بۆ یەكەمجار لە كوردستان ناوبژیوانانی كچ دروست دەبێت
شەونم سەڵاح بەشداربووی خولەكە بەگۆڤاری گوڵان گوت: خولێكی زۆر سەركەوتووبوو لەگشت روویەك هەردوو وانەبێژەكە لە ماوەی خولەكە بە شێوازێكی زۆر زانستی وانەكانیان بۆئێمە دەگوتەوە، گوتیشی هەرچەندە من یەكەم جارە وەكو كچە وەرزشكارێك بەشداری خولێكی وادەكەم، بەڵام هیچ كێشەیەكمان تووش نەهات و داوكاریشین كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بەردەوام بێت، بۆئەوەی ئاست و توانای كچانیش زیاتر بێت و لە داهاتوو بتوانین لە خولەكانی كوردستان وەكو ناوبژیوان یارییەكان بەڕێوەببەین، پەرەی زیاتر بە ئاستەكانی كچانی وەرزشكار بدەن، چونكە ئەگەر بەراوردی رێژەی كچان و كوڕان بكەین لە خولەكە كچان ژمارەیان كەمبوو ئێمە كار لەسەر ئەوە بكەین كە رێژەی كچان زیاد بكەن لەم خولانە.
هێلین هەندەران بەشداربووی خولەكە گوتی: كردنەوەی هەر خولێك بۆكچانی وەرزشكار سوودی تایبەتی خۆی دەبێت، ئێمەش وەكو كچانی بەشداربوو لە خولەكە سودێكی زۆرمان بینی بەهیوای ئەوەشین كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بەشێوەیەكی بەردەوام بكرێتەوە بۆئەوەی كوڕانیش شان بەشانی كچان بەشداری كاری ناوبژیوانی بكەن لە یارییەكان، ئەوەی جێگای تێبینیشە كچانی وەرزشكار زۆر بەكەمی بەشداری خولەكان دەكەن، دەبێ رۆڵی مامۆستاكانیش زیاتر بێت بۆئەوەی هانی قوتابیان بدەن لە وەرزش كردن و چوونە ناو خولەكان،سودێكی زۆریشمان بینی لەم خولە گرنگە، ئەوە هیوای ئێمەش لە داهاتوو لە یارییەكانی خولەكانی كوردستان یاری بەرێوەببەین.
سورەییە نادر كچە بەشداربووی خولەكەش روونی كردەوە كە خولێكی زۆر سەركەوتووبوو لە گشت روویەكەوە و ئاستێكی زۆر بەرزی هەبوو بەهیوای ئەوەم لە داهاتوو ژمارەی كچان زیاد بێت بۆئەم جۆرە خوڵانە بۆئەوەی زۆرترین زانیاری لەسەر كاری ناوبژیوانی وەربگرن، بۆئەوەی ئاستمان زیاتر بەرەو پێش بچێت پێویستە لەسەر یەكێتی تۆپی پێی كوردستان خولی بەردەوامان بۆبكەنەوە و گرنگی زیاتر بەتواناكانمان بدرێت، بۆبەدەست هێنانی ئەنجامی باش و ببن بە ناوبژیوان بەهیواوە بەشداری ئەم خولەم كردوە و دەمەوێ لە داهاتوو ببمە ناوبژیوانێكی سەركەوتوو لە یاریگاكاندا.
ئەرسەلان قادر وانەبێژی خولەكەش لە لێدوانێكدابۆ گۆڤاری گوڵان،گوتی: دەمەوێ سەرەتا سوپاسی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بكەم، كە پاڵپشتێكی بێ وێنە بوون لە كردنەوەی ئەم خولە بە بۆچوونی منیش كردنەوەی ئەم خولە بە یەكێك لە كارە هەرە گرنگەكانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دەژمێردرێ، یەكەم جاریشە لە كوردستان بتوانین كچان بهێنینە ناوكاری ناوبژیوانی و بەشداری خولەكانیان پێ بكەین، زۆر خۆشحاڵ بووم بە كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە كە زۆربەی كچە بەشداربووەكان لە پەیمانگای وەرزشی بەشداری خولەكەیان كردبوو، هیوادارین كچان بەردەوام لەگەڵمان بن بۆبەشداری كردن لە خولەكانی داهاتوو، گوتیشی لە داهاتوو هەوڵدەدەین بەفەرمی لە یارییەكان یارییان پێ بەڕێوەببەین، بەڵێنی ئەوەشمان وەگرتووە لە خولەكانی داهاتووی تازەپێگەیشتوان كاری ناوبژیوانیان پێ بكەین.
سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بۆگۆڤاری گوڵان ئاماژەی بەوەكرد كە زۆرخۆشحاڵین بە كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بۆناوبژیوانانی كوڕو كچی شارەكانی كوردستان، ئەوەی جێگای خۆشحاڵیشە كە رێژەی كچان بەشێوەیەكی باش دەبینین لەم خولە بەشداربووینە و دەبێتە مایەی خۆشحاڵی هەموولایەك، یەكمجاریشە كچان بەم شێوەیە ئارەزووی ئەوەدەكەن ببن بە ناوبژیوانی كوردستان، ئێمە وەكو بەرنامەی خۆمان بەردەوام دەبین لە كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بۆئەوەی زیاتر گرنگی بەتواناكانی ئافرەتانی وەرزشكاربدەین لە گشت شارەكانی كوردستان ئێمە هاوكاریان دەبین لە كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە وئەمە یەكمجاریشە ئەو جۆرە خولانە دەكرێتەوە، بڕواشم وایە لەداهاتوو ژمارەی كچانی ئارەزوومەندی كاری ناوبژیوانی زیاتر بێت، كاریان پێ دەكەین لەگەڵ ئەو ناوبژیوانانەی كە خاوەن ئەزموون بۆئەوەی ئەوانیش بە شێوەیەكی باش فێری كاری ناوبژیوانی ببن،لەداهاتوو كارەكانیان پێ ڕادەسپێردرێ بە باشی بەڕێوە ببەن.
