بلیارد لە هەولێر زیندوودەكرێتەوە

بلیارد لە هەولێر زیندوودەكرێتەوە
یاریی بلیارد یەكێكە لە یارییە جیهانیەكان بە تایبەتی لە ئۆلۆمپیادی جیهانی گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت،هیچی كەمتر نییە لە یاریی تۆپی پێ و گشت یارییەكانی دیكە،مێژووی یاری بلیاردیش لە شاری هەولێر و شارەكانی دیكە بۆساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لە ئێستاشدا هەوادارانی رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندان لەسەرجەم شارەكانی كوردستان وعێراقدا، لەم ناوەشدا یەكێتیی بلیاردی لقی هەولێر لەگەڵ كردنەوەی بەردەوامی خولەكانی بلیارد هەوڵدەدەن بناغەیەكی باش دروست بكەن بۆشاری هەولێر جیا لە گشت شارەكانی دیكە، جگە لەم گرنگیدانەش كێشەی نەبوونی هۆڵ بەرۆكی یەكێتییەكە و یاریزانانی گرتووە بۆیە دەیانەوێ لە رێگای یارییەكەوە بلیارد لە پایتەخت زیندوو بێتەوە، بەپێچەوانەوەش هەوادارێكی زۆریش بۆیاری كردن وئەنجامی باش خولیای ئەم یارییە بوون ئێمەش لە نزیكەوە ئەم ڕاپۆرتەمان ئەنجامداوە.
ڕاپۆرتی: كارزان كانەبی

جەوهەرپیرە سكرتێری یەكێتیی بلیاردی لقی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی» لە ئێستادا ئاستی یاریی بلیارد زۆر باشە، چونكە لە ساڵانی زووەوە هەولێر پێشەنگ بووە دەستی پێكردووە لەسەرەتای ساڵانی حەفتاكان لە قاوەخانەی عەبۆ، كە ئەوكات یاریزانەكان لەوێ كۆدەبوونەوە وەكو یاریزانان وەستا رەحمان و یونس شەمۆ وگەلێك یاریزانی بەتوانای دیكەیش هەبوو،گوتیشی ئێمە بەردەوام گرنگی بە ئاستی ئەم یارییە دەدەین و ساڵانەش دوو پاڵەوانێتی ئەنجام دەدەین بۆ یانەكانی شاری هەولێر لە ئاستە جیاوازەكاندا، هەر یەكەیان بە جیا،لە هەولێر رێژەیەكی زۆر لە هەوادارانی ئەم یارییە هەن و خولیای زۆریان هەیە بۆ ئەم وەرزشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵێكی داخراومان نییە تایبەت بەخۆمان بێت بۆئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنانەكانمان، یاریزانەكانمان بە زۆری لە هۆڵی گەڕەكەكان یاری دەكەن، ئەویش لە گیرفانی خۆیان بە پارە كە لەسەر یاریزان زۆر ڕاوەدەستێت، داواكاری زۆرمان كردووە بۆدروست كردنی هۆڵێك شوێن نییە، پێشتر هۆڵیان بۆمان دابین كرد بەس زۆر دوور بوو، لە ئێستادا تەنیا تۆپی پی گرنگی پێ دەدرێت كەی ئێمە پاڵەوانێتییەكە دەكەینەوە، ئەگەر بمانەوێت ئاستی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش ببەین دەبێ بودجەیەكی باشترمان بۆدابین بكەن و گرنگی زیاترمان پێ بدرێت ئێمەش گرنگی زیاتر بەم یارییە بدەین، ئێمە هەموو هەوڵێكمان ئەوەیە كە یاریی بلیارد لە شاری هەولێر زیندوو بكەینەوە، ئێمە بۆهەموو پاڵەوانێتییەك هۆڵ بە كرێ دەگرین، خەڵكی زۆریش هەیە لە هەولێر حەز دەكات وەرزشی بلیارد بكات كەچی هۆڵ نییە و زۆربەی یانەكان لە دەرەوە هۆڵی تایبەت بەخۆیان هەیە بەڵام ئێمە لە پایتەخت نیمانە.
