بێستون ئەكرەم وەرزشكاری ناسراوی هەولێر: دەنگ بەو كەسانە بدەن كە خەمخۆری وەرزشن

*چۆن بوو لە وڵاتی بەریتانیا پەیوەندێت بە یاریی فوتساڵەوە كرد كە تۆ یاریزانی تۆپی پێ بوویت؟
- بەمەبەستی تەواو كردنی خوێندنی باڵا (دكتۆرا) لە بواری زانستی وەرزشی رووم لە وڵاتی بەریتانیا كرد، بۆیاریكردنم لە یاری تۆپی پێوە بۆ یاریی فوتساڵ، شێوازی یاریكردنم لە یارییەكە زۆر نزیك بوو لە هەردوو یاریدا ئارەزووشم زۆر بوو بۆئەم یارییە بۆیە چوومە ریزی ئەو یانەیە.
*چۆن بوو چوویتە ریزی یانەی شیفلدی ئینگلیزی؟
-چۆنییەتی پەیوەندی كردنم بە یانەی شیفلد بۆ فوتساڵ لە یارییەكی دۆستانە بوو لەنێوان قوتابیانی زانكۆی شیفلد، یەكێك لە یاریزانەكان یاریزانی فوتساڵ بوو لە یانەی شیفلد، دوای یارییەكە بەمن و ئامانج مەحمودیان گوت كە ئەویش یاریزانێكی شاری هەولێرە بۆ یاریكردن لەریزی یانەی شیفلدFC، ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە ڕازی بووین و دەستمان بە مەشقەكانمان كرد.بەڵام لەئێستادا گەڕاومەتەوە كوردستان بەهۆی ناجێگری تەندروستیی ئەندامێكی خێزانەكەمان دووبارە دەگەڕێمەوە بەریتانیا.
* هیچ یانەیەكی دیكە پەیوەندی پێوە كردی بۆ یاریكردن لە یاریی فوتساڵ لە بەریتانیا؟
- نەخێر هیچ یانەیەكی دیكە پەیوەندی بە منەوە نەكردوە بۆ یاریكردن.
* یاریی فوتساڵ لە بەریتانیا بەشێوەیەكی گشتی لە چ ئاستێكدایە ؟
- ئەم یارییە لە بەریتانیا پێشتر زۆر پشت گوێ خرابوو، بەڵام ئێستا گرنگییەكی باشی پێ دەدەن، لەو بڕوایەدام زۆر زیاترپێشكەوتن بەخۆیەوە ببینی.
*بەنیازنیت لە كوردستان تیپێكی فوتساڵ دروست بكەیت كە لە ئێستادا لە شاری هەولێر بە شێوەیەكی بەربڵاو بوونی نییە؟
-بەڵێ زۆر بیرم لێ كرۆدتەوە و لەبەرنامەشمدایە تیپێك دروست بكەم، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگییدان بەم یارییە لەلایەن بەرپرسانی وەرزشیی شارەكەمان، بەڵام من وا هەست دەكەم گرنگی پێ دەدرێت، بەتایبەتی لەلایەن یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان چونكە پێش ماوەیەك پاڵەوانیتییەكیان بۆ تیپەكانی كچان كردەوە، بەڕاستی جێگای دەستخۆشی بوو لەوەش دڵخۆشتر ئەوەبوو كە سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئاماژەی بەوە دا لە داهاتوویەكی نزیكدا بۆئاستی كوڕانیش سازدەكرێت.
* چۆن بوو كە هاتیەوە پەیوەندیت بە یانەی برایەتییەوە كرد؟
- سەبارەت بە یاریكردنم بۆ یانەی برایەتی پاش هاتنەوەم بۆكوردستان رۆژانە مەشقم لەگەڵ یانەی بروسك دەكرد بۆ ئەوەی ئاستی لێهاتوویی جەستەیم دانەبەزێت، كاك فاروقی فێركاری یانەی برایەتی پەیوەندی پێوە كردم بۆئەوەی یارییان بۆبكەم چونكە پێویستییان بەمن بوو، دوای ئەوەی لەگەڵیان رێكەوتم بەخۆشحاڵییەوە ڕەزامەندیم دا خزمەتی یانەیەكی دیكەی كوردستان و شاری هەولێربكەم.
