مەلەك عوبێدی یاریزانی تایكواندۆ:ئاواتم ئەوەیە تیپێكی تایكواندۆی تایبەت بە ئافرەتان دروست بكەم
*چۆن بوو یاریی تایكواندۆت هەڵبژارد؟
- یاریی تایكواندۆ بەیەكێك لە یارییە بەهێزەكانی دەزانم، منیش دەمێكە حەز و خولیام بۆئەم یارییە هەیە و بۆیە بەردەوام ئەم یارییە ئەنجام دەدەم.
* ئاستی یاریی تایكواندۆ لە شارەكانی كوردستاندا چۆن دەبینیت؟
- ئاستی ئەم یارییە بە گشتی وەكو تایكواندۆ زۆر باشەو یانەكان ژمارەیەك لە یاریزانانی بەتوانایان هەیە، بەڵام لە رووی ئافرەتان وەكو پێویست نییە.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە هەولێر لە چ ئاستێك دەبینیت؟
- ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە لە شاری هەولێر، بەڵام ئاستی كچان وەكو پێویست نییە لە پاڵەوانێتیی عێراق تەنیا ئافرەتانی هەولێر تاكە یانە بووین بەشداری پاڵەوانێتییەكە بووین لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر، لە سلێمانیش یەك یانە بەشداربوو، بەڵام لە ئاستی كوڕان زۆر باشترە.
*وەكویاریزانێك پێت باشە چی بكرێت،بۆئەوەی ئاستی تایكواندۆ پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت؟
- هێنانە پێشەوەی یاریزانانی تەمەنە جیاوازەكان بە تایبەتی تەمەن بچووكەكان هۆكارێكی باشە بۆئەوەی ئەم یارییە زیاتر پێش بكەوێت، كردنەوەی پاڵەوانێتیی بەردەوام لە گشت شارەكان، ئەمەش هۆكارێكە بۆپێشكەوتنی زیاتری ئەم یارییەو كردنەوەی خولی ڕاهێنەران و هێنانی ڕاهێنەرانی بیانی گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت.
*بەرنامەت نییە وەكو یاریزانێكی بە ئەزموون لەم یارییە، كە لە داهاتوودا تیپێكی كچان دروست بكەیت ؟
- پەنا بەخوا ئەگەر دەرفەت هەبێت ئەوە لە بەرنامەمدایە بۆئەوەی بتوانم تیپێكی كچان دروست بكەم و گرنگی زۆریش بە ئاستی كچان بدەم بۆپاڵەوانێتیەكان.
*ئەنجامە باشەكانت چین وەكو یاریزان ؟
-لە سەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە و پاڵەوانم لە كێشی خۆم، پێشتریش هەر پاڵەوانی عێراق بوویمە.
*زۆر جار ئێوەی ئافرەت گلەیی دەكەن بۆچی؟
-ئێمە زۆر جار بەشداری لە پاڵەوانێتییەكاندا دەكەین لەسەر گیرفانی ڕاهێنەرەكەمان هیچ كەسێك هاوكاریمان ناكات و بگرە پاسمان بۆدابین ناكەن ئەوەش كێشەیە چۆن باسی كێشە نەكەین.
*لەهەڵبژاردەی عێراق داواكرابووی ؟
-بەڵێ ماوەیەكی زۆرە یاریزانی هەڵبژاردەی تایكواندۆی كچانی عێراقم.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییە ؟
- نەبوونی هۆڵێكی مەشقكردن و ئەمەش دەبێتە كێشە بۆئەوەی یاریزان خۆی پێبگەیەنێت، ئەگەر هۆڵێكمان بۆدروست بكرێت كێشەكانمان چارەسەر دەبێت.
*خانەوادەكان لە وەرزش كردندا رێگریی لە رۆڵەكانیان ناكەن ؟
-خانەوادە بۆخانەوادە دەگۆڕێت، بەهیوای ئەوەین كچان زیاتر بێنە نێو وەرزشەوە و خانەوادەكانیش زیاتر پشتگیریی رۆڵەكانیان بكەن بۆ وەرزش كردن.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك ؟
- بەهیوای ئەوەم یانەكان زیاتر گرنگی بە ئاستی كچان بدرێت و یانەكانیش زیاتر كچان بهێنە پێشەوە، منیش بتوانم گرنگی زیاتر بەتواناكانی خۆم بدەم و لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی ئەنجامێكی گەورە بەدەست بهێنم.
*ئەم یارییە یارییەكی هەندێك بەكێشەیە بۆ تووشبوون بە هەندێك رووداوی نەخوازراو لەكاتی یاری كردن رودەدات هیچ جارێك تووشی كێشە بوویت؟
- یارییەكی ترسناكە چونكە زۆرجار لە ناو یاریدا تووشی بەركەوتن و شتی جۆاوجۆر دەبێت، بێ گومان تووش دەبین بەڵام ئەوە حەز و ئارەزووە.
*ئەگەر لە كۆتایی شتێكت مابێت؟
- سوپاس بۆگۆڤاری گوڵان كە گرنگی بەرچاو بە تەواوی لایەنەكانی وەرزش دەدات، بەهیوای ئەوەم ئێوە زیاتر پشتگیریی كچە وەزشكارەكان بكەن بۆئەوەی زیاتر ڕوو لە وەرزش بكەن.
