میلان بە شوێن چارەسەری پێکانی یاریزانەکانیدا دەگەڕێت

میلان بە شوێن چارەسەری پێکانی یاریزانەکانیدا دەگەڕێت
جەماوەری یانەی میلانی ئیتاڵی، داوایان لە ئەدریانۆ گالیانی جێگری سەرۆکی یانەکە کرد، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بدات بۆ ئەو پێکانە بەردەوامانەی تووشی یاریزانانی یانەکە دێت.
لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا 137 جار یاریزانانی یانەی میلان تووشی پێکان هاتوون کە 78 جاریان پێکانەکانی ماسوولکەیی بوون.
لە لێدوانی بۆ ماڵپەری فوتبۆڵ ئیتاڵیا، گالیانی گوتی کێشەی گەورە و راستەقینەی ئێستای میلان، پێکانی بەردەوامی یاریزانانە، هەمووان ئەو راستییە دەزانن و دەستەی تەکتیکی و تەندروستی کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەکەن.
هەروەها گوتی دەبێ هەموو شتێک بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشە بەردەوامە، ئێستا وای لێهاتووە لە هەر یارییەکدا، یاریزانێکی میلان تووشی پێکان دەبێت.
ئێستا هەریەک لە پاتۆ و رۆبینیۆ و ریکاردۆ مۆنتۆلیڤۆ بۆ ماوەی مانگێک لە ریزەکانی میلان دادەبڕێن بەهۆی پێکانی رانەوە و کیڤن بواتینگیش بۆ ماوەی دوو هەفتە بەهۆی شکانی ئێسکی دەستییەوە یاری ناکات.
Top