بۆ یەكەمین جار ...ئەلتراس لە هەولێر دروست بوو

بۆ یەكەمین جار ...ئەلتراس لە هەولێر دروست بوو
زۆر جار لە راپۆرتەكان یاخود لە كەناڵە تەلەڤزیونییەكان گوێبیستی چالاكییەكانی ئەلتراس دەبین جا چالاكییەكان هەر جۆرێك بێت بە بێ ئەوەی بزانین ئەلتراس مانای چییە و لە كوێ دروست بوو و پرۆگرام و ئامانجی چییە، بە پێویستم زانی مێژووی ئەلتراس باس بكەم و هەروەها بیرۆكەی دروستبوونی ئەلتراس لە هەولێر ئاماژە پێ بدەم.
ئەلتراس چییە؟
ئەلتراس وشەیەكی لاتینییە بە مانای (تەواوكەر یاخود زیاد) دێت و تایبەتە بە هاندەرانی تیپەكان بەشێوازێكی سەرنجڕاكێش و ئەم گرووپە لە وڵاتانی هەردوو كیشوەری ئەوروپا و ئەمەریكای لاتینی تێبینی دەكرێت و لەم ماوەیەدا ئەم دیاردەیە رووی لە كیشوەری ئەفریقیا كردووە.
یەكەم گرووپی ئەلتراس لە ساڵی 1940 لە بەرازیل دروستكرا، دواتر ئەم گرووپە رووی لە كیشوەری ئەوروپا كرد بە تایبەتی هەردوو وڵاتی یۆگسلافیا و كرواتیا دواتر لەسەدەی نوێدا رووی لە كیشوەری ئەفریقیا كرد.
ئەم گرووپە زیاتر یارییە ئاگرینییەكان بەكار دەهێنن و هانی یانەكان دەدەن لە سەرەتادا تا كۆتایی یارییەكە بەشێوازێكی دیكە ورەی یاریزانان بەرز دەكاتەوە و ئەگەر یانەكان بە ئەنجامی گەورەش تووشی دۆڕان بن، ئەوا ئەم گرووپە لە هاندان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوكێی بخەنە نێو دڵی یاریزانانی تیپی بەرامبەر هەروەها جوانییەكی بێ وێنە دەبەخشنە یاریگا.
ئەلتراس سێ ئامانجی سەرەكی هەیە.
1-لە هاندان ناوەستن ئەنجامی یارییەكە هەر چۆنێك بێت.
2-دانیشتن قەدەغەیە.
3- ئامادەی یارییەكانی تیپەكانیان دەبن لە دەرەوە و ناوەوی یاریگای خۆی بە بێ گوێدان بە پارە و دووریی شوێنەكە.
4-سۆزداری بۆ گرووپەكە هەبێت بە بێ ئەوەی بچێتە گرووپێكی دیكە.
جگە لەم چوار بنەمایە، ئەلتراس پشت بە خۆی دەبەستێت لە دابینكردنی پێداویستییەكانی و ئامادە نییە هیچ بڕەپارەیەك لە هیچ لایەنێك یاخود شوێنێك وەربگرێت، بەڵكو هەڵدەستێت بەفرۆشتنی كەل و پەلی تایبەت بە ئەلتراس لە درێس چەند شتێكی دیكە، هەروەها ساڵانە دەرگای ئەندام بوون بۆ هاندەران دەكاتەوە و ئەندامبوون بە پارەیە بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییەكان و لەگەڵ ئەندامبوون گرووپی ئەلتراس پارچە ئاسنێك دەداتە ئەندامەكە بۆ ئەوەی بناسرێتەوە، كە ئەندامی ئەلتراسە.
جگە لەوەش ئەلتراس لە هەندێك لە وڵاتاندا بە گرووپ لە شارێك بۆ شارێكی دیكە دەڕۆن تا دەگەنە ئەو شارە دروشمی یانەكە و گرووپە دەڵێنەوە دواتر لە هەمان رۆژ دەگەڕێنەوە شارەكەی خۆیان.
لە وڵاتانی عەرەبیدا بە تایبەتی لە جەزائیر و میسر و مەغریب و تونس زۆربەی یانەكان خاوەن ئەلتراس-ی تایبەت بە خۆیانن و بەشێوازێكی زۆر جوان لە نێو یاریگا ئامادە دەبن، بەڵام لەم وڵاتانە زۆربەی كاتەكان كێشە لە نێوان پۆلیس و ئەلتراس درووست دەبێت بەهۆی لێك نەگەیشتن، لە ساڵی 2012 هاندەرانی یانەی شوڕتە بڕیاریان دا گرووپێكی تایبەت بە ئەلتراس بۆ یانەكەیان دروست بكەن، بەڵام چالاكییەكانی ئەم گرووپە وەكو پێویست نییە، بەڵكو تەنیا ناوە و هەست بە بوونی ناكرێت.
