خەبات رەشید یاریزانی هاویشتنی قورسایی هەڵبژاردەی هەولێر:

خەبات رەشید یاریزانی هاویشتنی قورسایی هەڵبژاردەی هەولێر:
هیوادارم گرنگی بە یاریزانانی خاوەن پێداویـــــــــــــــستی تایبەت بدرێت
خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بەشێكی گرنگی كۆمەڵگەن، سەرەڕای ئەوەش بەڵام بەردەوامن لە وەرزشكردن بۆئەوەی بوونی خۆیان بسەلمێنن لە كۆمەڵگەدا، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین یاریزانی بەتوانایان تێدا هەڵكەوتووە، كە پاشەڕۆژێكی دیارو پرشنگدار چاوەڕێیان دەكات، یەكێك لەم یاریزانانەش كچە یاریزانی هەڵبژاردەی هەولێرخەبات رەشیدە یاریزانی هاویشتنی قورسایی هەڵبژاردەی هەولێرە، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1980ی شاری هەولێرە و لەهەمان كاتیشدا فەرمانبەرە لەیەكێك لە فەرمانگەكانی حكومەت ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستە كرد.
*چۆن بوو خولیای وەرزش بوویت؟
- منیش وەكو هەر كەسێكی دیكە لە منداڵییەوە خولیای زۆرم هەبووە بۆ وەرزشكردن، بۆیە خۆم خستە نێوئەم دونیایەوە بۆئەوەی بوونی خۆم بسەلمێنم و بتوانم بڵێم منیش وەرزشكارم.
* ئاستی یارییە جۆراوجۆرەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
- ئاستی وەرزش لە ئێستادا لە تەواوی شارەكانی كوردستاندا گرنگیی باش بە ئاستی خاوەن پێدوایستییە تایبەتیەكان دەدرێت، پاڵەوانێتیمان بۆدەكەنەوە ئێمەش دەبێ گرنگی زیاتر بەتواناكانی خۆمان بدەین، هیوادارم گرنگی زیاتری بە خاوەن پێدوایستی تایبەت بدرێت.
* بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە لە كوردستان چی بكرێت باشە ؟
- ئەگەر بمانەوێ ئاستی یاریزانانی خاوەن پێدوایستی تایبەت لە گشت شارەكانی كوردستان بەرز بێتەوە دەبێت پێش هەمووشتێك خول و پاڵەوانێتیی بەردەوامیان بۆئەنجام بدرێت بۆئەوەی بەردەوام لە نێو كەشوهەوای وەرزشدا بن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت گرنگیی زیاتر بە كردنەوەی هۆڵی تایبەت و هێنانی كەسانی بەئەزموون بدرێت لەگەڵ هێنانی كەسانی بەتوانا.
* وەكو خاوەن پێدوایستییە تایبەتییەكان كێشەو گرفتتان چییە؟
- یاریگایەكی تایبەت بەخۆمان نییە ئەوەش كێشەی بۆ ئێمەی یاریزانان دروست كردووە، چونكە ئەگەر یاریگایەكی تایبەت بەخۆت نەبێت دەبێ هەر رۆژەی لە یاریگایەك وەرزشەكەی خۆت درێژە پێ بدەیت، داواكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات داواكارییەكانمان بۆجێبەجێ بكات.
*لە هەڵبژاردەی هەولێر هاوكاریتان دەكرێت؟
-بەڵێ ئێمە بەردەوام لە خۆئامادەكردنداین بۆئەوەی بتوانین ناوی هەولێر بەرزكەینەوە، بە سوپاسەوە دەستەی ڕاهێنەران و تەواوی بەرپرسانی هەڵبژاردەی هەولێر گرنگی باشمان پێ دەدەن.
* لەهەڵبژاردەی عێراق داواكراویت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-نەخێر چونكە جارێك من لە سەرەتادام و تازە دەستم بەوەرزش كردووە، بەڵام هەوڵدەدەم یەكێك بم لە یاریزانەكانی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق شان بە شانی یاریزانانی دیكەی هەڵبژاردەكە.
*هیواو ئاواتت چییە وەكو كچە یاریزانێك؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم و بتوانم ئەنجامی شایستە پێشكەش بكەم، ناوی خۆم و هەڵبژاردەی هەولێر لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو بەرزكەمەوە.
* داواكاریت لەلایەن بەرپرسی وەرزشی؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر بێنە نێو خەمەكانمانەوە و خولی باشمان بۆبكەنەوە و یاریگای تایبەتی بەخۆمان هەبێت بۆئەنجامدانی مەشقەكانمان ئەگەر ئەوانەشمان بۆدابین بكەن بێ گومان دەتوانین ئاستمان زۆر بەرز بێتەوە.
* داواكاری هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێت و تۆش یەكێك بیت لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەكە؟
-ئەوە تاكە هیواو ئاواتی منە، دەشتوانم ئەو ئاواتەم بهێنمە دی لە دروست كردنی هەڵبژاردەی كوردستان و بەشداریمان پێ بكەن بەتایبەتی لە پاڵەوانیتییەكانی دەرەوەدا.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت بۆگۆڤاری گوڵان مابێت؟
- هیوادارم لە رووی راگەیاندنەوەش گرنگی تایبەتی بە خاوەن پێداویستییەكانی تایبەت بدرێت بۆئەوەی ئەوانیش ببنە بەشێكی كاریگەریی كۆمەڵگە سوپاسی گۆڤاری گوڵانی خۆشەویستیش دەكەین بۆبەسەركردنەوەی ئێمە.
دیمانە: كارزان كانەبی
Top