حەفتەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بۆ پایسكیل سواری لە ئیمارات تەواو بوو
رۆژی یەكشەممە كاتژمێر 8ی بەیانی لە شاری راس ئەلخێمە كۆتایی بەحەفتەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بۆ پایسكیل سواری هات، كاتێك پێشبركی تاك گشتی بەرێوەچوو، لەم پێشبركێە 14 یانە بەشداری كرد و كۆی یاریزانە بەشداربووەكان 70 یاریزان بوو و درێژەی ركابەرییەكە 140كم لەم پێشبركێە ركابەرییەكی زۆر بەهێز لە نێوان تیپە بەشداربووەكان هەبوو، كە تیاییدا یانە جەزائیرییەكان كۆنترۆڵی پلەكانی یەكەم و دووەمیان كرد.
ئەنجامی یاریزانەكانی هەولێر وەكو پێویست نەبوو
لەم ركابەرییە لە یانەی هەولێر شەش یاریزان بەشداری كرد ئەویش هەریەكە لە (ئامانج شێرزاد، جۆڤان تۆمی، ماسیمۆ فەریق، عەلی عەبدولخەزیەر، عەبدوڵڵا عەبدولخوزیەر، دلۆڤان كۆسرەت) بوو،بەڵام ئەنجامەكانیان وەكو پێویست نەبوو، لە كۆی 70 یاریزان عەبدوڵڵا عەبدولخزەیەر پلەی 35 بە دەستهێنا و عەلی عەبدولخزەیەر پلەی 36 و ئامانج شێرزاد پلەی 37ی بە دەستهێنا و دلۆڤان كۆسرەت پلەی 41 بە دەستهێنا.
ویاریزان ماسیمۆ فەریق بەهۆی تووشبوونی پێكان نەیتوانی پێشبركێكە تەواو بوو و یاریزان جۆڤان تۆمی تووشی كێشەیەكی تەكنیكی هات نەیتوانی پێشبركێكە تەواو بكات، پاڵەوانانی ئەم ركابەرییە بەمشێوەیە بوو.
1-عەزدین عەقاب (مجمع بترۆڵی جەزائیر).
2-عەبدولمەلەك مەدەنی (مجمع بترۆڵی جەزائیر).
3-نەزیر ئەلجاسر (مەحافەزە سوریا)
هەولێر پلەی 10یەمی بە دەستهێنا
دوای تەواوبوونی ركابەرییەكانی تاكی گشتی بەفەرمی ریزبەندی تیپی یانەكان دەرچوو، كە تیاییدا یانەی هەولێر پلەی 10یەمی بە دەستهێنا و هەردوو تیپی جەزائیر پلەكانی یەكەم و دووەمی بە دەستهێنا، ریزبەندی كۆتایی یانەكان بەمشێوەیە بوو.
1-مجمع بترۆلی (جەزائیر)
2-سۆفاك (جەزائیر)
3-موحافەزە (سوریا).
راهێنەری هەولێر: بە باشی خۆمان بۆ ئەم پاڵەوانێتیە ئامادە نەكردبوو
لەگەڵ تەواوبوونی ركابەرییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە و باسكردنی هۆكاری خراپی ئەنجامەكانی یانەی هەولێر راهێنەری تیپی پایسكلسواری یانەی هەولێر عەبدولقادر نوردەین لە لێدوانێكی دا گوتی: ئەم پاڵەوانێتیە لە رووی بەشداریكردنی یانەكان و ئاست زۆر بەهێز و بەرز بوو لە چاو پاڵەوانێتیەكانی رابردوو و یانەكانی جەزائیر توانیان كۆنترۆڵی ئەم پاڵەوانێتیە بكەن و زۆربەی پلەكانی یەكەم و دووەم بۆ خۆیان مسۆكەر كرد و هەروەها زۆربەی یانەكان هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان بوون بەناوی یانەكان یارییان دەكرد.
لە درێژەی قسەكانید عەبدولقادر نورەدین گوتی: ئێمە تەنیا 20 رۆژی خۆمان بۆ ئەم پاڵەوانێتیە ئامادە كرد لە رووی مەشق و راهێنان وەكو پێویست نەبوو بەهۆی چەند هۆكارێك و هەروەها نەمانتوانی ئۆردوگایەكی مەشقی درێژ خایەن ئەنجام بدەین، بەڵام بەشداریكردن لەم جۆرە پاڵەوانێتیانە سوودی هەیە و دەتوانین سوود لە هەڵەكان وەربگرین بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو چارەسەریان بكەین لە هەمان كاتدا لەم پاڵەوانێتی چەند یاریزانێكی لاوی یانەكەمان بەشدارییان كرد بۆ یەكەم جار توانیان سوودێكی باشی لێوەربگرن.
كوردێك ناوبژیوانی سەرەكی ئەم پاڵەوانێتیە بوو
هەر لە درێژەی ركابەرییەكانی حەفتەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی ناوبژیوانی كورد و یاوەری شاندی یانەی هەولێر موزفەر حەمید وەكو ناوبژیوانێكی سەرەكی بەشداری لە بەرێوەبەردنی ركابەرییەكان كرد، كاتێك لە ركابەریی تیپ دژی كات و تاك دژی كات یاوەری شاندی یانەی موحافەزە بوو و لە پێشبركی تاكی گشتی وەكو ناوبژیوانێكی سەرەكی بەشداری كرد و توانی بە باشترین شێوە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
لەگەڵ تەواوبوونی ركابەرییەكانی ئەم پێشبركێە بەفەرەمی حەفتەمین پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی تەواوبوو وا بڕیارە رۆژی دووشەممە شاندی یانەی هەولێر بگرێتەوە شاری دوبەی و رۆژی سێشەممە شاندی یانەی هەولێر لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی دەگاتە شاری هەولێر.
جێگەی باسە شاندی یانەی هەولێر بۆ ئەم پاڵەوانێتیەیە بە سەرۆكایەتی مەحمود عەزیز ئەندامی دەستەی كارگێری یانە و شاندەكە پێكهاتووە لە (رێبین رەمزی (راگەیاندن)، عەبدولقارد نورەدین (راهێنەر)، موسی موحسین (یاریدەدەری راهێنەر)، ئۆرفیوس جەلال(میكانیك)، موزفەر حەمید (ناوبژیوان)، یاریزانان (ئامانج شێرزاد، جۆڤان تۆمی، ماسیمۆ فەریق، رێباز موزفەر، عەلی عەبدولخەزیەر، عەبدوڵڵا عەبدولخوزیەر، دلۆڤان كۆسرەت).
