ئەمەریكا درێژە بە باڵادەستی بەسەر میدالیاكانی ئۆڵۆمپیاد دەدات

ئەمەریكا درێژە بە باڵادەستی بەسەر میدالیاكانی ئۆڵۆمپیاد دەدات
دوای كۆتاییهاتنی یارییەكانی رۆژی هەشتەمی خولی یارییە ئۆڵۆمپییەكانی لەندەن 2012، وەرزشوانانی ئەمەریكا درێژەیان بە پێشەنگ و دەستڕۆیی خۆیان بەسەر یارییەكاندا دا، دوای ئەوەی پێشەنگی بردنەوەی میدالیا زێڕەكانیان بۆ رۆژی دووەم لەسەر یەك لە چین وەرگرتەوە.
دوای سەرەتایەكی بەرچاوی یاریزانانی چینی و بردنەوەی میدالیای زێڕەكان و گرتنی پێشەنگی وڵاتان تا رۆژی حەوتەمی ئۆڵۆمپیادەكە، لە رۆژی حەوتەمدا ئەمەریكییەكان توانییان هاوكێشەكان هەڵبگێڕنەوە و بگەنە پێشەنگی ریزبەندی وڵاتانی براوەی میدالیاكان و ئەم باڵادەستییە بۆ رۆژی هەشتەمیش بەردەوام بوو.
ریزبەندی وڵاتانی براوەی میدالیاكان دوای كۆتایی هاتنی ركابەرییەكانی رۆژی هەشتەم بەم شێوەیە بوو: ئەمەریكا لە پلەی یەكەم بە كۆی 54 میدالیا بە 26 زێڕ و 13 زیو و 15 مس. چین لە پلەی دووەم بە 53 میدالیا كە پێكهاتووە لە 25 زێڕ و 16 زیو و 12 مس. بەریتانیا بە 29 میدالیای هاتە پلەی سێیەم بەهۆی بەرزبوونەوەی كۆی میدالیا زێڕەكانی بۆ 14 میدالیا لەگەڵ 7 زیو و 8 مسدا.
كۆریای باشوور بە 17 میدالیا ریزبەندی چوارەمی گرتووە كە 9 زێڕ و 3 زیو و 5 مسی تێدایە و ریزبەندی پێنجەمیش بەدەستی فەرەنساوەیە كە 22 میدالیای هەیە كە دابەشبوون بەسەر 8 زێڕ و 6 زیو و 8 مسدا.
Top