هەولێر بووە پاڵەوانـی ناوەندە وەرزشییەكانی هەولێر و دەوروبەری

هەولێر بووە پاڵەوانـی ناوەندە وەرزشییەكانی هەولێر و دەوروبەری
یاریی كۆتایی پاڵەوانیەتیی تۆپی پێی ناوەندەكانی وەرزش و لاوانی هەولێر و دەوروبەری لە نێوان هەردوو ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر و بەحركە لە ئاستی تازەپێگەیشتووان ئەنجامدرا و هەولێر بووە پاڵەوان.
یارییەكە ئێوارەی دووشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە كادیرانی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی هەولێر و بەشێك لە جەماوەری وەرزش لە یاریگەی چیمەنی دەستكردی هۆڵی زەرد بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامیشدا ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر توانی ئەنجامێكی گەورە تۆمار بكات و بە 4-1 گۆڵ لە ناوەندی وەرزش و لاوانی بەحركەی بردەوە و نازناوی پاڵەوانیەتییەكەی بەدەست هێنا.
تیپی تازەپێگەیشتووانی ناوەندی هەولێر لە لایەن هەردوو ڕاهێنەر وشیار مەعرووف و كەیفی عەبدولڕەحمانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و بە ئاستێكی بەرز توانییان نازناوەكە بەدەست بهێنن.
جێی باسە لە پاڵەوانیەتییەكەدا 11 ناوەندی وەرزش و لاوان لە هەولێر و دەوروبەری بەشداربوون و بەسەر دوو گرووپدا دابەش كرابوون، یارییەكانیش بە شێوازی خول بە یەك قۆناغ بەڕێوەچوون.
پاڵەوانیەتییەكە یەكێكە لە چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر، سەبارەت بەو چالاكییە و ئامانجیان لە كردنەوەی خولە وەرزشییە جۆراوجۆرەكان، بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی هەولێر تاهیر سابیر خۆشناو گوتی: هەموو كات ئامانجمان لە كردنەوەی خولە وەرزشییە جۆراوجۆرەكانی پێگەیاندنی یاریزان و وەرزشوانی لاوی كوردە و دەمانەوێت لاوان و منداڵانی كورد بە شێوەیەكی زانستی و هەنگاو بەهەنگاو بەرەو پێشەوە بچن لە ئاستی وەرزشیدا.
گوتیشی: «ناوەندە وەرزشییەكان پێگەی دروستبوونی زانستییانەی یاریزانە لە هەموو یارییەكاندا، خۆشبەختانەش ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچكە و شارەدێیەكانیشدا ناوەندی وەرزش و لاوان دروست كراوە و پێداویستییەكانی بۆ دابین كراوە و بایەخێكی تەواوی پێ دەدرێت، هیواداریشین یانە وەرزشییەكانیش سوود لە یاریزان و بەهرەمەندانی ناوەندە وەرزشییەكان وەربگرن و بیانبەنە ڕیزەكانیانەوە و پشتیان پێ ببەستن.
Top