كیا بە هاوكاریی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پاڵەوانیەتیی جامی كیشوەرەكان ئەنجام دەدات

كیا بە هاوكاریی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پاڵەوانیەتیی جامی كیشوەرەكان ئەنجام دەدات
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە هوتێل تانگرام لە هەولێر كۆمپانیای NIM بۆ بازرگانی ئۆتۆمبیلی كیا لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاری یەكێتی تۆپی پێ‌ كوردستان خولێكی تۆپی پێی پێنج یاریزانی (فۆتساڵ) بەناوی پاڵەوانیەتی (جامی كیشوەرەكان 2013) بۆ تیپی كۆڵان و گەڕەكەكانی شارەكانی كوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام دەدات. لەم كۆنگرە رۆنامەنووسیدا هەریەك لە سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و نیهاد زەخەرییا بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی كۆمپانیای نیم و سامان بریفكانی بەرپرسی رێكخستنی پاڵەوانیەتییەكە ئامادە بوون و لە بارەی پاڵەوانیەتییەكە روونكردنەوەیان دا.
بریفكانی هەروەها باسی لە چۆنیەتی بەشداریكردنی پاڵەوانیەتی ئەمساڵ كرد و گوتی «64 تیپ لەسەر ئاستی تیپی گەڕەك و كۆڵانەكانی شارەكانی كوردستان بەشداریی دەكەن، پێوستە تەمەنی یاریزانی بەشداربوو لە 18 ساڵ بەرەو سەرەوە بێت، هەر تیپێك لە هەر پارێزگایەكی كوردستان بیەویت بەشداری بكات پێویستە لە رۆژی دووشەممەوە تا 15 ئەم مانگە نوێنەرێكیان سەردانی ئۆفیسی كۆمپانیای كیا بكات بۆ ناونووسینی تیپەكەی. هەر تیپێكیش بە 6 یاریزان بەشدار دەبێت.
سامان بریفكانی سوپاسی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانی كرد كە ئاسانكاری تەواوییان لە رووی تەرخانكردنی ناوبژیوان و یاریگە بۆ بەڕێوەبردنی خولەكە كردووە و خولەكە بە هاوكاری ئەو یەكێتییە بەڕێوە دەچێت.
پاشان سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان گوتی: «ئێمە وەكو یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان هیچ بەرژەوەندییەكمان لەگەڵ كۆمپانیای كیا مۆتۆرز نییە، تەنیا بە مەبەستی ئەوە هاوكارییان دەكەین كە خزمەتی وەرزشی ئەو وڵاتە دەكەن و دەستخۆشییان لێ دەكەین كە بۆ ساڵی دووەم هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانیەتییە.
سەفین كانەیی گلەیی لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی كوردستان كرد كە بە رێژەیەكی خەیاڵی سوودمەندن لە هاووڵاتیانی كوردستان، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە خزمەتی وەرزشی ئەو وڵاتـە بكەن لە رێگەی پاڵەوانیەتییەكی لەم شێوە و هیوای خواست كە كۆمپانیاكانی كوردستانیش چاو لە كۆمپانیای كیا بكەن و هەر كۆمپانیایەكیش پێوستی بە هاوكاری یەكێتیی تۆپی پێ‌ كوردستان بێت بە خۆشحاڵییەوە هاوكاریان دەبین .
لە كۆتاییشدا نیهاد زەخەرییا بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی كۆمپانیای نیم، تاكە بریكاری كۆمپانیای كیا لە هەرێمی كوردستان گوتی: «دڵخۆشم بەوەی ئەمساڵیش لە رێگەی پاڵەوانیەتییەكی تۆپی پێیەوە خزمەتی لاوانی ئەو وڵاتە دەكەین، سوپرایزیش بە تیپی براوە دەدەم كە سەفەری وڵاتی بەڕازیل دەكەن و لەوێشەوە بەشداری لە خولێكی تۆپی پێ‌ دەكەن كە 10تیپی وڵاتانی جیهان بەشدارن بە ناوی جامی كیشوەرەكان –كیا، كە هاوكات دەبێت لەگەڵ جامی كیشوەرەكانی 2013 لە بەڕازیل.
نیهاد زەخەرییا سوپاسی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانی كرد كە هاوكارییان بووە لە بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتییەكە.
جێی باسە پاڵەوانیەتییەكە بە شێوازی دەرچوونی دۆڕاو بە یەك یاری بەڕێوە دەچێت، كە 19ی ئەم مانگە لە یاریگەی پرۆژەی هەدەف لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و یاریی كۆتاییش لە 3-5 ئەنجام دەدرێت، كە پێشبینیی دەكرێ یاریی كۆتایی لە هۆڵێكی داخراو بێت و دیاری و سوپرایز بۆ جەماوەری ئامادەبوو لە لایەن كۆمپانیای نیم-ەوە ئامادە بكرێت.
Top