لە ساڵیادی 115 ساڵی رۆژنامەگەری كوردیدا فایلی وەرزشی گۆڤاری گوڵان خەڵاتكرا.
هەفتەی رابردوو لە پەراویزی ساڵیادی 115 ساڵی دامەرزاندنی رۆژنامەگەری كوردیدا، لێژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان بە هاوكاری كۆمپانیای كۆرك تیلیكۆم لە هۆڵی رووناكی مەراسیمی رێزلێنانیان لە پۆلێك لە رۆژنامەنووسانی وەرزشی كوردستان گرت، كە لە نێوانیاندا سێ رۆژنامەنووسی فایلی وەرزشی گۆڤاری گوڵان بوو.
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا، كە هەریەكە لە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و د.شاكر ئەحمەد سمۆ بەڕێوەبەری گشتی بەرێوەبەرایەتی وەرزش و سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێ كوردستان ئامادەبوون، پێشانگایەكی فۆتۆگرافەری بۆ رۆژنامەنووس زیاد هورمزیاری بەڕێوەچوو، كە تیاییدا كۆمەڵێك لە وێنەی ئەرشیفی بواری وەرزشی لەخۆ گرتبوو، دواتر مەراسیمی رێزلێنانەكە بەڕێوەچوو، كە تیاییدا هەریەكە لە ئەحمەد عەزیز بەرپرسی فایلی وەرزشی گۆڤاری گوڵان و رێبین رەمزی و كارزان كانەبی پەیامنێرانی گۆڤارەكە خەڵاتكران.
هەر لەم مەراسیمەدا رۆژنامەنووس زیاد هورمزیاری كتێبێكی تایبەت بە وەرزشوانە دێرینەكانی هەولێر پێشكەش بە ئامادەبووان كرد، كە ئەم كتێبە بە كورتی باسی ژیانی وەرزشی یاریزانانەكانی شاری هەولێر دەكات و لەگەڵ چەند زانیارییەكی تایبەت لەسەر یاریگەی هەولێر و تیپە میللیەكان و چەند تەورێكی تر لەخۆ گرتووە.