محەمەد نزار یاریزانی بلیاردی یانەی ئارارات لە بارەی یاری بلیارد ئەویش پێی وابوو ئاستی یاریی بلیارد بە بەروارد لەگەڵ دەرەوەدا گرنگییەكی ئەوتۆی پێ نادرێت، لە ئێستادا مووچەیەكی زۆر كەم دابین كراوە بۆ یاریزانان كە دەگاتە سەد هەزار ئەوەش یەكجار كەمە، تەنیا نرخی یەك دار 6سەد دۆلارە و یاریزانانی شاری بەغدازۆر گرنگیان پێ دەدرێت، ئێمە ساڵانە چوار پاڵەوانییەتیمان بۆدەكرێتەوە ئەویش كەمە، ئەگەر بمانەوێ گرنگی زیاتر بێت و یاریزان زیاتر دروست بن پێویستمان بەكردنەوەی بەردەوامی پاڵەوانێتی هەیە، پێم باشە پاڵەوانییەتی بەردەوام بكرێتەوە و بۆئەوەی یاریزانەكان زیاتر گرنگی بەتوانای خۆی بدەن، ئێمە هیچ هۆڵێكمان نییە بۆ مەشق كردنمان ئەوەش كێشەیە كە ناتوانین زۆر گرنگی بەخۆمان بدەین و خۆشمان پێش بخەین.
بەهجەت ئیسماعیل ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی یاری بلیارد گوتی « لە ئێستادا ئاستی وەرزشی یاریی بلیارد لە چاو ساڵانی پێشوو زۆر بەرزترە و باشتریشی دەبینم، یەكێتیی بلیارد تازە دروست كراوەتەوە و گرنگیی باش بە یارییەكە دەدات، ئەگەر بمانەوێ ئاستی ئەم یارییە زۆر باش بێت لە پایتەخت پێویستمان بە كردنەوەی هۆڵێكی تایبەتە لەم یارییە لەگەڵ ئەوەی هاوكاری باشی دەوێ بە دابین كردنی مێز و پێداویستیەكانی بلیارد، كێشەكانی ئەم یارییەش تەنیا ئیهمالی یەكێتییەكە وەكو یەكێتیەكانی دیكە نییە ئەویش بۆلێژنەی ئۆڵۆمپی دەگەڕێتەوە، یاریزانی زۆر بەتواناش هەیە لە شاری هەولێر هەموویان لە ئاستی هەڵبژاردەی عێراقن و ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم یارییە زیندوو بكەینەوە بە هاوكاریی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان.
سەعدی قادر ئەمنیداری گشتیی یەكێتیی بلیاردی هەولێرلەم بارەیەوە بە گۆڤاری گوڵانی گوت» ئاستی ئەم یارییە تاكو ئێستا باش نەبووە، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە ئێمە گرنگی زیاتریان پێ دەدەین و بەردەوام خولیان بۆدەكەینەوە كۆمەڵێك گەنجی بەتوانا هاتۆتە پێشەوە كە هەموومان دروست كردوون، گوتیشی: كردنەوەی دوو پاڵەوانێتی لە ساڵێكدا بۆ یاریزانان زۆر كەمە هۆكاریشی بۆ كەمیی بودجەكە دەگەڕێتەوە كەناتوانین خولی بەردەوام بكەینەوە،كێشەی سەرەكیی ئێمەش نەبوونی هۆڵێكی تایبەتە بەخۆمان بۆ ئەوەی بتوانین مەشق و پاڵەوانییەتییەكان لەم شوێنەدا ئەنجام بدەین و یاریزان هەیە باری دارایی باش نییە ناتوانێ هەموو رۆژێك بە پارە یاری بكات، ئەگەربمانەوێ ئەو یارییە پێش بكەوێت دەبێ هۆڵێكمان بۆدابین بكەن لەگەڵ دابین كردنی كەل و پەلی پێویست بە یاری بلیارد.
Top