سەمیان فەرهاد: بۆ پێشخستنی ئەم یارییە پێویستمـان بە ڕاهێنەری بیانی هەیە

سەمیان فەرهاد: بۆ پێشخستنی ئەم یارییە پێویستمـان بە ڕاهێنەری بیانی هەیە
هەرچەندە یاری تایكواندۆ بە یەكێك لە یارییە ترسناكەكان دادەنرێت و زۆر جاریش یاریزان تووشی روداوی جۆراوجۆر دەبێت، بۆیە هەموو یاریزانێك خۆی لێ نادات، لە ئێستاشدا لە شاری هەولێر ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا هەن دەیانەوێت ببنە پێشەنگی ئەم یارییە لە عێراق، یەك لەم یاریزانانەش سەمیان فەرهادە یاریزانی تایكواندۆی یانەی ئافرەتانی هەولێرەو لە دایكبووی ساڵی 1995ی شاری هەولێرە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو ئەم یارییە جەنگاوەرییەت هەڵبژارد؟
- من هەر لە منداڵییەوە خولیایەكی زۆرم هەبوو بۆ یاری تایكواندۆ،بۆیە لە رێگای هاوكاری كردنی چەندین ڕاهێنەری بەتوانا، توانیم خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە.
* ئاستی یاریی تایكواندۆ لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
- هەر چەندە ئەم یارییە یارییەكی قورسە هەموو یاریزانێك ناتوانێ خۆی لێبدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاستەكەی زۆر بەرز نییە بەڵكو ئاستێكی مام ناوەندییە ئومێد هەیە لە داهاتوو پێش بكەوێت.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە هەولێر لە چ ئاستێكدایە؟
- شاری هەولێر خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لەم یارییەداو، ئێستاش من گەشبینم بە ئاستی، چونكە خەمخۆری باشی هەیە كەپێشیبخەن ئومێدیش دەكەم گرنگیی زیاتری پێبدرێت.
*پێت باشە چی بكرێت،بۆبەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- پێم باشە یاریزانی بەتوانا كۆبكەنەوە، ڕاهێنەری بیانی بهێنین بۆمەشق كردنی یاریزانان و خولی بەردەوام بكرێتەوە گرنگی بە ئاستەكانی منداڵانی تەمەن بچووك بدەن، ئەگەر ئەم كارانە بكرێت من گەشبین دەبم بە ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان.
*ئەنجامە باشەكانت وەكو یاریزان چین ؟
-لە سەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمم بەدەستهێنا لەسەر كێشی خۆم، لە ئاستی هەولێریش یەكەم بووم، لەسەر ئاستی كوردستانیش ئەنجامەكانم دڵخۆشكەرن.
* پێشتر لەهەڵبژاردەی عێراق داواكرابوویت ؟
-بەڵێ ئێستاش یاریزانی هەڵبژاردەی تایكواندۆی كچانی عێراقم
*لەئێستادا بەرنامەت چییە وەكو یاریزانێك ؟
- من بەردەوام لە خۆ ئامادەكاریم بۆپاڵەوانێتییەكانی داهاتوو بۆئەوی ئاستی خۆشم لەدەست نەدەم بەردەوام لەسەر دەستی ڕاهێنەرەكەم لە مەشقی بەردەوامدام.
*كێشەو گرفتان لەم یارییە چییە ؟
- ئەوەی كێشەی ئەم یارییە بێت تەنیا نەبوونی هۆڵی پێویستە، ئەگەر هۆڵێك دروست بكرێت تایبەت بە یارییەكانی تایكواندۆ من و چەندین یاریزانی دیكە بە شێوەیەكی بەر بڵاو ڕوو لەم یارییە دەكەن وئەنجامیشیان دەبێت.
*خانەوادەكەت لە وەرزشكردنت رێگرێت لێ ناكەن؟
-بە سوپاسەوە زۆر هاوكارمن لێرەوە سوپاسیان دەكەم،ئەگەر پشتگیرییەكانی ئەوان نەبێت ناتوانم بەردەوام بم لە وەرزشكردن.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- وەكو كچە یاریزانێكی كورد ئاواتم ئەوەیە بتوانم بەشداری لەپاڵەوانێتییەك لە دەرەوە بكەم و ئاڵای كوردستان بەرزكەمەوە.
*وەرزشكردن رێ لە خوێندنت ناگرێت؟
- هیچ كات وەزرش نەبۆتە رێگر لەبەردەم كارەكانم،بەردەوام هەماهەنگی باشم هەبووە لە هەمان كاتدا بۆ خوێندن و وەزرشكردنم.
*ئەم یارییە یارییەكی شەڕەنگێزییە هیچ كات تووشی رووداو نەبوویتەوە؟
- بێ گومان كە تۆ شتێك هەڵبژێریت ئازاریش دەچێژیت، بەڵام خۆشبەختانە تاكو ئێستا تووشی رووداوی ترسناك نەبووم.
* چی بەوكچانەی دەڵێیت كە لە وەرزشكردن دوورن ؟
-بەهیوای ئەوەم وەرزش ببێتە دەروازیەكی باش بۆئەو كەسانەی كە وەرزش ناكەن، تا ئەوانیش بێنە نێو وەرزشەوە.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
- بەهیوای سەركەوتنی زیاترم بۆگۆڤاری گوڵانی خۆشەویست كە بەردەوام ئافرەتانی وەرزشكار بەسەردەكاتەوە خزمەتی زیاتری وەرزشی كردوە.

Top