یاریزانی شەترەنج كارین كەمال: لە پاڵەوانێتیی جیهانیــــداپلەی سێیەمم بەدەستهێنا
*ئاستی یاریی شەترەنج لە كوردستان چۆن دەبینیت ؟
- زۆر بەرەو پێش چووە بەڵام لە ئاستی كچاندا هێشتا ماویەتی، هەر چەندە یانەكانیش تیپی كچانیان هەیە وهەندێكیان ئەنجامیشیان باشە.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەو پێش بچێت؟
-كردنەوەی پاڵەوانێـتیی بەردەوام بۆ یاریزانان باشترین هۆكارە كە ئاستی یاریزانانی پێ بەرز بێتەوە، كردنەوەی كەمپی مەشق لە دەرەوە بۆ ئەوەی یاریزان زیاتر حەزی بچێتە یارییەكە.
*كێشەو گرفتەكان چین لە یانەی گارە كە ڕووبەرووتان دەبنەوە ؟
- بە تەئیكد زۆربەی یانەكان كێشەیان هەیە، ئێمەش كێشەمان هەیە وەكو نەبوونی هۆڵی مەشق و یاری كردن لە یانەكەی خۆمان، لەهەموو پاڵەوانێتییەكاندا ئێمە بەقورسی بەشداری دەكەین بەهۆی نەبوونی توانایەكی باشی دارایی .
*لە زۆر لە یانەكانی عێراق و كوردستان داوا كراویت، چۆن بوو یانەی گارەت جێنەهێشتووە؟
-بۆمن شاری دهۆك باشترە لە شارێكی دیكە وتاكە یانەیەكیشە لە شارەكەماندا، بۆیە هەر لەم یانەیە بەردەوام دەبم.
* دەڵێن یانەكانی عێراق بەردەوام داوات لێ دەكەن بچیتە ریزەكانیانەوە، ئەم قسانە تاچەند ڕاستە ؟
- بەڵێ چەندین گرێبەستم پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانەوە، بەڵام من ڕەتم كردۆتەوە .
*لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق خاوەنی چەند میدالیایت ؟
-من لە ئاستەكانی تەمەن یاری دەكەم، بەشداریی چەندین پاڵەوانییەتیم كردووە، ئەنجامی باشم هەبووە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەشداری پاڵەوانێتیی جیهانم كرد،پلەی سێیەمم بەدەستهێنا.
*خانەوادەكەت هاوكاریت دەكەن؟
- بەڵێ بەردەوام هاوكارمانن لە گشت لایەكەوە بە تایبەتی باوكم كە خۆشی یاریی شەترەنج ئەنجام دەدات هەروەها خوشكەكانیشم.
*پەیامت چیە بۆئەو كچانەی كە وەرزش ناكەن؟
-بەهیوای ئەوەم ئەوانیش بێنە نێو وەرزش، چونكە وەرزشی شەترەنج جیایە لەگەڵ وەرزشەكانی دیكە، باشترین یارییە بۆ كچان.
*حەزدەكەیت یاریی شەترەنج بخرێتە بەرنامەی خوێندنەوە لە قوتابخانەكاندا؟
- بەتەئكید ئەوە هیوای منە زۆریش حەز دەكەم بچێتە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە، بۆئەوەی سوودی گشتی هەبێت بۆیاریزانان .
* لە یاری شەترەنجدا بە چ یاریزانێك زۆر سەرسامیت ؟
- بە یاریزانانی وڵاتی روسیا زۆر سەرسامم وحەز دەكەم ئاستم وەكو ئەوان بێت.
*داواكاری وپێشنیازت بۆلایەنی بەرپرس چییە؟
-هیوادارم گرنگیی تایبەت بە یاریی شەترەنج بدرێت، یاریی شەترەنج لە گشت شارەكانی كوردستان زیاتر پەرەی پێبدرێـت و بگاتە لوتكەی وەرزشی عێراق.
*كارگێڕانی یانەكەتان چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
-بە شێوەیەكی زۆر باش هاوكارمانن لە گشت لایەكەوە.
*بەرنامەت بۆداهاتوو چییە ؟
-بەنیازم بەردەوام لە بەرەو پێشچووندابم، بەرنامەیەكی توكمە بۆخۆم دابنێم بۆئەوەی پەرە بە ئاست و توانای خۆم بدەم لە پاڵەوانیتیەكانی داهاتووشدا ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنیم.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
-سوپاس بۆئێوە ئەركتان كێشا، بەردەوام هاوكاریی وەرزشكاران بكەن لە گشت شارەكانی كوردستان بەهیوای ئەوەم ئاستی ئەم یارییە زیاتر بەرز بێتەوە.
