رەنج بەهادین دە ساڵە خزمەتی یانەی سلێمانی دەكات
2 ئەیلوول/سێپتێمبەر(گوڵان میدیا)-رەنج بەهادین ئەو گۆڵكارە بەتواناو هێرشبەرە لێهاتووەیە كەوەرزی رابردوو بەتۆماركردنی چەندین گۆڵ خزمەتێكی گەورەی یانەی سلێمانی كردو نازناوی گۆڵكاری خولی كوردستانی بەدەستهێنا، لەخولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی عێراقیش رۆڵێكی باشی گێراو لەدەستەبەركردنی نازناوی خولەكەدا پشكی تایبەتی بەركەوت.
دوای ئەوئاستە بەرزەی پێشكەشی كرد، یانەی سلێمانی جارێكیتر گرێبەستی رەنجی نوێكردەوە، هەربۆیە بەپێویستمان زانی تەواوی وردەكاریەكانی گرێبەستەكە بۆ هاندەرانی ئەو یاریزانەو هەوادارانی یانەی وەرزشی سلێمانی و راگەیاندنەكان ئاشكرابكەین و بەچەند پرسیارێكیش رەنج بەسەر بكەینەوە.
گرێبەستەكەی رەنج بەهادین بۆ ماوەی یەك وەرزەو نرخی گرێبەستەكەشی (20) ملیۆن دینارە، لەگەڵ موچەیەكی مانگانە بەبڕی (1) ملیۆن دیناری عێراقی.
رەنجی تەمەن 24 ساڵ ماوەی 10 ساڵە درێسی یانەی دایك دەپۆشێت و بەكوری یانەكە ناودەبرێت، لەسەرجەم كاتەكاندا بەوەفا بوە بەرامبەر یانەكەی.
رەنج رایدەگەیەنێت وەك هەموو یانەكانی تر لەوەرزی نوێی خولی بژاردەی عێراقدا یانەی سلێمانی بۆ ئەنجامی باش یاریی دەكات و هیواخوازیشە لەبەدیهێنانی ئامانجەكەیاندا سەركەوتن بەدەستبهێنن.
لەوەڵامی پرسیارێكداو لەبارەی هێنانی یاریزانی نوێ بۆ پێكهاتەی خولی بژاردەی تۆپی پێی یانەكانی عێراق رەنج وتی بۆ خولی بژاردە پێویستمان بەپێكهاتەیەكی بەهێز دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێكی نوێدا بكەین و پێكهاتەی تیپەكەی پێ تۆكمەتر بكەین.
رەنج رەتیكردەوە پێشبینی بۆ خولی كوردستان بكات و رایگەیاند لەخولی كوردستاندا ئاستی یانەكان جێگیر نیەو هەر ساڵەو چەند یانەیەك دەدرەوشێتەوەو چەند یانەیەكیش بەشێوەی چاوەڕوان نەكراو ماڵئاوایی دەكەن، هیواشی خواست وەك یانەی سلێمانی بتوانن پلەیەكی باش بەدەستبهێنن.
رەنج پێی وایە بەرپرسانی یانەی سلێمانی بڕیارێكی گونجاویانداوە كاتێك رایانگەیاند تیپی خولی نایابی كوردستان و خولی بژاردەی عێراق جیابكەنەوەو وتی " بەهۆی بەهێزی هەردوو خولەكەوەو نزیكی وادەی بەڕێوەچونی یاریەكانی خولەكە لەیەكتریەوە ئەستەمە بەپێكهاتەیەك بەشداری هەردو خولەكە بكەیت، هەربۆیە بەهەڵسەنگاندنی من جیاكردنەوەی 2 پێكهاتەی جیاواز بۆ بەشداریكردن لەو 2 خولەدا بڕیارێكی گونجاوەو لەجێی خۆیدایە.
رەنج كەورەزی رابردو لەگەڵ فەرحان شكوری هاویانەی گۆڵكاری خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی كوردستان بوو راشیگەیاند بۆ دەستەبەركردنی ئەنجامی بەرچاو لەهەردوو خولی كوردستان و عێراقدا پێویستیان بە ئامادەكردنی 2 پێكهاتەی بەهێز هەیەو هیواداریشە بەرپرسانی یانەی سلێمانی بەردەوام بن لەهەوڵەكانیان و بەیاریزانی ئاست بەرز و بەتوانا پێكهاتەی هەردوو خولەكە بەهێز بكەن.
لەكۆتاییدا رەنج رەتیكردەوە باشترین یاریزانی یانەكەی دیاری بكات و رایگەیاند دەستەبەركردنی نازناوی خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی عێراق سەلماندی سەرجەم یاریزانەكانی یانەی دایك یاریزانی ئاستبەرزن، بەو پێیەی بەدەستهێنانی نازناوەكە بەهەوڵی تەنیا یاریزانێك نەبووەو هەموو یاریزانەكان بەشداربوون لەبەدەستهێنانی ئەو نازناوە گەورەیەدا.
ماوەتەوە بڵێین لەئێستادا رەنج شانبەشانی هاوڕێكانی سەرقاڵی خۆئامادەكردنی بۆ وەرزی نوێی خولی بژاردەی تۆپی پێی یانەكانی عێراق و دەیەوێت لەو خولەدا تۆڕی گۆڵی یانە گەورەكان بهەژێنێت و خۆشی و شادی بخاتە دڵی هاندەرانی یانەی دایكەوە.
