ڕاژان قادر یاریزانی تۆپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر:یاریی فوتساڵ لە نێو ئافرەتاندا لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە

ڕاژان قادر یاریزانی تۆپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر:یاریی فوتساڵ لە نێو ئافرەتاندا لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە
ڕاژان قادر كچە یاریزانی تۆپی فوتساڵی یانەی ئافرەتانی یانەی هەولێرە یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی شارەكەو یانەی ئافرەتان لە ئێستادا سەرقاڵی پاڵەوانێتیی فوتساڵی یانەكانی كوردستانە، لە ماوەی ڕابردوودا توانیویەتی چەندین ئەنجامی بەرچاو لەسەر ئاستی كوردستان لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر بەدەست بهێنێت، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی2000ی شاری هەولێرە،ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*ئاستی یاریی فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
-ئاستی ئەم یارییە لە ئێستادا پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی بوونی چەندین یانە لە شارەكانی كوردستان، لەو بڕوایەشم ساڵ بەساڵ باشتر دەبێت و ئاستی بەرەو پێشتر دەچێت، تەواوی یانەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدەن.
*ئاستی پاڵەوانێتیی فوتساڵی یانەكانی كوردستان ئەم ساڵ لەچ ئاستێكدایە؟
- ئاستی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەرزە و یانەكانیش زۆر بەهێزن و ئاستیان باشە، هەندێكیشان ئاستیان زۆر لێك نزیكە ئەمساڵیش بەش بەحاڵی خۆم خۆشحاڵم بە ئاستی ئەم پاڵەوانێتییە.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە شاری هەولێر چۆن دەبینیت؟
- من لە ئێستادا گەشبینم بە ئاستی ئەم یارییە لە شارە خۆشەویستەكەمان، چونكە یانەكان گرنگی باش بە ئاستی كچان دەدەن بەش بەحاڵی خۆشمان یانەكەمان تاكە یانەیە كە گرنگی تەواو بەم یارییە دەدات.
* چی بكرێت باشە بۆبەرەوپێش چوونی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان؟
- پێم باشە خولی بەردەوام بكرێتەوە بۆیاریزانان بۆ ئەوەی ئاستیان هەر لە پێشوەچووندا بێت، یاریگای تایبەت و گرنگ هەبێت بۆ كچە یاریزانەكان لەو بڕوایەدام دەتوانن باشترین ئاست پێشكەش بكەین.
* هەست ناكەیت یاریزانی كچ، كەم بەشداری ئەم یارییە دەكەن ؟
-پێشتر وابوو، بەڵام لە ئێستادا ئاستی ئەم یارییە زۆر بەرەو پێش چووە وكچان زیاتر ڕوو لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان دەكەن.
*كێشەو گرفتان لەم یارییەدا چییە ؟
- لە یانەی ئافرەتانی هەولێر تەنیا پێویستمان بەهۆڵی داخراو هەیە چونكە كە دەبێتە باران و یاخود لەبەر تیشكی رۆژ مەشق دەكەین، بۆیە داواكارین گرنگیمان پێ بدەن و ئەم كێشەمان چارەسەربكەن.
* خوێندن رێگریت لێ ناكات لە وەرزش كردن ببێتە هۆی دابڕانت لەوەرزش؟
-نەخێر چونكە من بە شێوەیەكی گشتی كاتەكانی خۆم دابەشكردوە.
*بەچ یاریزانێك زۆر سەرسامی لەجیهان؟
- بە ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین ویانەی بەرشلۆنە و میسی، هەمیشە لاسایی ئەو دەكەمەوە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشوانێك چییە ؟
-هیوام وایە بتوانم ئەنجامێكی شایستە لەم یارییە بەدەست بهێنم، ببمە جێگای متمانەی یانەكەم و ئاستی خۆم زیاتر بەرەو پێش ببەم.
*یانەی ئافرەتانی هەولێر هاوكاریتان دەكات؟
-بەسوپاسەوە هاوكاری بەردەواممان دەكەن لەگشت روویەكەوە.
*داواكاریت بۆیەكێتیی تۆپی پێی كوردستان؟
-داواكارین بەردەوام هاوكاریمان بكەن وخولمان بۆبكەنەوە، بەشێوازی خول بێت زۆر باشترە بە چوون وهاتن.
*بەلێنی چی بەهاندەرانی یانەكەت دەدەیت؟
-پشتیوان بەخوای گەورە دەتوانین نازناوی خولەكە بەدەست بهێنین و یانەی ئافرۆدێتیش ڕكابەرمان دەبێت
*ئەگەر شتێكت لە كۆتایدا مابێت؟
-دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم هاوكاریی یانەكەمان دەكەن.
Top