بەرشەلۆنە هەواڵی گرێبەستە نوێیەكە بە میسی دەڵێت

بەرشەلۆنە هەواڵی گرێبەستە نوێیەكە بە میسی دەڵێت
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشكرای كردووە كارگێڕیی یانەی بەرشەلۆنە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی لە وردەكاریی گرێبەستە نوێیەكەی لەگەڵ یانەكەدا ئاگادار كردووەتەوە و داوای لێكردووە دانووستانی نێوان هەردوولا دەست پێ بكات بۆ نوێكردنەوەی ئەو گرێبەستە.
رۆژنامەكە دەڵێ كارگێڕیی یانەكە پێی وایە نوێكردنەوەی گرێبەستی میسی دەبێ لە یەكەمین كارەكانی بێت لە ئایندەی نزیكدا، لەبەرئەوە دەیەوێ دەستەبەری داهاتووی ئەو یاریزانە بكات لەگەڵ یانەكەدا بە گرێبەستێكی درێژ لەگەڵ مەرجەكانی باشتركردنی مووچەی ئەو یاریزانە كە لە سێ ساڵی رابردوودا باشترین یاریزانی جیهان بووە.
مۆندۆ ئاشكرای كردووە گرێبەستی میسی لەگەڵ بەرشەلۆنە لە 2016 كۆتایی دێت، یانەكە دەیەوێ گرێبەستی ئەو یاریزانە تا 2020 نوێ بكاتەوە و بەوەش رێگە بە چوونە دەرەوەی میسی نادریت بە هیچ شێوەیەك لە یانەكە.
هەروەها بەپێی هەمان رۆژنامە زیادكردن لە مووچەی ساڵانەی میسیدا هەیە، بەڵام ئەو بڕە زیادكراوە ئاشكرا نەكراوە.
Top