دڵسۆز خۆی بۆ ئیمارات ئامادە دەكات

دڵسۆز خۆی بۆ ئیمارات ئامادە دەكات
كچە ڕاكەری كوردی و هەڵبژاردەی عێراق ( دڵسۆز عوبێد ) مەشقەكانی بەرەو پاڵەوانێتیی گۆڕەپان و مەیدانی كوردستان و عێراق و خۆرئاوای ئاسیا كە بڕیارە ئەمەی كۆتایی لە ناوەڕاستی مانگی یانزە ئەنجام بدرێت،چڕتر دەكاتەوە.
دڵسۆز هاوكات یاریزانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی هەولێرە لە لێدوانێكی تایبەتدا روونی كردەوە، كە ماوەی زیاتر لە مانگێك دەبێت مەشقەكانی ڕۆژانەی چڕتر كردۆتەوەو بە نوێترین شێواز ڕاهێنانەكانی ئەنجام دەدات تاوەكو بتوانێت ژمارەكانی باشتر بكات و ئەنجامێكی بەرچاو لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوودا بەدەست بهێنێت .
ئەو كچە یاریزانە كە لە دایكبووی ناحیەی ( پیرەمەگرون)ی سەر بەپارێزگای سلێمانییە ماوەی چەند ساڵێكە لە یاری گۆڕەپان و مەیدانە و پاش پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لە پاڵەوانێتیەكانی عیراقدا، بووە یاریزانێكی تیپی كچانی هەڵبژاردەی عیراق و لە ئایاری ئەمساڵدا لە وڵاتی ئەردەن بەشداری پاڵەوانێتی عەرەبی كردو توانی لە ڕاكردنی پۆستەدا پلەی سێیەم لە گەڵ هاوڕێكانی بەدەست بێنێت سەرباری بەشداریكردنی لە یارییە ( حەوتییەكان ).
ئەو یاریزانە كە تایبەتمەندی زیاتری لە ڕاكردنی (100) مەتر بەربەست وەرگرتووە، ئەوەی ئاشكرا كرد كە هەوڵێكی باشی داوە تا بتوانێت كاتەكانی باشتر بكات و لەو ڕوانگەیەشەوە گوتی: توانیومە گۆڕانكاری بەسەر ژمارەكەمدا بهێنم و باشتری بكەم .
گوتیشی لە ئێستاوەش چاوی لە ئەنجامێكی باشە لە پاڵەوانێتیەكەی خۆرئاوای ئاسیا سەرباری ئەوەش بە نیازی بەشداریكردنە لە یاری سێ بازدا .
Top