چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ

چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ
چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ
بایرەن میونیخ بەرامبەر بەرشلۆنە .. بروسیادۆرتمۆند و ریال مەدرید
رۆژانی سێشەممە 23/4/2013و چوارشەممە 24/3/2013 یارییەكانی چوونی قۆناغی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت ، بۆ یەكەمجار لەم قۆناغەدا دوو یانەی ئەڵمانی بەرامبەر دوو یانەی ئیسپانی یاری دەكەن ، هەردوو یانە زەبەلاحەكەی ئەڵمانیا بایرەن میونیخ و بروسیا دۆرتمۆند میوانداری هەردوو یانە زەبەلاحەكەی ئیسپانیا بەرشلۆنە و ریال مەدرید دەكەن .
بایرەن میونیخ * بەرشلۆنە
كاتژمێر 9.45ی سبەی شەو سێشەممە 23/4/2013 بە كاتی هەولێر ، لە یاریگای ئەلیانز ئەرینا لەشاری میونیخ ، یانەی بایرەن میونیخ رووبەڕووی یانەی بەرشلۆنە دەبێتەوە ، لەم یارییەدا هەردوو یانە هەوڵ دەدەن باشترین ئەنجام تۆمار بكەن ، بایرەن میونیخ دوای ئەوەی نازناوی بۆندسلیگای بەدەست هێنا ، چاوی لە جامی چامپیۆنزلیگە ئەو ئامانجەش تەنها بە دوورخستنەوەی بەرشلۆنە دەبێت ، یانەكەی هەرێمی باڤاریا بەباشترین كاتی خۆی تێدەپەڕێت و بەبۆچوونی چاودێرانەوە پاڵێوراوی یەكەمە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە ، یانەی بایرەن پێكهاتەیەكی نمونەیی هەیە وخاوەن كۆمەڵێك یاریزانی لێهاتووە لە هەموو هێلەكان وەك مانویل نۆیەری گۆڵچی و فیلیب لام و ئالابا و دانتی لە هێلی بەرگری شڤانشتایگەر و ریبێری و رۆبن و مۆلەر لە هێلی ناوەراست و ماندزۆكیچ و ماریۆ گۆمێز لە هێلی هێرشبەر ، لەگەڵ راهێنەرێكی بە ئەزموونی وەك یۆب هاینكس كە دوا وەرزیەتی لەم یانەیە و بە هەموو توانای دەیەوێت سەرجەم نازناوەكان بەدەست بهێنێت ، بەڵام لەم یارییەدا هەریەك لە یاریزانان ماندزۆكیچ بە هۆی كارتەوە و تۆنی كرۆس و بادشتۆپەر بە هۆی پێكانەوە یاری ناكەن ، لە بەرامبەردا یانەی بەرشلۆنە یەكێكە لە بەهێزترین یانەكانی ئەوروپا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا و بە شێوازێكی ئاشكرا یاری دەكات كە بەشێوازی (تیكی تاكا) ناسراوە ، ئەو پێكهاتەیەی ئێستای یانەكەی هەرێمی كەتالۆنیا ماوەیەكە لەگەڵ یەك یاری دەكەن و هەماهەنگی تەواویان لە نێواندا هەیە ، بە بوونی ڤالدێزی گۆڵچی و پیكێ و دانیال ئالڤێس و خۆردی ئالبا لە هێلی بەرگری و زاڤی هێرناندیز و ئەنێستا و بۆسكێتس لە هێلی ناوەراست و ڤیا و پیدرۆ و میسی لە هێلی هێرشبەر یانەی بەرشلۆنە دەتوانێت بەربەستی هەر یانەیەك ببڕێت ئەگەر لە رۆژی خۆیان دابن ، لەم یارییەدا هەریەك لە یاریزانان ئەدریانۆ بە هۆی كارتی زەردەوە و پیۆل و ماسكیرانۆ بە هۆی پێككانەوە بەشداری ناكەن ، هاندەرانی بلوگرانا بە هیوای ئەوەن كە لیۆنێل میسی لەم یارییەدا لەوپەڕی توانی خۆی دابێت دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو تووشی پێكان هاتبوو .
خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو یانە راهێنەر جۆسیب گواردیۆلایە كە ماوەی چوار ساڵ راهێنەری یانەی بەرشلۆنە بووە و لەوەرزی داهاتووەوە بۆماوەی سێ ساڵ دەبێتە راهێنەری یانەی بایرەن میونیخ ، راهێنەر یۆب هاینكس ولێپرسراوانی یانەی بایرەن ئەوەیان رەتكردەوە هیچ جۆرە زانیاری و ئامۆژگارییەك لە راهێنەر گواردیۆلا وەربگرن بۆ راگرتنی شێوازی یاریكردنی یانەی بەرشلۆنە و یاریزانەكانی .
لە مێژووی سەرجەم خولەكانی ئەوروپا هەردوو یانە لە شەش یاری لەگەڵ یەك یارییان كردووە ، چوار یاری لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و دوو یاریش لە جامی جامەكانی ئەوروپا :
* لە 2/4/1996 لە یاری چوونی قۆناغی پێش كۆتایی جامی جامەكانی ئەوروپا لە شاری میونیخ بەیەك گەیشتن و هەردوو یانە بە ئەنجامی دوو گۆڵ یەكسانبوون ، گۆڵەكانی میونیخ یاریزانان (ویتزك و محەمەد شۆل) تۆماریان كرد و گۆڵەكانی بەرشلۆنە یاریزانان (ئۆسكار گارسیا و جۆرج هاجی) تۆماریان كرد .
* لە 16/4/1996 لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی جامی جامەكانی ئەوروپا لە شاری بەرشلۆنە بەیەك گەیشتن و یانەی بایرەن میونیخ بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك یارییەكەی بردەوە ، گۆڵەكانی میونیخ یاریزانان (بابل و ویتزك) تۆماریان كرد و گۆڵی بەرشلۆنە یاریزان (دیلا پینیا) تۆماری كرد ، بە ئەنجامی هەردوو یاری یانەی بایرەن گەیشتە یاریی كۆتایی .
* لە 21/10/1998 لە یارییەكانی قۆناغی گروپەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە شاری میونیخ بەیەك گەیشتن ، یانەی بایرەن میونیخ بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر سەركەوتنی بەدەست هێنا ، گۆڵەكەش یاریزان ستیڤان ئیفینبێرگ تۆماری كرد .
* لە 4/11/1998 لە یارییەكانی قۆناغی گروپەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە شاری بەرشلۆنە بەیەك گەیشتن ، یانەی بایرەن میونیخ بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتنی دووبارە كردەوە ، گۆڵەكانی میونیخ یاریزانان (زیكلەر و سالحئەمیدزیج) تۆماریان كرد و گۆڵی بەرشلۆنە یاریزان (جیۆڤانی) تۆماری كرد.
* لە 8/4/2009 لە یارییەكانی چوونی قۆناغی هەشتەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە شاری بەرشلۆنە بەیەك گەیشتن ، یانەی بەرشلۆنە بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ بەرامبەر سەركەوتنی بەدەست هێنا ، گۆڵەكانی بەرشلۆنە یاریزانان (میسی دووگۆڵ و ئیتۆ و تیری هینری) تۆماریان كرد.
* لە 14/4/2008 لە یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی هەشتەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە شاری میونیخ بەیەك گەیشتن ، هەردوو یانە بە گۆڵێك یەكسنبوون، گۆڵی میونیخ یاریزان (ریبێری) تۆماری كرد و گۆڵی بەرشلۆنە یاریزان (سیدۆ كیتا) تۆماری كرد ، بە ئەنجامی هەردوو یاری یانەی بەرشلۆنە گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی .
لە شەش یاریی ئەوروپیدا یانەی بایرەن میونیخ سێ سەركەوتنی تۆماركردووە بەرامبەر یەك سەركەوتن بۆ یانەی بەرشلۆنە و لە دوو یارییدا بەرامبەر بوون ، بایرەن میونیخ 8 گۆڵی تۆمار كردووە و بەرشلۆنەش 8 گۆڵی تۆمار كردووە .
