بڕینی مووچەی وەرزشوانــــە دێرینەكان كاریگەرییەكی زۆری هەبوو

بڕینی مووچەی وەرزشوانــــە       دێرینەكان كاریگەرییەكی زۆری هەبوو
غازی حوسێن:
غازی حوسێن یەكێكە لە وەرزشكارە دێرینەكانی شاری هەولێر، كە ماوەیەكی زۆر لە خزمەتی وەرزشی شارەكەو كوردستاندا بووە،چ وەكو یاریزان یان وەكو ناوبژیوان، رۆڵێكی بەرچاوی لە بەرێوەبردنی یاریی خولەكانی لە شاری هەولێردا گێڕاوە، لە ئێستاشدا لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستاندا كاردەكات، ئێمەش بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئەم وەرزشكارە دێرینە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.
*دەكرێ خۆت بە خوێنەرانی گۆڤارەكەمان بناسێنیت ؟
- ناوم غازی حوسێن محەمەدە لە یاری تۆپی پێ و كاری ناوبژیوانیدا وەرزشوانی دێرینی شاری هەولێرم، لە دایكبووی ساڵی 1950ی شاری هەولێرم، لە ساڵی 1968ەوە لە تیپی شوڕتەی شاری هەولێر یاری دەكەم،كە یەكەمجار بوو دامەزرا، بەردەوام بووم تاكو ساڵی 1980لەو ماوەیەشدا هەم بۆهەڵبژاردەی هەولێرو هەم بۆ یانەی هەولێریش یاریم كردووە، لە تیپە میللیەكانیشدا بۆتیپی سۆلاڤ یاریم دەكرد، بەڵام دواتر رێگەیان پێمان نەدا بۆیاری كردن، یانەی شورتە رێگەی بە ئێمە نەدەدا لەبەرئەوەی ماندوو دەبین كاریگەریی هەبوو لەسەر ئاستمان ماوەیەكی كەم یاریم بۆتیپی سۆلاڤ و گەڕەكی عەرەبان كردووە.
*چ جیاوازییەك لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆ لە وەرزش كردن بەدی دەكەیت ؟
- جیاوازییەكی زۆری هەیە، ئێستا وەرزش زۆر گرنگی پێ دەدرێت، كاتی خۆی كە ئێمە یاریزان بووین ئەو گرنگییەی پێ نەدەدرا، ئێمە لەبەر ئەوەی كە بووینە پۆلیس لەبەر نەبوون بە عەسكەر ئەو كارەمان هەڵبژارد، ئێستا یاریزان دەتوانێت هەم بخوێنێت و هەمیش وەرزش بكات و ئاستی خۆی لەسەر ئاستی شارەكەی بەرز بكاتەوە.
*یادەوەرییە خۆش و ناخۆشەكانت لە نێو جیهانی وەرزشدا چین ؟
- بەڕاستی وەرزش یادەوەریی خۆش و ناخۆشی هەیە، خۆشترین یادەوەریم ئەوە بوو لە ساڵی 1973-1974بووینە پاڵەوانی ناوچەی باكوور، ئەوكات ئێمە بردمانەوە، ناخۆشترینیش شت ئەوەیە كە كێشە لەنێوان ناوبژیوان و جەماوەر روودەدات ئەوە هەستێكی ناخۆشە، ئەوەی لە دەرەوەیە هەست بە ئازاری تۆ ناكات لە ناو یاریگادا، یادەوەرێكی ناخۆش بۆمن ئەوە بوو لە یاریی نێوان هەولێرو برایەتی لە ساڵی 1993دا، حاڵەتێك بوو من لێدانی سزام ژمارد، ئەوكات تووشی كێشەیەكی زۆر گەورە بووم تاكو ئێستاش كاریگەریی لەسەرمن هەر ماوە.
* ئەدی چ ساڵێك رووت لە بواری ناوبژیوانی كرد؟
- لە ساڵی 1979و1980 وازمان لە وەرزشی تۆپی پێ هێنا كە یاریزانی هەڵبژاردەی هەولێربووین، لە ساڵی 1980 مامۆستا سەڵاح محەمەدكەریم خولێكی ناوبژیوانی كردەوە منیش بەشداریم تێدا كردو بوومە ناوبژیوانی پلە سێ، لە ساڵی 1983 بوومە ناوبژیوانی پلە دوو، دواتریش خولێك بۆهەڵسەنگاندنی ناوبژیوانان كرایەوە،ئێمە كۆمەڵێك وەرزشكار بووین بووینە ناوبژیوانی پلە یەك لە ساڵی 1985تاكو ساڵی 2005 ئێمە كاری ناوبژیوانیمان دەكرد، دوای ئەوەی ساڵی 2006 یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دروست بوو، كاك سەفین كانەبی داوای لێ كردم واز لە ناوبژیوانی بهێنم و بێم لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كاربكەم تاكو ئێستاش لەم یەكێتییەدا بەردەوامم.
