی بە دروست كردنی یاریزانی بەهرەمەند دەدەین،هەریەك لە ڕاهێنەران(شەهرام میهرپەیما و بەهرام میهرپەیما)كە برای یەكترین لە كوردستانی رۆژهەڵاتەوە هاتوون خاوەن ئەزموونی زۆرن لە بواری پێگەیاندنی یاریزانان لە وڵاتی ئێراندا،گرێبەستەكەیان لەگەڵ یانەی زێرەڤانی بۆماوەی سێ ساڵە ئەوان بەڵێنی ئەوەیان داوە لە ماوەی ئەم دووساڵەی داهاتوودا دەتوانن پێنج یاریزانی بەتوانا بۆ یانەكەیان دروست بكەن و ئەگەر یاریزانیشان دروست نەكرد ئەوە ئێمە گرێبەستەكانیان لەگەڵ هەڵدەوەشێنینەوە، لەبارەی بڕی گرێبەست و مووچەكانیان سەرۆكی یانەی زێرەڤانی وتی: تاكوئێستا چونكە هیچ بڕە پارەیەك لە حكومەت وەرناگرین بۆیە هەموو پارەكانمان لەسەر فەرماندەی زێرەڤانییە بۆیە هیچ بڕە گرێبەستێك ئاشكرا ناكەین.هەردوو ڕاهێنەرەكەش ڕاهێنەرایەتیی چەندین یانەی بەناوبانگی وڵاتی ئێرانیان كردووە لە ماوە ی ڕابردوودا، جگە لە ڕاهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی لاوانی ئێران و خاوەنی چەندین بڕوانامەی بواری ڕاهێنانن