دەلال یوسف: هیوادارم كچانیش بەشداریی وەرزش بكەن و لەم بوارەدا بوونی خۆیان بسەلمێنن
* ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز لە كوردستان چۆن دەبینیت؟
-ئاستی ئەم یارییە ساڵ بەساڵ باشتر دەبێت و ئاستی بەرەو پێشتر دەچێت، تەواوی یانەكانی كوردستان گرنگی زیاتر بە یاری تێنسی سەرمێز دەدەن، ئەمەش وایكرد ئاستی یارییەكە لە شارەكان بەرزتربێت و لە داهاتووشدا باشتر ببێت، كچانیش بەشێكن لەم پێشڤەچوونە.
* بە بۆچوونی تۆ بۆ بەرەوپێشچوونی ئەم یارییە چی بكرێت باشە؟
- بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە پێویستیمان بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەیە لەگشت شارەكانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم یارییە زیاتر پێش بكەوێت، هێنانی ڕاهێنەری بەئەزموون بۆ گشت ئاستەكانی تەمەن ومەشقی بەردەوامی یاریزانان.
* هەست ناكەیت یاریزانی كچ كەم بەشداری لەم یارییەدا دەكەن؟
-پێشتر وابوو كە ڕێژەی یاریزانانی ئافرەت كەم بوو، بەڵام ئێستا لەزیادبووندایە.
* كێشەو گرفتاتن لەم یارییەدا چییە؟
- لە یانەی ئەكاد هۆڵی تایبەتمان هەیە و مەشقی بەردەوام دەكەین، سوپاسی دەستەی كارگێڕی و ڕاهێنەرەكەمان دەكەم كە زۆر هاوكارمانن ناهێڵن هیچ كێشەیەكمان هەبێت.
* خوێندن رێگە لە وەرزش كردنت ناگرێت یان ببێتە هۆی دابڕانت لەوەرزش؟
-تائێستا نەمهێشتوە ئەو بۆشاییەم بۆ دروست بێت، هەر دوو لام بەیەكسانی ڕاگرتووە.
*لە هەڵبژاردەی عێراق داوانەكراویت؟
- نەخێر، بەڵام لەداهاتوودا هەوڵی بۆ دەدەم، تاكو ببمە یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە.
*چی بەو كچانە دەڵێیت كە لە وەرزش كردن دوورن؟
-بەهیوای ئەوەم كچانیش بەشداریی وەرزش بكەن و بتوانن بوونی خۆیان بسەلمێنن و لە رووی وەرزشەوە ببنە كەسانی بەسوود بۆ كۆمەڵگا كەیان.
* وەكو كچە یاریزانێك هیواو ئاواتت لەم یارییەدا چییە؟
-هیوام وایە بتوانم ئەنجامێكی شایستە لەم یارییەدا بەدەست بهێنم، ببمە جێگای متمانەی یانەكەم، ناوی یانەی ئەكادیش بەرز بكەمەوە.
* یانەی ئەكاد هاوكاریتان دەكات؟
-بەسوپاسەوە هاوكاریی بەردەواممان دەكەن لەگشت روویەكەوە.
