ئەرسنال هەوڵی هێنانی كاسیاس دەدات

ئەرسنال هەوڵی هێنانی كاسیاس دەدات
راپۆرتە هەواڵەكانی ئینگلتەرا پێشبینی ئەوەیان كرد یانەی ئەرسنال هەوڵەكانی خۆی دەست پێبكات بۆ مۆركردنی بۆندێك لەگەڵ ئیكەر كاسیاسی گۆڵچی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە هاوینی داهاتوودا، هەروەك رۆژنامەی دەیلی ستار بڵاوی كردەوە، یانەی ئەرسنال هەوڵ دەدات بارودۆخی كاسیاس لە یانەی شاهانە بقۆزێتەوە بە تایبەتی لەدەستدانی شوێنی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكیی یانەی ریال مەدرید بە هۆی پێكان و هۆكاری دیكەوە .
كاسیاس پێش ماوەیەك ئاماژەی بەوەدابوو ئەگەری رۆیشتنی لە یانەی ریال مەدرید لە ئارادایە و لە چاوپێكەوتنێكدا كاسیاس گوتی : دەمەوێ هاندەرانی ریال مەدرید بە باشی یادم بكەنەوە، لە بیریان بێت چ كارێكم بۆ یانەكەم ئەنجام داوە، دەمەوێ ئەوەیان لە بیر بێت كە من بە شانازییەوە درێسی یانەی شاهانەم پۆشیوە .
كاسیاسی تەمەن 31 ساڵ پابەندە بە بۆندێك لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تا ساڵی 2015 و رۆیشتنی بۆ یانەی ئەرسنال بڕی 20 ملیۆن یۆرۆی پێویستە، ئەرسنال لە گۆڵچییەكی لێهاتوو دەگەڕێت بۆ ئەوەی كێشەی گۆڵچییەكانی چارەسەر بكات بە تایبەتی دوای دابەزینی ئاستی گۆڵچی چیزنی كە متمانەی راهێنەر ئارسن ڤینگەری لەدەست داوە.
كاسیاس خاوەن كۆمەڵێك دەستكەوتە لە گرنگترینیان دوو نازناوی خولی یانەكانی ئەوروپا و پێنج نازناوی خولی ئیسپانیا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید و دوو نازناوی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا 2008 و 2012 و نازناوی مۆندیالی 2010 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا .
Top