ئەرسناڵ كڕینی كازۆرلای ئاشكرا كرد
بڵاوكراوەیەكی یانە ئینگلیزییەكە لەسەر ماڵپەری خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت گوتی كازۆرلای 27 ساڵ گرێبەستێكی درێژخایەنی لەگەڵ یانەی ئەرسناڵدا ئیمزا كردووە.
ئەرسناڵ پێش كازۆرلا هەریەك لە لۆكاس پۆدۆڵسكی و ئۆلیڤێ جیرۆی گۆڵكەری خولی فەرەنسی كڕیبوو.
كازۆرلا لەبارەی چوونیەوە بۆ یانەی ئەرسناڵ گوتی "دڵخۆشم بە هاتنم بۆ ریزی ئەرسناڵ، ئەو یانەیەكی گەورەیە و چەندین یاریزانی گەورەی هەیە و خاوەنی هاندەرانێكی بەوەفایە".
ئارسن ڤینگەری راهێنەری یانەی ئەرسناڵ دڵخۆشی خۆی بە كڕینی كازۆرلا پێشاندا و گوتی ئەو یاریزانێكی بە ئەزموون و لێهاتووە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و یانەكانیش ناسراوە، توانایەكی زۆر دەخاتە سەر تواناكانی ئەرسناڵ.
یانەی مەلەگە كە كێشەیەكی دارایی قوڵی هەیە بە ناچاری كازۆلاری فرۆشت و پێشبینی دەكرێ چەند یاریزانێكی تریش بفرۆشێت.