*بۆچی بواری ناوبژیوانیت هەڵبژارد؟
- ئەوكاتی هەر خۆمان كە یاریمان دەكرد یان دوو تیپ لە ناوخۆدا یاریی دۆستانەمان دەكرد، محەمەد خەلیلی رەحمەتی هەم ڕاهێنەرمان بوو هەم ناوبژیوانی پلە یەكی عێراق بوو، من و خالید رەسول، خالیس قۆجە هەرجارێك دەبووینە لایمەن، چونكە زانیاریمان هەبوو،دواتریش ئێمە مەیلمان كەوتە سەر كاری ناوبژیوانی، من حەزم لە ڕاهێنەرایەتیش دەكرد بەس ناوبژیوانیم هەڵبژارد.
*لە كاتی خۆیدا كە یاریزان بوویت بە چ یاریزانێك سەرسام بوویت؟
-بە یاریزان فاكیتی كە یاریزانێكی ئیتاڵی بوو،یاریزانێكی بەرگری بوو لە لای چەپ یاریی دەكرد،منیش لەم هێڵە یاریم دەكرد، لە كوردستانیش بە شاخەوانی رەحمەتی سەرسام بووم.
* ئاستی ناوبژیوانان لە چ ئاستێكدا دەبینیت و ئایا پێی گەشبینیت؟
- من زۆر پێی گەشبینم كاتی خۆی وەكو ئێستا نەبوو، ئێمە 20 تا 25ساڵ ناوبژیوانیمان كرد، بەهەمووی دووخولمان دیت ئێستا یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ساڵانە یەك تا دوو خول دەكاتەوە و كۆمەڵێك ناوبژیوانی گەنج دروست بووینە و ئاستیان باشە بەوە خۆشحاڵ بووم.
*حكومەتی هەرێمی كوردستان تا چ ڕادەیەك هاوكاریی وەرزشوانە دێرینەكان دەكات؟
- حكومەت بۆ وەرزشوانە دێرینەكان زۆر جار خەڵاتـی كردوون، درێخی نەكردووە، بەڵام وەرزشوانە دێرینەكان بەم دواییە مووچەكانیان بڕا،ئەویش كاریگەرییەكی زۆری دروست كرد بۆكەم دەرامەتەكان، ئەوانی تریش هیچ كاریگەری نەبوو ئێستاش داوادەكەین مووچەكان بۆ ئەو كەمدەرامەتانە بگەڕێتەوە.
*لە دەرگای خۆشەویستیت داوە؟
- بەڵی یەكجار سەركەوتووبووم.
*ئەگەر چەپكەگوڵێكت پێ بێت پێشكەشی كێی دەكەیت؟
- پێشكەشی هەموو گەلی كوردی دەكەم، لای من جیاوازی نییە هەمووم خۆشدەوێ.
*حەزت دەكرد بگەیتە ئاستی چ ناوبژیوانێك؟
- پێشتر حەزم دەكرد نوێنەرایەتیی عێراق بكەم، بەڵام ئەوكات راگەیاندن بەم شێوەیە نەبوو،بەڵام زۆر بە كۆلینا سەرسامم.
*دەڵێن لەكاتی خۆی یاریزانێكی زۆر توند و تیژ بوویت دژی یاریزانانی بەرامبەر؟
- توندو تیژییەكە ئەوەبوو ڕاهێنەر پێی دەگوتین نابێ تۆپ بە تەنیشتتدا بڕوات، ئێمە دەفع دەبووین و كاپتنی تیپەكەشمان زۆر هانی دەدەین ئەوە توندو تیژییەكە بوو.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
-هیوای سەركەوتنتان بۆدەخوازم بەهیوای ئەوەم بەردەوام بن لە بەسەر كردنەوەی ناوبژیوانان و یاریزانانی دێرین بۆئەوەی ئەوانیش بەبیر هاندەران بێنەوە.
Top