هێرۆ جەمال یاریزانی بالەی تەق تەق:هیچ كاتێك وەرزش رێگە لە خوێندنم ناگرێت

هێرۆ جەمال یاریزانی بالەی تەق تەق:هیچ كاتێك وەرزش رێگە لە خوێندنم ناگرێت
تیپی بالەی یانەی تەق تەقی سەر بە قەزای كۆیە یەكێكە لە یانە بەناوبانگەكان لەسەر ئاستی عێراق وكوردستان ئەنجامی وەكو پێویست بووە وخاوەنی ژمارەیەك یاریزانی بەتوانایە كە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیان دەكات، یەكێك لەم یاریزانانەش هێرۆجەمالە لەدایكبووی ساڵی 1997ی شارۆچكەی تەق تەق، لە هەمان كاتیشدا یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی كچانی هەولێرەوە ئەمساڵیش رۆلێكی گرنگی هەبوو لەبەدەست هێنانی چەندین ئەنجامی بەرچاو لە بەرز كردنەوەی نازناوەكە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*ئاستی یاریی بالە لە كوردستاندا چۆن دەبینیت ؟
- ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان بەرزە، رۆژ بە رۆژ یش لە پێشكەوتندایە و،لەو بڕاوایەشدام ئەگەر گرنگیی باش بەتیپەكانی كچان بدرێت ئاستیان باشتر دەبێت، دەتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنین لەسەر ئاستی دەرەوەش ئێمەش گرنگیدانی زیاترمان پێویستە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبكەوێت و پەرەی زیاتری پێبدرێت ؟
-لە ئێستادا زۆر پێویستە گرنگیی زیاتر بە یاریزانە تەمەن بچووكەكان بدرێت، بۆئەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لەگشت شارەكان هەروەها هۆڵی زیاتر بۆئافرەتان بكرێتەوە،چونكە ئێستا زۆربەی یانەكان هۆڵی تایبەتیان نییە بۆئەوەی پەرە بە ئاستی خۆیان بدەن، ئەگەر بكرێت ڕاهێنەری بیانیش بهێنین ئەوە كارێكی زۆر باشە.
*كێشەو گرفتان لە یانەی تەق تەق چییە ؟
- سوپاس بۆدەستەی كارگێڕی كە بەردەوام هاوكاریمان دەكەن وپاڵپشتی یانەكەمانن وهیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام ئەگەر بكرێت هۆڵێكی تایبەت بەخۆمان دروست بكرێت زۆر ئاستمان پێشدەكەوێت و پێداویستی زیاتری وەرزشیمان بۆدابین بكرێت لە سەر ئاستی ناحیەی تەق تەق كارێكی زۆر گەورە دەكەن،
*بە بۆچوونی تۆ بۆچی ئافرەت كەم بەشداریی وەرزش دەكات لە كوردستان؟
- بە شێوەیەكی گشتی زۆر جار ئافرەت حەز دەكات وەرزش بكات هیوای ئەوەی هەیە كەبتوانێت ئەنجامی هەبێت، بەڵام ڕەنگە لە لایەن خانەوادەكەیەوە ڕێگری لێ بكرێت كە حەز نەكەن وەرزش بكات،بەڵام ئێمە بە سوپاسەوە بەردەوام لەلایەن خانەوادەكەمانەوە هاوكاری دەكرێین .
*پەیامت چییە بۆئەو كچانەی وەرزش ناكەن؟
-وەرزش پەیامی خۆشەویستی و ئاشتییە، بەهیوای ئەوەشم هەموو ئافرەتێك بە پێی پێویست وەرزش بكات چونكە بۆ تەندورستی زۆر باشە، ئەوەی وەرزشیش ناكات با لەداهاتوو بێتە نێو ئەم جیهانە بەرفراوانە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك چییە؟
_بەهیوای ئەوەم لەگەڵ یانەی تەق تەقدا بتوانم لە پاڵەوانێتییەكی ئاسیادا بەشداری بكەین وباشترین ئەنجامیش لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە بەدەست بهێنین،ببمە یەكێك لە یاریزانە باشەكانی یانەكەم لەدوارۆژی خۆم وەكو وەرزشكارێك ئەگەر گرنگیی زیاتر بە یانەكەمان بدرێت وەكو پێویست.
*لەهەڵبژاردەی عێراق داوا كراویت ؟
-نەخێر چونكە تاكوئێستا ئەو دەرفەتەم پێنەدراوە بۆئەوەی خۆم لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بدۆزمەوە، بەڵام ئومێدم هەیە ئەگەر بتوانم بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بم لە وەرزشكردن،ئەنجامی بەرچاویش بەدەست بهێنم بگەمە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
*وەرزش رێ لە خوێندنت ناگرێت ؟
-من زۆربەی كاتەكانی خۆم بە شێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو داناوە، لە ورەزشكردن بەردەوامم ودەشخوێنم،
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت مابێت؟
_ سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم،بەهیوای ئەوەشم بەردەوام لە خزمەتكردنی ئافرەتی وەرزشكاردا بێت، لە ڕابردووش خزمەتێكی بەرچاوی بواری وەرزشی كردووە بەبێ جیاوازی لە ناوچەكانی كوردستاندا.
Top