زریان عەتار یاریزانی پاسكیل سواری هەڵبژاردەی عێراق: تاكە كچم لەسەر ئاستی عێراق میدالیای زێڕم بەدەستهێناوە
شاری سلێمانی لە ئێستادا گەشە كردنێكی باشی لە رووی وەرزشكردنەوە بەخۆیەوە بینیوە،لەیاریی پاسكیل سواریشدا خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە چاوەڕوانی پاشەڕۆژێكی باشیان لێ دەكرێت،لەم ناوەشدا دیمانەیەكمان لەگەڵ یاریزان و پاڵەوانی عەرەب زریان عەتار كچە یاریزانی یانەی وەرزشی دوكان ئەنجامداو لە نزیكەوە چەندین پرسیاری تایبەتمان ئاراستە كرد.
* ئەگەر خۆت بە خوێنەران بناسێنیت؟
- زریان عەتار قادر لە دایكبووی ساڵی 1994ی شاری سلێمانیم.
* بۆچی بواری پاسكیل سواریت هەڵبژارد؟
-چونكە وزەو تواناو بەهرەی خۆمم لەو یارییەدا دۆزیوەتەوە.
* هەست ناكەیت ئەم وەرزشە ماندوو بوونی زۆری تێدایە و كێشەی بەربوونەوە و زیان گەیاندن بە لەشی هەیە كە زۆر جار روو بەڕووتان دەبێتەوە؟
-بێ گومان ماندووبوونی تێدایە و سەخترین یارییە، چونكە یاریزان رووبەڕووی رووداوی زۆر دەبێتەوە چونكە لەسەر شەقامەكان ڕاهێنان و مەشقەكانمان ئەنجام دەدەین،بەتایبەتی لەسەر شەقامی سەرەكیی نێوان سلێمانی - دوكان، خۆشم لە كاتی ڕاهێنانەكاندا لەسەر رێگای دوكان ئۆتۆمبیل لێی داوم و بۆماوەیەك لە یاری دابڕام، بەڵام حەز وخۆشەویستیم بۆیارییەكەم زۆر بوو دوای چاك بوونەوە دەستم بە مەشق كردن كردەوە.
* ماوەیەكی زۆر لە یانەی نەورۆز بووی بۆچی ئەم یانەیەت بەجێهێشت، ئەگەر كێشەكان بەتەواوی روون بكەیتەوە؟
- ماوەی 3ساڵ یاریم بۆیانەی نەورۆز كردلە ساڵی 2010-بۆساڵی 2012 گرێبەستم مۆركردبوو، بەڵام دوای كۆتایی هاتنی ساڵی 2012 پێم ڕاگەیەنرا كە گرێبەستەكەم تاساڵی 2014یە، بۆیە ئەو هەواڵە زۆر توڕەی كردم لە هەمان كاتیشدا لەگەڵ ڕاهێنەرەكەم كێشەم هەبوو، بۆیە بڕیارم دا لەم یانەیە بچمە دەرەوە.
* ئێستا لە یانەی دوكانیت گرفتت بۆدروست نابێت لە رووی وەرزش كردنەوە بە تایبەتی كە تۆ لە سلێمانی داەنیشیت ؟
- ئێستا لە یانەی دوكان زۆر دڵخۆشم و هیچ كێشەیەكم بۆدروست نەبووە، چونكە مەشق كردنی من هەر لەسەر رێگای سلێمانی - دوكان بووە، ڕاهێنەرەكەشم كاك خەسرۆ هیچ كات نەیهێشتووە كێشەم بۆدروست بێت.
* وەرزش كردن چی پێ بەخشیویت و چی لێ سەندویتەوە؟
- لەرێگای وەرزشەكەمەوە چەند كەسێكی بەڕێز و خۆشەویستم ناسیوە و بە پێچەوانەشەوە وەرزشەكەم وای لێ كردوم كە هەست بە بوونی خۆم بكەم و هێز و تواناكانی خۆم ببینم و بزانم.
* ئەگەر چەپكە گوڵێكت پێ بێت پێشكەشی كێی دەكەیت؟
-كەسانی خۆشەویستم زۆرن گوڵیان پێشكەش بكەم، پێشكەشی دایكم و باوكمی دەكەم چونكە زۆر یارمەتیدەرم بوون، دواتریش ڕاهێنەرەكەم كاك خەسرۆ و كاك سەلامی خۆشەویست،وەكو وەفایەك بۆكاك سیروانی ڕاهێنەری پێشووم چونكە ئەو منی گەیاندە ئەو ئاستەی ئێستام.
