بروسک دەرگای یانەکەی داخست و داوای هاوکاری لە حکومەت دەکەن

بروسک دەرگای یانەکەی داخست و داوای هاوکاری لە حکومەت دەکەن
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشیی بروسك بە هۆی كێشەی داراییەوە هەفتەیەكە مەشقەكانی خۆی ڕاگرتووە و دوێنێش دەرگەی یانەكە داخرا و سەرجەم چالاكییەكانی وەستێندرا، سەرۆكی یانەكەش داوا دەكات سەرۆكی حكوومەتی كوردستان كێشەكانیان چارە بكات.

یانەی بروسك كە كۆنترین یانەی وەرزشیی شاری هەولێرە و دوو جاریش نازناوی خولی نایابی كوردستانی بەدەست هێناوە، ماوەیەكە تووشی قەیرانێكی دارایی سەخت بووە و بارودۆخی كارگێڕیی بەڕێوە ناچێت،

هەر ئەمەش وای كردووە كە تیپی تۆپی پێی یانەكە هەفتەیەكە مەشقەكانی ڕاگرتووە و یاریزانەكان بڕیاریان داوە ئەم هەفتەیە لە خولی كوردستاندا یاریی نەكەن ئەگەر مافە داراییەكانیان بۆ دابین نەكرێت، تەنانەت دوێنێ یانەكە دەرگەی داخست و یاریزانانیش چوونەوە ماڵەوە.

یانەی بروسك ڕۆژی 22ی مانگی ڕابردووش دوای دۆڕانیان لەسەر یاریگەی خۆیان بە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، ڕایانگەیاند لە خولی كوردستان دەكشێنەوە، بەڵام دواتر بەردەوام بوون و گوایە بەڵێنیان پێ درا كێشەكانیان چارە بكرێت، بەڵام وادیارە كێشەكانیان چارە نەكراون.

سەرۆكی یانەی بروسك تاریق عەبدولڕەحمان لەو بارەیەوە گوتی: "نووسراومان ئاراستەی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان كردووە و داوای دواخستنی یارییەكانمان لە خولی كوردستان دەكەین، تا ئەو كاتەی كێشە داراییەكانمان چارە دەكرێت، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەو نووسراوەمان نەدراوەتەوە.

گوتیشی: "ئێمە چەند ساڵێكە قەیرانی داراییمان هەبووە، بەڵام نەمانەوێ بیكەینە كێشە و گرفت و دنیای لێ ئاگەدار بكەینەوە و بیكەین بە هەڵڵا، چونكە یانەی ئێمە سەر بە حكوومەتە و هەر حكوومەت دەتوانێت كێشەكانمان چارە بكات.

گوتیشی: "یاریزانەكانمان مافی خۆیانە داوای پارەی گرێبەستەكانیان بكەن، ئەوان لە ڕووی مووچەوە هیچ كێشەیان نەبووە، بەڵام كە دەبینن یانەكانی تر پارەیەكی زۆر وەردەگرن و یاریزانەكانیان گرێبەستی باشیان پێ دەدرێت، ئەوانیش داوای دەكەن، من سوپاسی یاریزانەكانیشم دەكەم كە زۆر كات یارمەتی یانەكەشیان داوە لە بابەتی گرێبەستەوە، ئەوان مافی خۆیانە پارەی گرێبەستەكانیان وەربگرن.

تاریق هەروەها ڕایگەیاند: "ئێمە گلەییەكی ئەوتۆمان لە حكوومەت نییە، چونكە ئەوان بە پێی پێوەر لە ڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە پارە دەدەنە یانەكان، بەڵام ئەو پێوەرانە بە سوودی ئێمە نییە و ئەو پارەیەی وەریدەگرین 40%ی خەرجییەكانمان دابین دەكات، بۆیە داواكارین كێشەی ئێمە چارە بكرێت.

سەرۆكی یانەی بروسك كە ماوەیەكە لە یانەكەی دووركەوتۆتەوە و دەیەوێت واز بهێنێت، گوتیشی: "داواكارم سەرۆكی حكوومەتی كوردستان وەكو براگەورەی ئەو وڵاتە بێتە پێشەوە و كێشەكانی یانەی بروسك چارە بكات، هەر ئەویش دەتوانێ كێشەكانی ئێمە چارە بكات، پێم وایە ئەو پارەیەی كێشەی ئێمەش چارە دەكات زۆر نییە و هەر لە سنووری 300 ملیۆن دینارە ".

