یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان شەمام سەمەد: خۆزگە لە سلێمانیش یاریگایەكی شایســــتەی گۆڕەپان و مەیدانمان هەبووایە

یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان شەمام سەمەد: خۆزگە لە سلێمانیش یاریگایەكی شایســــتەی گۆڕەپان و مەیدانمان هەبووایە
شەمام یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی عێراق لەو یاریزانە كوردانەی كە توانیویەتی بەهۆی خێراییەكەی جێپەنجەی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە و ناوەوەی عێراق دیار بكات،ئەو لەدایكبووی ساڵی 1986 ی شاری كەركوكەو خاوەن چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، بۆ یانەكانی سیروانی نوێ وكەمال سەلیم یاریكردووە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا ئەنجامدا.
*چۆن بوو دنیای یاریی گۆڕەپان ومەیدانت هەڵبژارد؟
- ئەوەی ڕاستی بێت من هەر لە منداڵیەوە خولیای ڕاكردنم هەبوو، زۆریشم حەز لەم یارییە بوو بۆیە توانیم هیوایەكەم بهێنمە دی.
* لە ئێستادا ئاستی یاریی گۆڕەپان ومەیدان لە كوردستان چۆن دەبینیت ؟
-دەتوانم بڵێم لە ئێستادا گرنگییەكی تایبەت بە یاریی گۆڕەپان ومەیدان دەدرێت لەسەر ئاستی كوردستان بەتایبەتی لەلایەن یەكێتیی گۆڕەپان ومەیدانی كوردستان و لێژنەی ئۆڵۆمپییەوە، گرنگیی باشیش بە یانەكان دەدرێت لەسەر ئاستی كوردستاندا چەندین یاریگاش كراوەتەوە.
* ئەی ئەم یارییە لە سلێمانی لە چ ئاستێكدایە ؟
- لە شاری سلێمانی چەندین كچە یاریزانی بەتوانا لە یانەكەمان و شارەكەمان هەن، كە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیان دەكات، سلێمانی هەمیشە شارێكی پڕ یاریزانی بەتوانا بووە لە یاریی گۆڕەپان ومەیدان.
* كەمی كردنەوەی پاڵەوانێتیی كێشە نابێت لەسەر دابەزینی ئاستتان ؟
- بە تەئكید ئەگەر پاڵەوانێتی بەبەردەوامی ئەنجام نەدرێت، كاریگەریی دەبێت لەسەر ئاست و توانای یاریزانان،بۆیە ئاستی یاریزان دادەبەزێت، پێم باشە بەردەوام پاڵەوانێتی بۆ یاریزانان بكرێتەوە
* وەك كچە یاریزانێك پێت باشە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم یارییە چی بكرێت ؟
- پێم باشە لە هەموو شارێك یاریگایەكی تایبەت هەبێت بە یارییەكانی گۆڕەپان ومەیدان، یانەكانیش گرنگی بە تواناكانی ئاستەكانی تەمەن بچووك بدەن، پاڵەوانێتیی زیاتر بكرێتەوە بۆ پێشكەوتنی زیاتری ئەم یارییە.
*كێشەو گرفتان لەم یارییەدا چییە ؟
-نەبوونی یاریگای پێویست بۆیاریزانان هەر چەندە یانەی سلێمانی بە سوپاسەوە یاریگامان پێ دەدەن، تاكە یاریگای یانەكەمان هی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە، كەچی تارتانی یاریگاكە هەمووی تەقیوە،كە بۆیاریزانان كێشە دروست دەبێت.بەداخەوە لە شاری سلێمانی وەكو شارەكانی هەولێرو دهۆك یاریگایەكی جوان و شایستەیی نیە لەم یارییە.
*خانەوادەكەت رێگری لە وەرزش كردنت ناكەن؟
-نەخێرسوپاسی خانەوادەكەشم كە زۆر هاوكارمن لە وەرزشكردن.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك ؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە ناوەوە ئەنجامی شایستە بەدەستبهێنم بگەمە لوتكەی ئەم یارییە لەكوردستان .
*لە هەڵبژاردەی عێراقی داوا نەكراویت؟
-تاكو ئێستا نەخێر، بەڵام بەردەوام دەبم لە كێبڕكێ كردن تاكو دەبمە یاریزانی سەرەكیی هەڵبژاردەكە.
*یانەی پێشمەرگەی سلێمانی هاوكاریتان دەكەن؟
-بەڵێ هاوكاری بەردەوامی ئێمەن وتەواوی پێداویستییەكانمان بۆ دابین دەكەن .
*جگە لە یاریی گۆڕەپان ومەیدان چی یارییەكی دیكەت ئەنجام داوە؟
-پێشتر یاریزانی تۆپی پێ بووم دواتر ڕووم لە یاریی گۆڕەپان ومەیدان كرد.
* چی بەو ئافرەتانە دەڵێیت كە وەرزش ناكەن؟
- بەهیوای ئەوەم ئەوانیش بێنە نێو وەرزشەوەو خزمەت بكەن .
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- سوپاسی بۆگۆڤاری گوڵان بەهیوای سەركەوتنم بۆ ئەم گۆڤارە خۆشەویستە كە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشكارانی شارەكانی كوردستاندایە بەهەموو ئاستەكانیانەوە.سوپاسی مامۆستاكانیشم دەكەم لە قوتابخانە كاتی خۆی زۆر هاوكارم بووینە.
Top