دەستەی كارگێڕیی یانەی هەولێر لە كۆبوونەوەی خۆیدا بەفەرمی بڕیاری دەستنیشانكردنی عومەر مەجید یاریدەدەری راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر دەركرد وەكو بەڕێوەبەری تیپەكە بەمەبەستی راسپاردنی كاروباری كارگێڕی لە خولی عێراق و جامی یەكێتیی ئاسیادا، هەروەها ببێتە پردێك لە نێو دەستەی كارگێڕی و دەستەی راهێنەران و یاریزانانی تیپەكە، لە هەمان كاتدا دەستەی كارگێری بڕیاری دا هیچ كەسێك لە شوێنی عومەر مەجید وەكو یاریدەدەری راهێنەر دەستنیشان نەكات، دوای ئەم بڕیارە دەستەی راهێنەرانی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بەم شێوەیە پێكهات: نەزار مەحروس راهێنەر، فەواز مەندۆ یاریدەدەری راهێنەر، سامر ریحانی راهێنەری گۆڵچی، ئەحمەد رامی راهێنەری لێهاتووی جەستەیی، شایەنی ئاماژە پێكردنە عومەر مەجید خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی و ماوەی زیاتر لە 22ساڵە وەكو گۆڵچی و یاریدەدەری راهێنەرو راهێنەر خزمەتی یانەی هەولێری كردوە.