* چ شتێك زۆر بێزارت دەكات لە ژیانی وەرزشیت؟
- پێش هەموو شتێك تێكەڵ كردنی حزبایەتی بە وەرزشەوە پاشان ئەو كەسانەی وەرزش دەكەن و روحی وەرزشیان تێدانییە.
* ئەگەر یانەیەكی شاری هەولێر داوات لێ بكات بۆوەرزش كردن ئامادەیت بێتە ئەو شارە؟
- من بڕیارم داوە هەر لە یانەی دوكان بمێنمەوە، بەڵام لە كاتێكدا كە یانەی دوكان تێك بچێت بە شانازیەوە ئامادەم یاری بۆ یانەیەكی شاری هەولێربكەم، چونكە ئەوانیش كەسانی بەڕێزی وەرزشیی زۆریان تێدایە.
* باشترین دەستكەوتەكانت وەكو یاریزان؟
-جگە لەوەی كە چەند ساڵێك لە هەموو قۆناغەكان یەكەمی عێراق بووم خاوەنی چەندین مەدالیام لەسەر ئاستی عەرەب، ساڵی 2011 بوومە خاوەنی مەدالیای برۆنز لەسەر ئاستی عەرەب، لە ساڵی 2012 بوومەخاوەنی دوومەدالیای زیو لە هەمان پاڵەوانییەتی، لە ساڵی 2013 لە وڵاتی ئیمارات لە پاڵەوانێتیی عەرەبیدا مەدالیای زیوم بەدەست هێنا،وەكو تاكە كچ لە هەڵبژاردەی عێراق بوومە خاوەنی مەدالیای زێڕیش پلەی یەكەمم لەسەر ئاستی عەرەبیش بەدەستهێنا.
* لە ژیانی وەرزشیتدا بەهیوای چیت ؟
- بەهیوام بتوانم لە پاڵەوانێتیی ئاسیا ببمە خاوەنی مەدالیا وهەوڵیش بۆ ئەوە دەدەم.
* چی بەوكچانە دەڵێیت كە هاوتەمەنی تۆن و لە وەرزش دابڕاون؟
-بەردەوام بن و كۆڵ نەدەن تاكو بتوانن لە وڵاتانی دیكەدا رۆڵی وڵاتەكەی خۆیان ببینن و ببنە جێی شانازی.هیوادارم بتوانن لە هەر یارییەك توانای وەرزشیی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە.
* جگە لە پاسكیل چی یارییەكی دیكەت كردووە؟
- یاری باسكە و بالەشم كردووە بەڵام تەنیا لە قوتابخانەكان كردوومە لە هیچ یانەیەك یاری دیكەم نەكردووە .
* بەهیوای تا چەند ساڵی دی لە جیهانی وەرزش بەردەوام بیت؟
- من كاتم بۆ وازهێنان دانەناوەو ئەگەر وازیش لە یاری بهێنم هەر لەو بوارەدا وەكو ڕاهێنەر یان سەرپەرشتیار لە وەرزش دەمێنمەوە.
* حەزدەكەیت لە داهاتوودا قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەیتەوە لە شارەكەتان؟
- بەڵێ، بابەتێكی لەم جۆرە لە بەرنامەی ژیانمدایە، بەڵام دوای چەند ساڵێكی دیكە ئەنجامی دەدەم.
*لە قۆناغی ئێستادا ئاستی پاسكیلسواری لە كوێدایە؟
- ئێستا لە ئاستێكی زۆر باشدام چونكە هەر لە سەرەتای ساڵی 2013 وەكو تاكە یاریزان بوومە خاوەنی مەدالیای زێڕو یەكەمی وڵاتانی عارەبی بووم، ئاستی ئەم یارییەش پێش بینی دەكەم زۆر بەرز بێتەوە .
* دوا پەیڤت بۆ گۆڤاری گوڵان؟
-هیوام سەركەوتنتانە بۆزیاتر خزمەت كردنی بواری وەرزشی ئافرەتان و گرنگیدان بە وەرزشە جۆراوجۆرەكان لە شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.