* بڕیارێكی زووت نەدا بە دووركەوتنەوەت لە جیهانی تۆپی پێ ؟
- دووركەوتنەوەم لە یاریی تۆپی پێ لەم ماوەیەدا لەبەر خوێندن بوو، بەخۆت دەزانی ژیان دەرفەتە منیش ئەم ئەمەم بۆ رێك كەوت بۆیە خوێندنەكەم هەڵبژارد.
*یادەوەریی خۆشت هەیە لەگەڵ یانەی بروسك، ئێستاش لە قەیراندایە تۆ چی دەڵێیت؟
- ئەنجامەكانی ئەم ساڵی یانەی بروسك جێگای نیگەرانییە بۆمن، چونكە ئەم یانەیە هەردەم لە پێشەنگ بووە، قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بووە بەڕاستی كاتێك گوێ بیستی ئەنجامە خراپەكانی دەبم واهەستدەكەم یادگارییە خۆشەكانم لەگەڵ ئەو یانەیە هەڵدەوەرێن، هیوام وایە بەرپرسانی وەرزشی شاری هەولێر بەهانای ئەو قوتابخانە وەرزشییە بین لە نزیكەوە كێشەكانیان بۆچارەسەربكەن.
*لە داهاتوودا بەرنامەت چییە بۆ وەرزشی كوردستان كە خەریكیت بڕوانامەیەكی بەرز بەدەست دەهێنیت؟
- لەكاتی ئێستادا هەموو بیرو هۆشم لای تەواو كردنی خوێدنی دكتۆراكەمە پاش تەواوكردنم و كۆكردنەوەی زانیاریی نوێ لە وەرزش بەرنامەی داهاتووی وەرزشیم دادەنێم بۆئەوەی بتوانم بەباشترین شێوە خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەم بەگشتی و شاری هەولێری خۆشەویستیش بەتایبەتی.
*یادەوەریی خۆشت هەیە لە ژیانی وەرزشیت، خۆشترینیان كامەیە؟
-خۆشترین یادەوەرییەكانی وەرزشیم لەگەڵ یانەی بروسك بوو كە ماوەی دووساڵ لەسەریەكتری بووینە پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان.
*پێشنیارت چییە بۆ بەرپرسانی وەرزشی بۆئەوەی ئاستی وەرزش بەگشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی بەرەوپێش ببەن؟
- بەڕاستی ئەوەی من بینیم لەم وڵاتە پێشكەوتووانە ئەوان بایەخێكی یەكجار زۆر بە منداڵ دەدەن هەر لەتەمەنی 5ساڵییەوە لەهەموو بوارەكان دەڵێن ئەم منداڵانە داهاتوون، ڕاستە چەند جارێك یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئەم كارەی كردووە، بەڵام نازانم بۆ بەردەوام نەبووە بەتەنیا ئەم كارە ناخەمە ئەستۆی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان، دەبێ حكومەت و دایك وباوكانیش هاوكار یی منداڵەكانیان بن.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- وابزانم بەم نزیكانە هەڵبژاردن دەكرێت بۆسەرجەم یانە وەرزشییەكان بۆ دەستنیشان كردنی دەستەیەكی نوێی كارگێڕی جا داوا لە هەموو ئەو یاریزانانە دەكەم كە دەنگی خۆیان بەو كەسایەتییە وەرزشییانە بدەن كە دەتوانن باشترین و زۆرترین خزمەتی یانەكە بكەن، بۆئەوەی ئاستی وەرزش رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو پێشتر بچێت، زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵانی خۆشەویستیش دەكەم.
