هەموو شتێك لە بارەی یاری كلاسیكۆی ئهمشهوهوه
بۆیە ئەركی هیچ كام لە یانەكان ئاسان نییە و هەردوولایان وەك یەك دەرفەتی گەییشتنیان بە یاریی كۆتایی هەیە.
هەموو یاریزانان ئامادەن
بە پێی زانیارییەكانی سایتی هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید، نزیكەی هەموو یاریزانانی هەردوولا بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ ئامادەن. هەرچەندە لە یارییەكەی بەرانبەر سڤیلیا،
یاریزان ئەلێكسیس سانچێز تووشی ئازار بوو و بە هۆیەوە یارییەكەی جێ هێشت، بەڵام دواتر ڕاگەیاندرا كە بۆ یاریی كلاسیكۆ ئامادەیە و تەنیا گومانی یارینەكردنی ئەدریانۆ كۆریا هەیە،
چونكە لە یەكە مەشقییەكانی یانەكەیدا هەستی دەكرد ئازار لە پێبەستەكانی ئەژنۆیدا هەیە و لە یاریی سڤیلیایش نەیتوانی بەشداری بكات. ئەم بارە لە كاتێكدایە،
ڕیاڵ مەدرید تەنیا لە تواناكانی ئیكەر كاسیاس بێبەشە و هەرسێ یاریزان ڕافائێل ڤاران و چابی ئەلۆنزۆ و كەریم بنزیمایش لە پێكانەكانیان چاك بوونەتەوە و هیچ كێشەیەكیان نییە. ئامادەبوونی هەموو یاریزانان،
هەواڵێكی خۆشە بۆ ڕۆرای یاریدەدەری ڤیلانۆڤا و مۆرینهۆی ڕاهێنەری شایانە، چونكە دەتوانن بە خواستی دڵی خۆیان پێكهاتەی جۆراو جۆر و شێوازی هەمەڕەنگ پێڕەو بكەن.
شاندی ڕیاڵ ئەمڕۆ دەچنە بەرشلۆنە
هەروەك چۆن چۆن لە مانگی ئابی ڕابردوویشدا هەمان ڕۆژی یاریی گەشتی شاری بەرشلۆنەیان كرد، ئەمجارەیش مۆرینهۆی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید بڕیاری دا،
كە سپێدەی ئەمڕۆ (سێشەممە) بەرەو بەرشلۆنە بە ڕێ بكەون و دوای گەییشتنیان بە شاری بەرشلۆنە، یەكسەر دەچنە هۆتێلی "ئیرۆستارس گراند مارینا -Eurostars Grand Marina" و تا سەعات 7 لەوێدا دەمێننەوە و دواتر دەچنە یاریگە، دوای یارییەكەیش یەكسەر دەگەڕێنەوە شاری مەدرید.
ناوبژیوان بۆ كێ خێردارە؟
یەكیەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، بڕیاری دابوو ناوبژیوانی یارییەكە (ئەندیانا مالینكۆ)ـی باسكی بێت.
ئەو ناوبژیوانە پێشتر 6 یاریی كلاسیكۆی نێوان بەرشە و ڕیاڵی بەڕێوە بردووە، كە پێنجیان لە كامپ نۆ بوون، لە كۆی ئەو 6 یارییەدا، بەرشلۆنە 3 یاریی بردووەتەوە و ڕیاڵ مەدرید دوو یاریی بردووەتەوە و لە یارییەكدا یەكسان بوون. یەكەم یاریی كلاسیكۆلە جامی شادا كە ئەو ناوبژیوانە بەڕێوەی برد، لە 20ـی ئەپرێلی 2011ـدا بوو، كە یاریی كۆتایی بوو و ڕیاڵ بە گۆڵێكی ڕۆناڵدۆ ناسناوەكەی بردەوە.
كاكا، چەكی تازەی دەستی مۆرینهۆ
ڕیكاردۆ كاكای بەڕازیلی، ماوەیەكە ئاستی لە بەرزبوونەوەدایە و هەفتەی ڕابردوویش كاتێك ڕیاڵ بەرانبەر دیپۆرتیڤۆ بە گۆڵێك لە دواوە بووە، گۆڵی یەكسانبوونی تۆمار كرد.
بۆیە چاودێرانی وەرزشی، كاكا بە چەكی تازە و نهێنی دەستی مۆرینهۆ دادەنێن. كاكا كە بە بڕی 67 ملیۆن یۆرۆ چووە ڕیزەكانی ڕیاڵەوە و لە زۆر بۆنەدا بە خراپترین بۆندی ڕیاڵ لە مێژوودا هێمای بۆ كراوە، ئێستا ئاستی لە هەڵشكاندایە و لە دوایاریی یانەكەی جگە لە گۆڵەكەی، گۆڵێكیشی دروست كرد.
