هەر چەندە یانەی دهۆك لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر دەستی ڕاهێنەری بەتوانای عێراقی حەمزە عوبێدی ڕاهێنەری باسكەی یانەی دهۆك لە خولی نایابی عێراقدا چەندین ئەنجامی بەرچاوی لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە لەگەڵ یانەی دهۆك بەدەستهێناوە، لە دوو رۆژی ڕابردووش بە بڕیارێكی لە ناكاو دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی ڕاهێنەرایەتیی یانەی دهۆك پێشكەشی دەستەی كارگێڕی یانەكە كرد لە دوای پێنج ساڵ كاركردن لەگەڵ یانەكە، یانەی دهۆكیش لە شوێنی ئەو ڕاهێنەرێكی سربی بە ڕاهێنەر دەستنیشان كرد، لەم بارەیەوە سەعید ئەحمەد سەرۆكی یانەی دهۆك بەگۆڤاری گوڵانی گوت: بەهۆی نەخۆشی و كاری تایبەت بە خۆیەوە حەمزە عوبێدی ڕاهێنەری باسكەی خولی عێراقی یانەكەمان لەسەر ڕەزامەندی هەردوولامان دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەش بەئێمە كردو ئێمەش بە شێوەیەكی ئاسایی پەسندمان كرد، هەرچەندە ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ یانەی دهۆك كاردەكات، بەڵام ئەو بڕیارە تایبەتە بەخۆی بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە بە شێوەیەكی فەرمی لە شوێنی ناوبراو گرێبەستمان لەگەڵ ڕاهێنەری بەتوانای وڵاتی سربیا (فلادیمین) مۆركردووە، ئەم ڕاهێنەرە ئەزموونێكی زۆری هەیە لە هەریەك لە خولەكانی وڵاتانی ئێران و لوبنان وسوریا وئوردن مەشقی بە یانەكانی ئەو وڵاتانە داوەتەوە لە بارەی بڕی گرێبەستەكەشی ناوبراو گوتی :هیچ گرێبەستێكی نییە لەگەڵ یانەی دهۆك وەكو پارە جگە لە موچەیەكی مانگانە كە بڕەكەی 5هەزار دۆلارە .