حوسێن عەلی شەترەنجزانی نێودەوڵەتیی كوردستان و عیراق :پەیمانگای كاپنكای شەترەنجم كردۆتەوەو بە شێوەیەكی ئەكادیمیش گەنجان فێر دەكەم

حوسێن عەلی شەترەنجزانی نێودەوڵەتیی كوردستان و عیراق :پەیمانگای كاپنكای شەترەنجم كردۆتەوەو بە شێوەیەكی ئەكادیمیش گەنجان فێر دەكەم
یاریی شەترەنج یەكێكە لەو یارییانەی كە ئێستا لە شارەكانی كوردستان خواستی لەسەر زیاد بووە، ژمارەیەكی زۆر لە هەموو ئاستەكانی تەمەن ڕوو لەم وەرزشە دەكەن،شاری هەولێریش لە كۆنەوە بەوە بەناوبانگ بووە كە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانابووە لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق و ئاسیا كە ئەنجامەكانیان بەرچاو بووە، یەكێك لەو یاریزانانەش حوسێن عەلی حوسێنە، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1968ی شنگالە، لە ئێستاشدا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق وهەڵبژاردەی هەولێرو یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* ئاستی ئەم یارییە لە كوردستاندا چۆن دەبینیت ؟
-ئاستی ئەم یارییە لە كوردستاندا باشە، بەڵام وەكو پێویست بایەخی پێنادرێت،زۆر جار پاڵەوانێتیی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەبێت بەسێ رۆژ تەواو بێت لەبەر بێ پارەیی،بەخۆشتان دەزانن نابێ پاڵەوانێتیەكی گەورە چ نەبێت دەبێ پێنج رۆژ بخایەنێت .
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- بە بۆچوونی من واباشە ئەم بەرپرسانەی وەرزش،ئەوەندە بەتەنیا بەدوای یاریی تۆپی پێ نەكەون، بەدوای یاری تاكیش بكەون، لەئێستادا وەرزش بەتەنیا یاری تاكە هەموو پاڵەوانەكانی ئاسیا و عەرەب هەمووی لە یارییە تاكەكانە، لە یارییە بەكۆمەڵەكان دروست نەبووینە.
*وەكو یاریزانێكی بەتوانا و كۆن، بەرنامەت بۆپێشكەوتنی یاری شەترەنج چییە ؟
-من پەیمانگای كاپنكای شەترەنجم داناوە بۆئەوەی ئەو بۆشاییانە پڕكەمەوە پێویستە ئەو گەنجانەی كە فێری شەترەنج دەبن بە شێوەیەكی ئەكادیمی فێریان بكەم، لێرە رێگری هەیە ناهێڵن كاربكەیت، ئیدارەی وەرزش لە كوردستان بەعەقڵییەتێكی زۆر كۆن ئیدارەی وەرزش دەكەن لە یارییە تاكەكاندا، لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بودجەی هەیە كەچی لە سەدا شەستی بودجەكەی بۆفەرمانبەران وكارەكانی خۆیانە، شتێكی كەم بۆ وەرزش سەرف دەكرێت و كەم وكوڕیی زۆر هەیە .بە بۆچوونی من لە لێژنەی ئۆڵۆمپی بۆئەندامەكان پێویستیان بە كەسانی گەنجە وخوێنی نوێیان دەوێت، من تەمەنم 11ساڵ بووە لەم هەولێرە كەسم بینیوە بەڕێوەبەری گشتی بووە تاكو ئێستاش هەر بەردەوامە .
*ماوەیەكی زۆر خزمەتی شاری هەولێرت كرد لە یانەی خانزاد بۆچی ئەو یانەیەت بەجێهێشت؟
-من ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی هەولێر لە بەغدا بەشداریی پاڵەوانێتییەكەمان كرد یەكەمی عێراق بووین، بەڵام من وەكو یاریزانی پیشەگەر بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاری دەكەم، پار لە خانزاد بووم، ساڵی دواتر لە یانەی بەرید یاریم كرد وەكو پیشەگەر بووینە پاڵەوانی یانەكانی عەرەب.
*وەكو یاریزانێكی پیشەگەر تائێستا خاوەنی چەند میدالیایت؟
-خاوەن یەك ژوورە میدالیام كە لە ژماردن ناێت.
*بە گوێرەی ئەو خزمەت و ئەو هەموو دەستكەوتە وەكو پێویست خزمەتكراویت؟
-نەخێر خزمەت نەكراوم، بەڵام ئێمە بۆخۆشی و هیوایەتەكە وەرزش دەكەین پێشتر پارە نەبوو لە وەرزش ئێستا پارە هاتۆتە نێو یاریی شەترەنج.
*دەڵێن لە ژمارەیەك یانەی جیهان داوا كراویت ؟
-بەڵێ لە میسر و ئیمارات وئەڵمانیاش داواكراوم وەكو یاریزانێكی پیشەگەر.
* لەمانەوەت لە شاری هەولێر ئامانجت چییە ؟
-تەنیا مەبەستی من خزمەتكردنی ئەم شارەیە خزمەتی گەنجەكان بكەم، پەیمانگام داناوەو ڕاهێنەرم لە دەرەوە هێناوەو خۆم و بەڕێوەبەرەكە پارەكەی لە گیرفانی خۆمان بۆ دابین دەكەین.
*دەڵێن بەرنامەی باشتان هەیە بۆ شاری هەولێر؟
-بەڵێ من و كاك دڵزار بەرنامەی باشمان هەیە و پەیوەندیی بەرفراوانمان هەیە لەگەڵ جیهان بۆباشتر كردنی ئەم یارییە لەشاری هەولێر.
*ئەگەر شتێكت مابێت؟
-شەترەنج یارییەكە لەسەر مێز دەكرێت و پێویستە راگەیاندن گرنگیی زۆری پێبدات، هەرچەندە راگەیاندنەكان خزمەتی زۆری ئەم یارییەیان كردووە،بەڵام شەترەنج پێویستیی بە پشتگیریی راگەیاندنە، من گەشبینم بە شەترەنجی شاری هەولێر بەهیوای ئەوەم حكومەتی هەرێم گەنجی بەتوانا لە وەرزش كۆبكاتەوە بۆ بەڕێوەبردنی وەرزش.
Top