كێشەی یاریگەكەش هەر ماوە
یانەی بروسك جگە لە كێشەی دارایی، كێشەی یاریگەشی هەیە و یاریگەكەی بێ كەڵك بووە، بڕیاریش بوو لە پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی یاریگەكانیشدا بێبەش نەكرێ و نۆژەن بكرێتەوە، كە پەرلەمانی كوردستان پارساڵ 20 ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەكانی كوردستان تەرخان كرد،

بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەو پارەیەی بۆ یاریگەی بروسك دابین كرابوو، لە ئاست پێداویستییەكانی یاریگەكە نەبوو، بۆیە كاری نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە نەهاتە جێبەجێكردن و ئیدارەی یانەكە ڕازی نەبوون بەو پارەیەی بۆی تەرخان كرابوو،

یاریگەكەیان چاك بكرێت، چونكە سەرەتا بڕیار درابوو كە بڕی 1 ملیار و 200 یان 250 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە تەرخان بكرێت، بەڵام پاش ئەوەی لیژنەی پشكنین سەردانی یاریگەكەیان كرد و تێبینیی خۆیان نووسیبوو، كە دواتر لیژنەیەكی دیكەش هاتبوون و پارەكەیان كردە 450 ملیۆن دینار، واتە نیوەی زیاتری بڕەپارەی یەكەم كەم كرایەوە.

هەر لە بارەی كێشەی ئێستەی یانەی بروسكەوە، ڕاهێنەری تۆپی پێی یانەكە دڵشاد مەعرووف ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە تیپەكەی ماوەیەك هەفتەیەكە مەشقی نەكردووە و یاریزانەكان ئامادەنین یاری بكەن لەو هەفتەیەدا و داوای پارەی گرێبەستەكانیان دەكەن و دوێنێش بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە و یاریگەیان بەجێ هێشتووە.

تازەترین پێشهات
لە لایەكی دیكە سكرتێری یانەی وەرزشی بروسك (كاروان عەبدولكەریم) لە تازەترین پێشهاتی كێشەكانی یانەكەیدا ڕایگەیاند كە ئیدارەی یانەكەیان بڕیاری دا سەرجەم چالاكییە وەرزشییەكانی خۆی بوەستێنێت.

كاروان هۆكاری كشانەوە و ڕاگرتنی چالاكییە وەرزشییەكانی یانەكەیانی بۆ كەمتەرخەمی حكوومەت بە گشتی و بەرپرسانی وەرزشی بە تایبەتی گەڕاندەوە و گوتی: "گرێبەستی تەواوی یاریزانەكانی ئێمە 250 ملیۆنە، ئەم نرخەیش ناكاتە نرخی گرێبەستی یاریزانێكی عەرەب كە بۆ هەر یانەیەكی دیكەی كوردستان دێت."

گوتیشی: "یاریزانەكانی ئێمە چی دیكە ناتوانن بەم حاڵە بەردەوام بن، بۆیە دەستییان لە مەشق و ڕاهێنان و هەڵگرت، بەمەیش نزیكەی 30 یاریزان و گەنجی یانەكە بە هۆی قەیرانی دارایی و پشتگوێخستنیان بە ناچاری یاریگەیان جێ هێشت."

هاوكات دوێنێ لافیتەیەك لە بەردەم یاریگەی یانەی بروسك بە ناوی یانەكەوە هەڵواسراوە و نووسراوە "ئێمە ئەمانەوێت وەرزش بكەین، بەڵام؟؟؟؟دەرگەی یانەكەمان داخست و گشت چالاكییەكانمان وەستاند".

(كاروان عەبدولكەریم) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە هەموو لایەك ئاگاداران لە كێشە داراییەكانی یانەكە و هەمووشیان بێدەنگییان هەڵبژاردووە. ئەو پێشی وایە ڕەنگە دەستێك هەبێت ئەم حاڵەی یانەی بروسكی پێ خۆش بیت و ڕێگر بێت لە هەر هاوكارییەكی ئەو یانە دێرینەی كوردستان.

سكرتێری یانەی وەرزشی بروسك دەڵێت: "هەموومان دەزانین پێنج یاریزانی سەرەكی یانەی بروسك لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان یارییان دەكرد و كاپتن و گۆڵپارێزەكەیش هی یانەی بروسك بوو، تەنانەت یانەی بروسك قوتابخانە بوو بۆ یانەكانی دیكەی كوردستان،

یانەش هەبووە بە هەمان شێوەی ئێمە كێشەی دارایی خۆی بە گوێی بەرپرسان گەیاندووە و هەر زوو دەرگەی هاوكارییان بە ڕوویدا واڵا كردووە و یارمەتی و پشتگیری كراون، باشە بۆ یارمەتی بۆ یانەكانی دیكە هەیە تەنیا بۆ ئێمە نییە."


جێی سەرنجە یانەی بروسك ئەم وەرزە لە بارێكی خراپدایە و ئێستە لە دواپلەی ڕیزبەندی خولی كوردستانە و تەنیا 15 خاڵی هەیە و مەترسییەكی زۆری لەسەرە كە بۆ پلە یەك دابەزێت.





ئەرسەلان عەبدوڵا - هەولێر
Top