لە كۆتایی جامی ئاسیادا یانەی هەولێر مەدالیای پلەی دووەمی بەدەستهێنا
بۆ یەكەمین جار لە مێژووی تۆپی پێی عێراق و كوردستاندا، یانەی هەولێر گەیشتە یاری كۆتایی جامی یەكێتی یانەكانی ئاسیا و یاریگای شەهیدی فرەنسۆ هەریریش لە پایتەختی كوردستان میوانداری ئەم یارییەی لەخۆ گرت، ئەم یارییە كە بە ئامادەبوونی زیاتر لە 16 هەزار هاندەر و میوانێكی زۆر بەڕێوەچوو، ئاستی میوانداری و وەرزشدۆستی هەولێری پیشانی هەموو جیهاندا بەتایبەتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئاسیا كە راستەوخۆ ئەم یارییەیان لە یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریرییەوە بۆ دەگوازرایەوە.
هەربۆیە دەكرێت ئەم رووداوە وەرزشیە وەك وەرچەرخانێك لە ژیانی وەرزشی عێراق و كوردستان سەیر بكرێت، بەتایبەتی كە ئەمجارەش هەولێر سەلماندیەوە ئەو شارەیە كە دەتوانێت پێشوازی لە پاڵەوانیەتیە نیودەوڵەتیەكان بكات و ئاكامی یارییەكە بۆ بەرژەوەندی هەولێر بێت یان نە،، ئەوا بەو پەڕی گیانی بەرزی وەرزشیەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكە دەكات، بۆیە لەم رووەوە شاری هەولێر و جەماوەرە وەرزش دۆستەكەی گرەوی وەرزش دۆستی و پاراستنی گیانی بەرزی وەرزشیان بردەوە و نموونەیەكی شارستانی و شایستەیان پیشانی جیهانداو سەلماندیان كە دەتوانن لە ئاستی رووداوە گەوەر وەرزشیەكاندا بن.
هەربۆیە ئەنجامدانی یاری كۆتایی جامی ئاسیا لە شاری هەولێر ڤیزەیەكی گرنگە بۆ ئەوەی هەولێر لە ئاییندە پیشوازی لە پاڵەوانیەتی جیهانی گەورەتر بكات، لەم رووەوەشەوە پیرۆزبایی لەشاری هەولێر و جەماوەرە وەرزش دۆستەكەی دەكەین كە توانیان لەم تاقیكردنەوەیەدا سەركەوتووبن.
لایەنێكی دیكە كە ئاكامی یاریی كۆتایی بوو و یانەی هەولێری خۆشەویست نەیتوانی جامی یەكێتی یانەكانی ئاسیا بەرز بكاتەوە، بێگومان خۆزگەو ئومێدی هەموو كوردستانیەكان بەگشتی و هاندەرانی یانەی هەولێر ئەوەبوو كە تیمەكەیان بتوانێت جامەكە بەرز بكاتەوە، بەڵام كە نەشیانتوانی یارییەكە ببەنەوە و جامەكە بەرز بكەنەوە، ئەمە هیچ لە پێگەو شكۆی یانەی هەولێر كەم ناكاتەوە، لەبەر ئەوەی بەدەستهێنانی پلەی دووەم لە جامی یەكێتی یانەكانی ئاسیا پلەیەكی كەم نییە و شایستەی ئەوەن دەستخۆشی لەیەكە یەكەی یاریزانان و ستافی بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە گەیشتن بە یاری كۆتایی كارێكی ئاسان نییە و ئەو تیمەشی كە لەبەرامبەر هەولێر بۆ یاری كۆتایی ماوەتەوە، یانەی كوێتی كوێتی، ئەم یانەیە وەك كوەیتی جیا لەوەی كوەیت لەسەر ئاستی دەرەوە ئاستی وڵاتانی كەنداو لەهەموو دەوڵەتانی ناوچەكە لەبواری تۆپی پێ ئەزموونی زیاترە، بەتۆپی پێی عێراقیشەوە، لە هەمانكاتدا وەك یانەی كوەیتی كوەیتیش سوودێكی گەورەیان لە یاریزانە پیشەگەرە جیهانیەكان وەرگرتووە بە تایبەتی یاریزانە بەرازیلیەكان كە بە ئاشكرا ئەزموونی ئەو یاریزانە پیشەگەرانە بە ئاستی تیپی كوەیتی كوەیتیەوە دیاربوو.
بۆیە لەم راستەوە وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی لە یانەی هەولێری خۆشەویست دەكەین بۆ دەستهێنانی ئەم دەسكەوتە گرنگە، لەهەمانكاتدا پیرۆزبایی لە شاری هەولێری خۆشەویستیش دەكەین كە بەو ئاستە بەرزە پێشوازی ئەم پاڵەوانیەتیەی كرد و گرەوی گیانی بەرزی وەرزشی بردەوە و روویەكی گەشی وەرزش دۆستی كوردستانی پیشانی جیهاندا.
