فەرهاد پیرباڵ هۆنراوە تێكەڵ بە وەرزش دەكات

فەرهاد پیرباڵ هۆنراوە تێكەڵ بە وەرزش دەكات
هەردەم گوێبیستی ئەوە بووین، كە شاعیر پەیوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ وەرزش نییە رەنگە حەز لێبكات، بەڵام زانیاری تەواوی نەبێت یاخود نەچێت یاریگا.
بەڵام شاعیری بە توانا د.فەرهاد پیرباڵ یەكێكە لە هاندەرە سەرسەختەكانی یانەی هەولێر ئەم شاعیرە لە زۆربەی یاخود لە گشت یارییەكانی یانەی هەولێر لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئامادە دەبێت و لە نێو جەماوەر دادەنیشێت، هەرچەندە كەسایەتییەكی دیاری ئەم شارەیە، بەڵام هەردەم لەگەڵ هاندەران هانی یانەكەی دەدات، ئەوەی سەرنجی چۆنیەتی هاندانی ئەم شاعیرە بكات دەبێتە جێگەی بایەخدان رەنگە زۆربەی كات نەتوانی سەیری یارییەكە بكەی بەهۆی هاندانی د.فەرهاد پیرباڵ كە بەشێوازێك هان دەدات، كە دەبێت تامەزرۆی ئەوە بێت، كە سەیری بكەیت. لە هەمووش گرنكتر ئەم شاعیرە لە گشت یارییەكان لە كاتی دەستپێكردنیان تا كۆتایی بانگهێشتی یەكەیەكە یاریزانەكان دەكات بە تایبەتی یاریزانە كوردەكان بە بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون یاخود بێزاری بكات، بەڵام د.فەرهاد پیرباڵ زۆر سەرسامە بە ئاستی یاریزانی پیشەگەری ئۆگەندی ئیڤان بۆكینا لە كاتی یارییەكان بە ئینگلیزی بانگهێشتی ئەم یاریزانە دەكات و هانی دەدات و هەروەها رێنمایی دەدات و هەردەم دەڵێت یانەی هەولێر واتە ئیڤان و ئیڤان واتە یانەی هەولێر، چونكە بە بۆچوونی ئەو ئەم یاریزانە زۆر جار یاری بۆ شێرەكانی قەڵای زەرد دەكات، هەندێك جار لە كاتی هاندان هۆنراوە تێكەڵ بە وەرزش دەكات. هیوادارین گشت هونەرمەندان و شاعیر و گۆرانبێژ بوونی خۆیان لە نێو بواری وەرزشی كوردستان بچەسپێنن، چونكە بوونیان دەبێتە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ هاندەران و هەروەها وەرزشوانانەكان.
Top