هیوادارم لە كەمترین ماوە گەورەتـــــــــــــــــرین دەستكەوت بەدەست بهێنم
*چۆن هاتیە نێو وەرزش؟
-باوكم هۆكاری سەرەكی بوو، كە روو لە بواری وەرزش بكەم و پشتگیرییەكی تەواوی لێكردم بۆ ئەوەی لە وەرزش كردن بەردەوام بم.
* بۆ رووت لە یارییە سیانیەكان كرد؟
-یارییە سیانیەكان یەكێكە لە یارییە قورسەكان، كە هەموو كەسێك ناتوانێت ئەنجامی بدات، بەهۆی بوونی دەریاچەی دووكان لە ناوچەكەیە ئێمە ئەوە بووە هاندەری سەرەكی، كە روو لەم یارییە بكەم و هەروەها باوكم لە منداڵیەوە فێری مەلەوانی كردم بۆیە زیاتر خولیام چووە ئەم یارییە.
* گرنكترین دەستكەوتە وەرزشیەكانت لە یارییە سیانیەكان چییە؟
- لە ساڵی 2005 رووم لەم یارییە كرد، هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا پاڵەوانی عێراقم و پلەی یەكەمم بە دەستهێناوە، لە ساڵی 2006 بۆ یەكەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرام و لە ساڵی 2008 لە شاری قاهیرە لە میسر لە پاڵەوانێتی عەرەبی توانیم 7 ملوانكە بە دەستبهێنم 3 زیو و 4 برۆنز لە هەمان كاتدا برای گەورەم ئەویش یەكێكە لە پاڵەوانەكانی عێراق و عەرەب و توانی ملوانكەی زێڕ لەسەر ئاستی عەرەب بە دەستبهێنێت، لەگەڵ دەستپێكردنی ژیانی وەرزشیم و تا ئێستا تەنیا لە یانەی دووكان یاریم كردووە و هەر لەم یانەیە كۆتایی بە ژیانی وەرزشی دەهێنم.
* كێ تۆی دۆزییەوە؟
- باوكم بەهرەی منی دۆزیوە و بووە پاڵپشتی من، تاكو بگەمە ئەم ئاستەی ئێستا.
* بۆچی رووت لە یاری پاسكیلسواری كرد؟
- وەكو باسم كرد یارییە سیانیەكان یارییەكی قورسە، بۆیە ژمارەی یاریزانە كچەكان لەم یارییە رووی لە كەمی كرد ناچار بووم منیش یارییەكی تر هەڵبژێرم بۆیە بڕیارم دا روو لە یاری پاسكیلسواری بكەم بۆ ماوەیەك، تا ژمارەی یاریزانە كچەكان لە یارییە سیانیەكان روو لە زیادبوون دەكات.
* گرنكترین دەستكەوتەكانت لە یاری پاسكیلسواری چییە؟
-گرنكترین دەستكەوتی من لە یاری پاسكیلسواری ئەوەیە، كە لە یەكەم بەشداری كردنم لە پاڵەوانێتیەكان بەفەرمی بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرام وەكو یاریزان ئەمەش بووە جێگەی دڵخۆشی من.
* تا چەند بایەخ بە وەرزشی ئافرەتان دەدرێت؟
-ئەوەی راستی بێت بایەخ دان بە وەرزشی ئافرەتان وەكو پێویست نییە، بەڵام لە چاو ساڵانی رابردوو باشترە و ژمارەی كچە وەرزشوان روو لە زیادبوون دەكات.
* ئایا یانەكان بایەخ بە ئافرەت دەدەن؟
- یانەكان بایەخێكی باش بە وەرزشوانی ئافرەت دەدەن، هەرچەندە كەم و كورتی هەیە، بەڵام شایەنی باسكردن نییە بەهیوای ئەوەی لە ساڵانی داهاتوو روو لە زیادبوون بكات.
* بۆچی ژمارەی كچ لە یارییە سیانیەكان كەمە؟
-چونكە یارییە سیانیەكان یارییەكی قورسە و هەروەها یەكێك لە یارییە سەرەكییەكانی ئەم یارییە مەلە كردنە، زۆربەی هەرە زۆری كچەكان لە كوردستان نازانن مەلەوانی بكەن، بەهۆی رێگەپێنەدانی لە لایەن كۆمەڵگا و دایك و باوك، بۆیە رۆژ بە رۆژ ژمارەی یاریزانی كچ لەم یارییە روو لە كەمبوونەوە دەكات.
* پەیامت بۆ ئەو كچانە چییە، كە حەزیان لە وەرزشە، بەڵام ناتوانن بێنە نێو بوارەكە؟
- ئەوەی راستی بێت كۆمەڵگا شانبەشانی خێزان هۆكاری سەرەكین، كە لە كوردستان كچ بە كەمی روو لە بواری وەرزش بكەن، بەڵام پەیامی من بۆ ئەم كچانە ئەوەیە، كە بێنە نێو بواری وەرزش بۆ ئەوەی شانبەشانی كوڕان خزمەتی كوردستان بكەن.
* داواكاریت چییە؟
-داوا لە لایەنە پەیوەندار دەكەم، كە زیاتر بایەخ بە كچان بدەن و بەشێوەی مادی و مەعنەوی پاڵپشتییان بكەن بۆ ئەوەی بتوانین لە كەمترین ماوە گەورەترین دەستكەوت بە دەستبهێنین.
لە كۆتاییدا سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، هیوادارم راگەیاندن زیاتر بایەخ بە وەرزشی ئافرەتان بدات لە داهاتوو و پاڵپشتیان بێت.