بروسیا دۆرتمۆند * ریال مەدرید
كاتژمێر 9.45ی شەو چوارشەممە 23/4/2013 بە كاتی هەولێر ، لە سیگنال ئەدۆنا پارك لەشاری دۆرتمۆند ، یانەی بروسیا دۆرتمۆند میوانداری یانەی ریال مەدرید دەكات ، ئەم یارییە دووبارە كردنەوەی یاری نێوان هەردوو یانەیە لەقۆناغی گروپەكانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگە، بەڵام بێگومان بە هیچ شێوەیەك هاوشێوەی دوو یارییەكەی پێشوو نابێت چونكە بارودۆخی هەردوو یانە ئێستا جیاوازە و قۆناغەكەش زۆر هەستیارە لەبەرئەوەی ئەم قۆناغە ئەگەری قەرەبۆكردنەوەی تێدا نییە ، یان براوە دەبیت و دەگەیتە قۆناغی پێش كۆتایی ، یانیش دۆڕاو دەبیت و بەدەست بەتاڵی لە خولەكە دەردەچیت ، یانەی بروسیا دۆرتمۆند لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات و تیپەكە سوودی لە بەشداریكردنی وەرزی رابردوو وەرگرت و ئەزموونی یاریزانەكانی دەوڵەمەندتر بوو ، یانەی دۆرتمۆند تەنها ئەم نازناوەی لە پێشە شەڕی لەسەر بكات بۆیە راهێنەر یۆرگن كلۆب و یاریزانەكانی توانەكانیان بۆ ئەم دوو یارییە تەرخانكردووە ، یانەی دۆرتمۆند خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی لێهاتووە وەك ڤاندەرفولەری گۆڵچی و ماتس هوملیس و سانتانا و شمیلزەر و پسیزیزك لە هێلی بەرگری و مایۆ گۆتزە و ماركۆ ریۆس و گۆندۆكان و كوبا لە هێلی ناوەراست و رۆبەرت لیڤاندۆڤسكی لە هێلی هێرشبەر كە دەتوانن سەر ئێشە بۆ هەر تیپێك دروست بكەن و دەتوانن جامەكە بەدەست بهێنن ، لەم یارییەدا هەموو یاریزانانی دۆرتمۆند دەتوانن یاری بكەن.
لە بەرامبەردا یانەی ریال مەدرید لەسەرەتای ئەم وەرزەوە نازناوی چانپیۆنزلیگی كردۆتە ئامانجی یەكەم و تا رادەیەك خولی لالیگای كردە قوربانی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە ، راهێنەر جۆزێ مۆرینهۆ خەون بەوە دەبینێت ببێتە یەكەم راهێنەر لە مێژوو لەگەڵ سێ یانەی جیاواز جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرز بكاتەوە ، ئاستی یانەی شاهانە لە سەرەتادا باش نەبوو ، بەڵام ئێستا ئاستی زۆر باشتر بووە ، یانەی ریال مەدرید لە رێگای كۆمەڵێك ئەستێرە هەوڵدەدات نازناوی دەیەم بەدەست بهێنێت ، لە دوای پێكانی كاسیاس ، دییگۆ لۆپیز ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات ، یاریزانان رامۆس و پیپی و ڤاران و كوێنتراو هێلێكی بەرگری تۆكمە پێكدەهێنن ، زاڤی ئەلۆنزۆ و مەسعود ئۆزیل و سامی خزیرە و دیماریا لە هێلی ناوەراست و كریستیانۆ رۆنالدۆ وەك گۆڵكەرێكی بەتوانا باشترین پێكهاتەن كە دەتوانن شكست بەهەر تیپێك بهێنن و جامەكە بەرزبكەنەوە ، لەم یارییەدا یاریزان ئەربیلوا بەهۆی وەرگرتنی كارتی سوور یاری ناكات.
لە مێژووی سەرجەم خولەكانی ئەوروپا هەردوو یانە لە شەش یاری لەگەڵ یەك یارییان كردووە ، كە هەر شەشیان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بووە :
* لە 1/4/1998 لە یاری چوونی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ هەردوو یانە لەشاری مەدرید بەیەك گەیشتن و یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر سەركەوتنی بەدەست هێنا ، گۆڵەكانیش یاریزانان (مۆریانتس و كاریمبۆ) تۆماریان كرد .
* لە 15/4/1998 لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ هەردوو یانە لەشاری دۆرتمۆند بەیەك گەیشتن و هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەكسانبوون ، بە ئەنجامی هەردوو یاری یانەی ریال مەدرید گەیشتە یاری كۆتایی و لەم وەرزە نازناوەكەی بەدەست هێنا .
