ژیلوان حەمەد یاریزانی هەڵبژاردەی یەكەمی سوید:هەستم بە سەربەرزی كرد وەك كوڕە كوردێك لەو ئاستە یاری دەكەم

*ئەگەر باسی قۆناغەكانی سەرەتای یاری كردنتمان بۆبكەیت؟
- لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە وەرزش دەكەم سەرەتا لە فێرگەی (بی كەی فۆرۆارد)لە شاری ئۆرۆبرۆ لە وڵاتی سوید دەستم بە یاری تۆپی پێی كردوە، هەموو قۆناغەكانی یاری كردنم لەو یانەیە بڕی تا گەیشتمە ریزی یەكەمی یانەكە لە ساڵ 2006 تاكو ساڵی 2008 لە تیپی یەكەمی یانەی بی كەی فۆرۆارد یاریم كردوە.
*چۆن بوو چوویتە یانەكەی پێشووی ئیبراهیمۆڤیچ كە ئەویش مالمۆیە.؟
- لە سەرەتای ساڵی 2008تا كۆتایی ساڵێ 2011 بە پێی گرێبەستێك یانەی بی كەی فۆرۆاردم بەجێهیشتوو چوومە ریزی یانەی مالمۆ ئەمساڵیش گرێبەستەكەم هەر لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام دەبێت تاكو كۆتایی ساڵی 2013.
*هەستت چۆن بوو كاتێك لە ساڵی 2010جامی سویدتان بەدەست هێنا؟
-هەستێكی زۆر خۆشم هەبوو كە من وەكو كوڕە كوردێك بتوانم ئەم نازناوە بەدەست بهێنم و ئاستێكی شایستەش پێشكەش بكەم .
*لەگەڵ هەڵبژاردەی سوید بەردەوامیت ؟
-بەڵێ من لە قۆناغی تازە پێگەیشتووانەوە لە ساڵی 2006-2007 یاریمكردوە ئاستم باش بووە، دواترلە ساڵی 2007تاكو 2012یاریم بۆهەڵبژاردەی لاوانی سوید كردوە ئینجا بۆ تیپی یەكەمی هەڵبژاردەی سوید بانگهێشت كراوم، ئێستاش یاریزانی هەڵبژاردەی سویدم لە پاڵ یاریزانەكانی دیكەی وەكو ئیبراهیمۆڤیچ.
* چۆن بوو بانگهێشت كرایت بۆ ریزی یەكەمی هەڵبژاردەی سوید كە بەزەحمەت یاریزانی خولی سوید وەردەگیرێت؟
- ئەوەی ڕاستی بێت من توانیم ئاستی باش م لەگەڵ یانەی مالمۆ پێشكەش بكەم،لەگەڵ ئەوەشدا كە من و یاریزانێكی دیكەی خولی سوید وەرگیراین،دەنگۆیەكی زۆر دروست بوو لە سوید چونكە زیاتر یاریزانی سوید لە خولەكانی دیكە وەردەگیرێن، منیش زۆر دڵخۆشبووم بۆ من شتێكی گەورە بوو، لە مانگی 2ی ساڵی 2013بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرژەنتین یاری دەكەین پەنا بەخوا یەكێك دەبم لە یاریزانەكانی هەڵبژاردەكە.
* بۆچی زۆر جار لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان دەڵێیت یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق ناكەم ؟
-من لە منداڵییەوە لە وڵاتی سوید گەورە بوویمە، نەمزانیوە كە كوردیش هەیە، بەڵام بۆ من زۆر زەحمەتە بێم بۆ هەڵبژاردەی عێراقی یاری بكەم ئەوە خەونی هەموو كەسێكە كە لە ریزی هەڵبژاردەی سوید یاری بكات، هەر چەندە سیدكا لە ساڵی 2010پەیوەندی پێوە كردم گوتی زۆرم پێخۆشە ئەگەر بێیت بۆهەڵبژاردەی عێراق یاری بكەیت منیش ئەوكات كاپتنی هەڵبژاردەی لاوانی سوید بووم هیوای ئەوەشم هەبوو یگەمە هەڵبژاردەی یەكەمی سوید، بۆیە ڕەتمكردەوە و پێم باش بوو لە سوید بمێنمەوە، چونكە هەڵبژاردەی سوید لە پاڵەوانیـتی گەورە بەشداری دەبێت وەكو جامی جیهان.
*چۆن دەڕوانیتە راگەیاندنی وەرزشی؟
-بەڕاستی كارێكی گەورەیان بۆمن كردووە لە هەموو رۆژنامە كوردیەكان و عێراقیەكان بەردەوام لەسەرمن نووسراوە، ئەمجارەش زۆر كاریان بۆكردم كە هاتمەوە پێشوازییەكی گەورەیان لێكردم.
