بەهۆی دۆڕانی قورسی بە ریال مەدرید، گالیانی لە ئەلێگری توڕەیە

بەهۆی دۆڕانی قورسی بە ریال مەدرید، گالیانی لە ئەلێگری توڕەیە
ئەدریانۆ گالیانی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یانەی میلانی ئیتاڵی رەخنەی توندی لە ماسیملیانۆ ئەلێگری راهێنەری یانەكەی گرت لەبەرئەوەی رۆڵی سەرەكی هەبوو لە دۆڕانی قورسی یانەكەی بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە ئەنجامی 5-1 لەو یارییە دۆستانەیەدا كە هەفتەی پێشوو هەردوو یانەی لە ئەمەریكا كۆكردەوە.
گالیانی گوتی پێم وایە ئەلێگری چەند هەڵەیەكی كوشندەی كرد لە یارییەكەدا، لەوانەش گۆڕینی زۆری یاریزانەكان كە بووە هۆی ئەو دۆڕانە ئابڕووبەرە و لە بەرامبەردا ئاگای لە گۆڕانكارییەكانی ریال مەدرید نەبوو.
رۆژنامەی لاگازیتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی لە زاری گالیانی گواستەوە كە دەڵێ شتێكی سەیرە بەرامبەر ریال مەدرید یاری بكەیت و 9 گۆڕانكاری لە پێكهاتەی تیپەكەتدا بكەیت، راهێنەر چەند هەڵەیەكی گەورەی كرد و من خۆشم رووبەڕوو ئەوەی پێدەڵێم.
هەروەها گوتی ئێمە لە نیویۆرك بەرامبەر 60 هەزار كەس یاریمان كرد، چۆن دەبێ راهێنەری ئێمە بیر لەوە بكاتەوە وەك مۆرینۆ گۆڕانكاری زۆر لە تیپەكەیدا بكات، ئەو یەدەگێكی بەهێزی هەیە و ئێمە نیمانە.
Top