* لە 19/2/2003 لە یارییەكانی قۆناغی گروپەكانی چامپیۆنزلیگ هەردوو یانە لەشاری مەدرید بەیەك گەیشتن و یانەی ریال مەدرید بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتنی بەدەست هێنا ، گۆڵەكانی ریال مەدرید یاریزانان (رائول گۆنزالیس و رۆنالدۆ) تۆماریان كرد و گۆڵی بروسیا دۆرتمۆند یاریزان (یان كۆلەر) تۆماری كرد .
* لە 25/2/2003 لە یارییەكانی قۆناغی گروپەكانی چامپیۆنزلیگ هەردوو یانە لەشاری دۆرتمۆند بەیەك گەیشتن و هەردوو یانە بە گۆڵێك یەكسان بوون ، گۆڵی بروسیا دۆرتمۆند یاریزان (یان كۆلەر) تۆماری كرد و گۆڵی ریال مەدرید یاریزان (پۆرتیلۆ) تۆماری كرد .
* لە 24/10/2012 لە یارییەكانی قۆناغی گروپەكانی چامپیۆنزلیگ هەردوو یانە لەشاری دۆرتمۆند بەیەك گەیشتن و یانەی بروسیا دۆرتمۆند بە دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆلێك سەركەوتنی بەدەست هێنا ، گۆڵەكانی بروسیا دۆرتمۆند یاریزانان (لیڤاندۆڤسكی و شمیلزەر) تۆماریان كرد و گۆڵی ریال مەدرید یاریزان (كریستیانۆ رۆنالدۆ) تۆماری كرد .
* لە 6/11/2012 لە یارییەكانی قۆناغی گروپەكانی چامپیۆنزلیگ هەردوو یانە لەشاری مەدرید بەیەك گەیشتن و هەردوو یانە بە دوو گۆڵ یەكسان بوون ، گۆڵەكانی ریال مەدرید یاریزانان (پیپی و ئۆزیل) تۆماریان كرد و گۆڵەكانی بروسیا دۆرتمۆند یاریزانان (گۆتزە و ریۆس) تۆماری كرد .
لە شەش یاری ئەوروپیدا یانەی ریال مەدرید دوو سەركەوتنی تۆماركردووە بەرامبەر یەك سەركەوتن بۆ یانەی بروسیا دۆرتمۆند و لە سێ یارییدا بەرامبەر بوون ، ریال مەدرید 8 گۆڵی تۆمار كردووە و بروسیا دۆرتمۆندیش 6 گۆڵی تۆمار كردووە .
چەند ئامارێك دەربارەی هەرچوار یانە
هەرچوار یانەی قۆناغی پێش كۆتایی باشترین ئاستی هونەرییان پێشكەش كردووە و ئەمەش بەشێكە لە ئامارەكانی هەرچوار یانە لە وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا :
* یانەی بایرەن میونیخ : تا ئێستا 10 یاری ئەنجام داوە ، لە حەوت یاریدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە و لە یەك یاری بەرامبەر بووە و لە دوو یاری دۆڕاوە ، 22 گۆڵی تۆماركردووە و 10 گۆڵی لێكراوە ، گۆڵكەری یانە تۆماس مۆلەرە بە تۆماركردنی 5 گۆڵ ، یانەی بایرەن میونیخ لە سەرجەم یارییەكاندا 90 جار هەوڵی گۆڵ تۆماركردنی داوە كە 77 هەوڵ بۆ ناو گۆڵ بووە ، 89 لێدانی گۆشە (كۆرنەر)ی وەرگرتووە ، یاریزانەكانی 20 جار كەوتونەتە تۆڕی ئۆفسایدەوە ، 137 فاولیان ئەنجامداوە و 151 فاولیان وەرگرتووە ، 24 كارتی زەرد و یەك كارتی سووریان وەرگرتووە ، یاریزانانی بایرەن لە سەرجەم یارییەكاندا 6024 پاسیان داوە كە 4606 پاسی تەواو بووە ، یانەی بایرەن میونیخ چوار جار جامی چامپیۆنزلیگی بەدەست هێناوە لە ساڵانی 1974 و 1975 و 1976 و 2001 .