دۆخی ئێستای هەردوو یانە
بە شێوەیەكی گشتی، لەم ساتەوەختەدا، ئاستی یانەی ڕیاڵ مەدرید جێگیرترە، هەرچەندە بەرشلۆنە لە لا لیگادا بە جیاوازیی 16 خاڵ لە پێش ڕیاڵەوەیە،
لێ هەفتەی ڕابردوو لە یاریی چوونی قۆناغی 16ـی چامپیۆنس لیگ بە ئەنجامی (0-2) گۆڵ بە میلان دۆڕا و لە لا لیگایش بە ئەستەم لە سڤیلیای بردەوە. هەرچی ڕیاڵە یاریی چوونی بەرانبەر مان یوو بە گۆڵێك یەكسان كرد و بە هەمان شێوەی بەرشەیش لە لا لیگادا بە ئەستەم لە یانەی دیپۆرتیڤۆی بردەوە.
ئەنجامەكان و گەییشتن بە كۆتایی
بەو هۆیەوەی لە یاریی چووندا كە لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام درا، یارییەكە بە ئەنجامی (1-1) گۆڵ كۆتایی پێ هات. ئەگەر یانەی بەرشلۆنە لە نێو یاریگەی خۆیدا یارییەكە بە هەر ئەنجامێك بباتەوە، یان بەبێ گۆڵ یەكسان بێت،
ئەوا دەگاتە یاریی كۆتایی. خۆ ئەگەر ڕیاڵ مەدرید یارییەكەی بە هەر ئەنجامێك بردەوە، یان یارییەكەی بە ئەنجامی گەورەتر لە (1-1) یەكسان كرد، دەگاتە یاریی كۆتایی جامی شا و لە باری یەكسانبوونی یارییەكە بە ئەنجامی (1-1) ناوبژیوان دەیانباتە دوو چارەكی زیادكراو و ئەگەر لەو كاتەیشدا یەكسان بوون،
ئەوا لێدانە یەكلاكەرەوەكانی خاڵی سزا، دەبێتە سەنگی مەحەك بۆ دیاریكردنی تیپی یاریی كۆتایی، كە ئەو تیپەیش لەگەڵ براوەی یەكێك لە یانەكانی سڤیلیا و ئەتلەتیكۆ مەدرید یاری دەكات.
پێكهاتەی چاوەڕێكراوی هەردوو یانە:
بە پێی خوێندنەوە بۆ چەند یارییەكی ڕابردووی هەردوو یانە، پێشبینی دەكرێت پێكهاتەكەیان بەم شێوەیە دابڕێژن.
بەرشلۆنە: پینتۆ، كارلێس پویۆل، دانی ئالڤێس، جێرارد پیكێ، خۆردی ئەلبا، سێرجیۆ بۆسكێتس، چاڤی هێرناندێز، سیسك فابریگاس، پێدرۆ ڕۆدڕیگز، لیۆنێل مێسی و ئەندرێس ئینیێستا.
ڕیاڵ مەدرید: دیێگۆ لۆپێز، سێرجیۆ ڕامۆس، كلیبەر پێپی، ڕافائیل ڤاران، فابیۆ كۆینتراو، چابی ئەلۆنزۆ، سامی خزێرە، مەسعوود ئۆزیل، ڕیكاردۆ كاكا، ئەنخێل دی ماریا و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ.
یارییەكەی تر
بڕیارە سبەی (چوارشەممە) یارییەكەی دیكەی جامی شا، لە نێوان هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و سڤیلیادا ئەنجام بدرێت، كە ئەتلەتیكۆ مەدرید یاریی یەكەمی لە نێو یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامی (2-1) گۆڵ بردبووەوە،
بۆیە لەو یارییەدا بە بردنەوە و یەكسانبوون بە هەر ئەنجامێك دەگاتە یاریی كۆتایی و سڤیلیایش ئەگەر یارییەكەی بە (1-0) یان (3-1) و گەورەتر بردەوە، دەگاتە كۆتایی،
بەڵام لە باری (3-2، 4-3، 5-4) و ئەنجامەكانی تردا، ئەتلەتیكۆ مەدرید دەگاتە یاریی كۆتایی، چونكە ئەو كاتە ئەتلەتیكۆ مەدرید گۆڵی زیاتری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تۆمار كردووە.
هەولێر - مامە یارە ئەحمەد
xendan
