پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەب لەهەولێر دەبێت
شاندێكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عەرەب بەمەبەستی پشكنین سەردانی شاری هەولێر دەكەن و بەڵێنی سەرەتاییش دەدەن كەپاڵەوانێتی ئەمساڵی وڵاتانی عەرەب لەو شارە بەڕێوەبچێت ، سەرۆكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عێراقیش رایدەگەیەنێت هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوەو ئامانجیان میوانداریكردنی پاڵەوانێتیەكەیە.
بەسەرۆكایەتی داود هاجەری سەرۆكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی ئیمارات و ئەندامێتی محەمەد مەعتوق سەرۆكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی كوەیت و محەمەد عەبدوڵا ئەمینداری دارایی یەكێتی تۆپی سەرمێزی قەتەر ، شاندێكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عەرەب سەردانی شاری هەولێری كردو بەدەم ئەوداوایەوە هاتن كەتێیدا یەكێتی تۆپی سەرمێز عێراق داوای كردبوو پاڵەوانێتی ئەمساڵی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەب لەشاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
لەلێدوانێكییدا هەردە رەوف بارام سەرۆكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عێراق راگەیاند بەڵێنی هاوكاری و ئاسانكاری تەواویان بەلیژنەكەی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عەرەب داوەو ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم داواكاریەكانی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عەرەب دەربڕیوە.
سەرۆكی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عێراق وتیشی دوای بەسەركردنەوەی هۆڵەكان و هۆتێلەكان و هۆكارەكانی گواستنەوە ، ئەندامانی شاندەكە بەڵێنیان پێداون پاڵەوانێتی ئەمساڵ لەشاری هەولێر بەڕێوەبچێت و لەكۆبونەوەی داهاتووی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عەرەبیشدا ئەو بڕیارە بەرەسمی جێگیر دەكرێت.
بەپێی زانیاریەكان دوای گەڕانەوەیان شاندەكە راپۆرتی خۆیان پێشكەشی یەكێتی تۆپی سەرمێزی عەرەب دەكەن و لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە بڕیار لەسەر بەڕێوەچون یاخود نەچونی پاڵەوانێتیەكە لەشاری هەولێر دەدرێت.