لە هەولێر یەكەمین گرووپی ئەلتراس درووستكرا
لە 25/3/2013 لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكی دواخراوی خوولی بژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێ لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە لەنێو پەیژەكانی یاریگادا كۆمەڵێك لاو سەرنجیان راكێشام كاتێك لافتەیەكی رەشیان بەرزكردبووەوە ولێی نووسرابوو (ئەلتراس قەڵا) دوای لێكۆڵینەوەیەكی زۆر توانیم بگەمە ئەم كۆمەڵە لاوە، كە ئەم گرووپەیان لە هەولێر درووستكردووە.
سەرەتا محەمەد، كە خاوەنی بیرۆكەی دروستكردنی ئەم گرووپەیە سەبارەت بە چۆنییەتی درووست بوونی ئەلتراس لە هەولێر گوتی: ئێمە لە سەرەتادا چەند گەنجێك بووین، كە هاندەری یانەی هەولێرین، پەیجێكمان لە فەیسبووك دانا و هیچ چالاكییەكی فەرمیمان نەبوو، تا رۆژی (25/3) لە كاتی بەرشێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوە جەوییە یەكەم چالاكیی خۆمان لە نێو یاریگا ئەنجامدا دوای ئەوەی گشت ئەندامانی گرووپەكە رێككەوتن لەسەر دەستنیشانكردنی شوێنێك، پاشان لە یاریگا توانیمان چالاكییەك ئەنجام بدەین وەكو ئامادەكردنی لافتە و دابین كردنی چەند یارییەكی ئاگرین و چەند شتێكی دیكە، وەكو هەنگاوی یەكەم كارێكی باش بوو و لە یارییەكانی داهاتووی یانەی هەولێر بەچاوی خۆتان كاریگەریی ئەلتراس دەبینن.
لە درێژەی قسەكانیدا محەمەد گوتی: ئامانجی سەرەكیی ئێمە خزمەتكردنی یانەی هەولێرە و بەخشینی گڕ و تینە بە هاندەران و دژی هەموو كارێكی توندو تیژی دەوەستین و بەردەوام دەبین، تا ئەو كاتەی هاندەران لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبن.
محەمەد داواكارییەكی ئاراستەی بەرپرسانی یاریگا و پۆلیس كرد و گوتی: داوا لە بەرپرسانی یاریگا و پۆلیس دەكەین، كە رێگریمان لێ نەكەن لە هێنانە ژوورەوەی پێداویستییەكان، چونكە بە بێ پێداویستی ناتوانین هیچ شتێك بكەین بۆیە دەبێت هەموو لایەك هاوكارمان بێت.
سەبارەت بە شوێنی كۆبوونەوەی گرووپی ئەلتراس محەمەد گوتی: بڕیارمان داوە لە گشت یارییەكاندا لە دواوەی گۆڵ لای شاشای ئەلكترۆنی كۆببینەوە و چالاكییەكانی خۆمان ئەنجام بدەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا محەمەد گوتی: ئامانجی ئێمە پارە نییە و ناوبانگ نییە، بەڵكو بەرگری كردنە لە یانەی هەولێر.
لەگەڵ ئامادەبوونیان لە یاریی یەكەم، بە پێی وتەی دەستەی رێكخەرانی ئەلتراس هەولێر ژمارەیەكی زۆری هاندەران داوای ئەندامبوون دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن گرووپێكی بەهێز درووست بكەن.
بە پێی زانیارییەكان بۆ یەكەم جارە ئەلتراس لە كوردستان دروست دەبێت ئەگەر ئەم گرووپە گەشە بكات بتوانێت خۆی پێش بخات، ئەوە گۆڕانكارییەكی گەورە لە چۆنیەتی هاندانی جەماوەر لە نێو یاریگا روو دەدات و دەبێتە پاڵنەرێكی گەورە بۆ یانەكانی دیكە، كە چاو لە یانەی هەولێر بكەن ، هەروەها لە كاتی یارییەكاندا تام و چێژێكی گەورە دەبەخشێتە یارییەكان و باری دەروونیی یاریزانەكان بەرز دەكەنەوە.
Top