* یانەی بەرشلۆنە : تا ئێستا 10 یاری ئەنجام داوە ، لە پێنج یاری سەركەوتنی بەدەست هێناوە و لە سێ یاری بەرامبەر بووە و لە دوو یاری دۆڕاوە ، 18 گۆڵی تۆماركردووە و 10 گۆڵی لێكراوە ، گۆڵكەری یانە لیۆنیل میسیە بە تۆماركردنی 8 گۆڵ ، یانەی بەرشلۆنە لە سەرجەم یارییەكاندا 91 جار هەوڵی گۆڵ تۆماركردنی داوە كە 66 هەوڵ بۆ ناو گۆڵ بووە ، 66 لێدانی گۆشە (كۆرنەر)ی وەرگرتووە ، یاریزانەكانی 25 جار كەوتونەتە تۆڕی ئۆفسایدەوە ، 87 فاولیان ئەنجامداوە و 151 فاولیان وەرگرتووە ، 19 كارتی زەرد و یەك كارتی سووریان وەرگرتووە ، یاریزانانی بەرشلۆنە لە سەرجەم یارییەكاندا 7912 پاسیان داوە كە 6588 پاسی تەواو بووە ، یانەی بەرشلۆنە چوار جار جامی چامپیۆنزلیگی بەدەست هێناوە لە ساڵانی 1992 و 2006 و 2009 و 2011 .
* یانەی بروسیا دۆرتمۆند : تا ئێستا 10 یاری ئەنجام داوە ، لە شەش یاریدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە و لە چوار یاریدا بەرامبەر بووە و هیچ یاری نەدۆڕاوە ، 19 گۆڵی تۆماركردووە و 9 گۆڵی لێكراوە ، گۆڵكەری یانە رۆبەرت لیڤاندۆڤسكییە بە تۆماركردنی 6 گۆڵ ، یانەی بروسیا دۆرتمۆند لە سەرجەم یارییەكاندا 94 جار هەوڵی گۆڵ تۆماركردنی داوە كە 50 هەوڵ بۆ ناو گۆڵ بووە ، 49 لێدانی گۆشە (كۆرنەر)ی وەرگرتووە ، یاریزانەكانی 17 جار كەوتوونەتە تۆڕی ئۆفسایدەوە ، 114 فاولیان ئەنجامداوە و 110 فاولیان وەرگرتووە ، 9 كارتی زەردیان وەرگرتووە و هیچ كارتی سووریان وەرنەگرتووە ، یاریزانانی بروسیا دۆرتمۆند لە سەرجەم یارییەكاندا 5501 پاسیان داوە كە 3680 پاسی تەواو بووە ، یانەی بروسیا دۆرتمۆند یەك جار جامی چامپیۆنزلیگی بەدەست هێناوە لە ساڵی 1997 .
* یانەی ریال مەدرید : تا ئێستا 10 یاری ئەنجام داوە ، لە پێنج یاری سەركەوتنی بەدەست هێناوە و لە سێ یاری بەرامبەر بووە و لە دوو یاری دۆڕاوە ، 23 گۆڵی تۆماركردووە و 14 گۆڵی لێكراوە ، گۆڵكەری یانە كریستیانۆ رۆنالدۆیە بە تۆماركردنی 11 گۆڵ ، یانەی ریال مەدرید لە سەرجەم یارییەكاندا 119 جار هەوڵی گۆڵ تۆماركردنی داوە كە 70 هەوڵ بۆ ناو گۆڵ بووە ، 59 لێدانی گۆشە (كۆرنەر)ی وەرگرتووە ، یاریزانەكانی 27 جار كەوتونەتە تۆڕی ئۆفسایدەوە ، 122 فاولیان ئەنجامداوە و 136 فاولیان وەرگرتووە ، 18 كارتی زەرد و دوو كارتی سووریان وەرگرتووە ، یاریزانانی ریال مەدرید لە سەرجەم یارییەكاندا 5419 پاسیان داوە كە 3918 پاسی تەواو بووە ، یانەی ریال مەدرید نۆ جار جامی چامپیۆنزلیگی بەدەست هێناوە لە ساڵانی 1956 و 1957 و 1958 و 1959 و 1960 و 1966 و 1998 و 2000 و2002 .
خوێندنەوە و ئامادەكردن : سالار جەلال
Top