عومەر سەلیم بووە بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر

عومەر سەلیم بووە بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر
دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر بەفەرمی بڕیاری دا، بەڕێوبەرێكی نوێ بۆ تیپی تۆپی پێی یانەكە دەستنیشان بكات.
دوای لابردنی یاریدەدەری راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەكە مەهدی عەبدولساحب لە پۆستەكەی، دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر بەفەرمی بڕیاری دا، عومەر مەجید وەكو یاریدەدەری راهێنەر دەستنیشان بكات و عومەر سەلیم وەكو بەڕێوەبەری تیپی تۆپی پێی یانەكە دەستنیشان بكات.
عومەر سەلیم یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر، لە ساڵی 1974 تا 1986 یاریزانی یانەی هەولێر بووە و لە هێڵی بەرگری یاری دەكرد، دواتر لە ساڵی 1986 پەیوەندی بە یانەی موسڵ كرد و یاری بۆ هەڵبژاردەی هەولێر كردووە، دواتر لە ساڵی 1988 چووە هاندەران و لە وڵاتی كەنەدا نیشتەجێ بوو تا ئێستا.
لە وڵاتی كەنەدا كاری راهێنەرایەتی دەكرد و هەروەها راهێنەری تیپی تۆپی پێی یەكێك لە یانەكانی كچانی ئەم وڵاتە بوو.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمی یانەكە، عومەر سەلیم گوتی: هەست بە خۆشیەكی زۆر دەكەم، كە بتوانم دووبارە خزمەتی شارەكەم بكەم، هەرچەندە لە سەرەتا بڕیارم دا بەخۆڕایی كار بكەم، بەڵام سەرۆكی یانە ئەمەی قبوڵ نەكرد.
لە درێژەی قسەكانیدا عومەر سەلیم گوتی: لەبەر خۆشەویستی یانەی هەولێر، بڕیارم دا خێزانم و كورەكەم لە وڵاتی كەنەدا بەجێ بهێڵم و هەروەها لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی كەنەدا بۆ ماوەی 25 ساڵ كارم دەكرد، بڕیارم دا ئەم كارەش بەجێ بهێڵم.
Top