نیان یاسین: بناغەی پاسكیل سواری یـــــــــــــــــــــــــــــــانەی نەورۆز لەسەر دەستی من دروست بووە

نیان یاسین:  بناغەی پاسكیل سواری یـــــــــــــــــــــــــــــــانەی نەورۆز لەسەر دەستی من دروست بووە
نیان یاسین یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی كوردستان و عێراق كە ماوەیەكی زۆرە لە خزمەتی وەرزش دایە لەشاری سلێمانی، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1989ی شاری سلێمانییەو قوتابی قۆناغی 3ی زانكۆی سلێمانییە لە پەروەردەی وەرزشی، بۆچەندین یاری شاری سلێمانی یاریكردووە، لەڕیزی هەڵبژاردەی عێراقیش خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئەمساڵیش بەپێی گرێبەستێك هاتۆتە ڕیزی یانەی برایەتی شاری هەولێر، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو، هاتیە نێو دنیای یاری گۆڕەپان و مەیدان؟
-من هەر لەمنداڵیەوە حەزم بە وەرزش كردن بوو، دەستم بە یاری گۆڕەپان و مەیدان كرد، بەڵام چەند كەسێك هاوكارم بوون كە بێمە نێو بواری وەرزشەوە، خۆشم خولیایەكی زۆرم هەبوو بۆئەم یارییە. تاكە كەسیش باوكم بوو كەپشتگیری بەردەوامی كردم.
*بۆچی دواتر یاری پاسكیل سواریت هەڵبژارد؟
-من سەرەتا لە هەریەك لە یانەكانی كەمال سەلیم و یانەی نەورۆز یاریم دەكرد، دواتر زانیم كە ئەم بەهرەم تێدایە لە یاری پاسكیل سواریدا ئەنجامم دەبێت، بۆیە ڕاستەوخۆ بە یارمەتی چەند كەسێكی خۆشەویست توانیم بێمە ئەو یارییەو خۆشبەختانەش ئەنجامم باش بوو.
*ئەی ئەم یارییە لە سلێمانی لە چ ئاستێكدا؟
- لە شاری سلێمانی كە تەنیا یانەیەكی پاسكیل سواری هەیە ئەویش یانەی نەورۆزە كە بناغەكەی لەسەر دەستی من دروست بووە، ئەم یانەیە لە یاری پاسكیل سواری بە ڕادەیەكی باش خزمەتی یاریزانەكان دەكات، بەهەمان شێوە ڕاهێنەرەكەش سیروان سامی پشتگیریەكی تەوای یاریزانەكان دەكات بۆ بەردەوام بوونیان لە وەرزش كردن و بەرزكردنەوەی ناوی سلێمانی.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
-پێم باشە یانەكان بناغەی پێگەیاندنی یاریزانان لە ئاستەكانی تەمەن دروست بكەن و یانەكانیش خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكەن، لایەنی پێوەندیداریش زیاتر خزمەتی ئەم یارییە بكەن، پێدوایستیەكان دابین بكرێ بۆئەم یارییە.
*ئەنجامە باشەكانت چین وەكو یاریزان؟
- من لە سەرەتای ساڵی 2006 لەم یارییە وەكو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق دەركەوتم، یەكەم بەشداریشم لە پاڵەوانییەتی عەرەبی بوو لە وڵاتی میسر كە پلەی پێنجەمم بەدەستهێنا لەسەر ئاستی 10وڵات، لە ساڵی 2007پلەی یەكەمم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا لە هەمان ساڵدا بەشداریم كرد لە دوو پاڵەوانێتی ئەنجامی باشم هێنا، لەسوریاش پلەی چوارەمم بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی عەرەب، لە ساڵی 2008-2009پلەی یەكەمی عێراقم بەدەستهێنا، هەر لە سوریا پلەی چوارەمم بەدەستهێنا، لە پاڵەوانێتی خەڵاتی گەورەی یانەكانی عێراقی لەبەغدا پلەی یەكەمم بەدەستهێنا 4 میدالیای زێڕم بەدەستهێنا، لە ساڵی 2010 یەكەمی عێراق بووم، بەشداری چوار پاڵەوانیتم كرد لە ئێران و لوبنان و میسر ئەنجامی باشم هێنا، ساڵی 2011و2012و لە ئیماراتیش بەشداری پاڵەوانێیتەكەم كرد توانیم 2مەدلیای زێڕ بەدەست بهێنم، ئەمساڵیش جامی یەكەمی عێراقم بەدەستهێنا.
* لەئێستادا بەرنامەت چیە وەكو یاریزانێك؟
-لە ئێستادا وەكو یاریزانێكی هەڵبژاردەی عێراق بەرنامەی تەواوم هەیە بۆخۆئامادەكردن بۆپاڵەوانێیتەكانی دەرەوەی عێراق كە پاڵەوانێتی عەرەبی لە ئەردەن ئەنجام دەدرێت.
*كێشەو گرفتان چیە لەم یارییە؟
-ئێمە هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە، بەڵام مەشقەكانمان لەسەر شەقامەكانە، ئەوەش كێشەیە بۆ یاریزانان كە زۆر جار ڕەنگە تووشی كێشە بین.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-بتوانم باشترین ئەنجام بەدەستهبێنم و ئاڵای وڵاتەكەم لە وڵاتانی جیهان بدرەوشێنمەوەو ناوی كوردستان بەرزكەمەوە.
*چۆن بوو بڕیارت دا یاری بۆیانەی برایەتی بكەی؟
-من وەكو یاریزانێك بۆماوەی یەك وەرز گرێبەستم لەگەڵ یانەی برایەتی هەیە، دوای تەواوبوونی گرێبەستەكەشم هیچ بڕیارێكم نەداوە كە لەگەڵ برایەتی بمێنمەوە یان نا.
*كێشەت بۆدروست نابی تۆ خەڵكی سلێمانی لەهەولێر وەرزش دەكەی؟
-نەخێر بەسوپاسەوە یانەی برایەتی و یاریزانان و ڕاهێنەرانی یانەكە زۆر هاوكاریم دەكەن، سوپاسیان دەكەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
-زۆرسوپاس بۆگۆڤاری گوڵانی خۆشەویست بەهیوای ئەوەم بتوانم باشترین ئەنجام بەدەست بهێنم.
Top