* لە كۆتایی ساڵی داهاتوودا گرێبەستەكەت لەگەڵ مالمۆ كۆتایی دێت بە نیازیت روو بكەیتە چ خولێك؟
-من یەك ساڵ گرێبەستم لەگەڵ مالمۆ ماوە و ئێستا كارگێڕانی یانەی مالمۆش قسەیان لەگەڵ بریكارەم كردوە بۆ نوێ كردنەوەی گرێبەستەكەم، پێش ئەوەی بگەڕێمەوە كوردستانیش گرێبەستم بۆهاتووە لە خولەكانی ئەوروپا بەتایبەتی لە بەریتانیا وئەڵمانیاوە، بەڵام بیر دەكەمەوە ئەوكات بڕیار دەدەم.
ماوەی 5 ساڵە لە مالمۆ یاری دەكەم ئاستی باشیشم پێشكەش كردووە، من كاتی خۆی وام دانا بوو یاری باش بكەم ئینجا روو لە وڵاتێكی دیكە بكەم.جارێ تەمەنم بچووكە و دەرفەتم لە پێشدا ماوە كاتی ئەوەشم هەیە بتوانم لە یانەیەكی گەورە یاری بكەم ولە یانەكانی ئەوروپاش قسەم لەسەر دەكرێت.
*ناوبانگی هەولێرت بیستبوو؟
-بەڵێ من لەگەڵ باوكم زۆرجار لە تیڤیەكان سەیری هەولێر دەكەین، زۆریشم پێناخۆش بوو كاتێك لە یاری كۆتایی جامی ئاسیا بەرامبەر كوێتی دۆڕا.
*كە چوویتەوە رانیە یارییەكی دۆستانەت ئەنجامدا چۆن سەیری ئەو دەڤەرە دەكەیت؟
- تاكوئێستا یاریگایەكی 11یاریزانی نییە لە شاری رانیە چونكە یاریگاكەیان 9 یاریزانییە و لێرە كەش باشە و كەچی یاریگایەكی وەكو پێویست نەبوو، لە ئەوروپا یاریزان شانسی ئەوەی هەیە ببێتە یاریزانی باش بەڵام بەداخەوە لە كوردستان ئەوەم نەبینی و لێرە ئەم هەلە لە بار نییە كە یاریزانی بەتوانا دروست بێت.
*بڕیارت نەداوە بێیتەوە كوردستان بۆیەكێك لە یانەكان یاری بكەیت؟
-من ماوەی 5 ساڵە لە مالمۆ یاری دەكەم، زۆر زەحمەتە بۆمن بێمەوە كوردستان و یاری بكەم، چونكە ئێستا تیپێكی باشیان نییە لە ئاستی ئەوروپا بێت تا یاری بۆبكەم من ناتوانم لە ئێستادا بڵێم دێمەوە بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا كە گەڕامەوە ڕەنگە بە تەمەنتر بم و، یان بێمەوە بۆئەوەی خزمەت بكەم و یاریزانی باش بهێنم بۆئەوەی سوود لە ئەزموونی وەربگرن یان بەهەر شێوەیەكی دیكە بێت.
* لەوڵاتی سوید هیچ كات بۆ هاوڕێیە یاریزانەكانت باسی نەتەوەی كوردت كردوە؟
- لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا نەتەوەی كورد ناوبانگی باشی هەیە بە تایبەتی لە وڵاتی سوید ژمارەیەكی زۆر كوردی لێ نیشتە جێیە، لە سوید لە چاوپێكەوتنەكاندا دەڵێم من كوردم وباسی كوردستانم بۆیان كردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی سوید ئاڵای كوردستانم بەرز كردۆتەوە، لەسەردەستیشم ناوی كوردستان و ئاڵای كوردستانم كوتاوە.بە شانازییەوە دەڵێم خەڵكی كوردستانم بەهەموو هاوڕێیەكانیشم دەڵێم كورد كێیە.
*بۆچی وەكو یاریزانێكی پیشەگەر هەوڵنادەیت كۆمەڵێك یانە بهێنیتە هەرێمی كوردستان؟
-ئەگەر یانەكانی كوردستان داوای ئەوە بكەن كارێكی باشە و زۆریش لە تیپەكانی سوید خۆشحاڵ دەبن بەم هۆیە و منیش لە لایەن خۆمەوە هەوڵ دەدەم ئەوكارە بكەم ئەوانیش حەز دەكەن ئەگەر كوردستان ئامادەبێت.
*لە هەڵبژاردەی كوردستان داوا كراویت ؟
-بەڵی بەس من یاریزانی هەڵبژاردەی سویدم بۆیە من یاریم بۆهەڵبژاردەی كوردستان نەكردوە بەر لە سێ ساڵ بانگهیشت كرام بەس ناتوانم لە هەمان كاتدا بۆدوو هەڵبژاردە یاری بكەم.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- زۆر سوپاسی ئێوە و هەموو راگەیاندنەكان دەكەم كە گرنگی باشیان بەمن داوەو هەوڵیش دەدەم ناوی كوردستان لەسەر ئاستی جیهانی بەرزكەمەوە.



