محەمەد حەمەخان كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان:

محەمەد حەمەخان كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان:
بەرزكردنەوەی جامی ڤیڤا خۆشترین ساتی ژیانم بوو
*چۆن بوو ئەمساڵ بۆیەكەمجار لەمێژوو توانیتان جامی ڤیڤا بەرز كەنەوە؟
-ئەوەی ڕاستی بێت یەك دڵ و گیانی تەواوی یاریزانان و دەستەی ڕاهێنەران و هاندەرانی وەرزشی لەشارەكانی كوردستان و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هەموومان بەیەك ئامانج لەسەرەتای دەستپێكی پاڵەوانێتیەكە كارمان كرد و سوپاس بۆخواش توانیمان لەتەواوی یارییەكان هەموو بەربەستەكانی پێشمان ببڕین و سەركەوتنی گرنگ و مێژوویيمان بەدەستهێنا.
*هەستت بەچی كرد وەكو یەكەم كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان جامی ڤیڤات بەرز كردەوە؟
-ساتە وەختێكی یەكجار خۆشبوو، كە وەكو كاپتنی هەڵبژاردەی كوردستان توانیم جامەكە لەدەست بگرم و بەرزی بكەمەوە هەستم كرد شەرەفێكی یەكجار گەورەمان لەسەر شان بووە لەگەڵ یاریزانانی كوردستان كە لەژێر ناوی كوردستان و ئاڵای كوردستان یاریمان كردووە ئەم نازناوەمان بەدەستهێناوە، یادگارییەكی یەكجار خۆشە بۆمن لەبیركردنی مەحاڵە.
*دوای كۆتایی هاتنی یارییەكانی جامی ڤیڤا، بڕیاری وازهێنانی یەكجاریت دابوو لەتۆپی پێی بۆچی؟
-هەستم كردبوو كە ماوەیەكی زۆرە لەنێو وەرزش و سەرتاپای ژیانم ببوە وەرزشكردن، بۆیە بەباشمزانی بەدەستهێنانی ئەم نازناوە گرنگە جیهانیە ببێتە دەروازەیەك بۆ وازهێنانم لەوەرزشكردن، بەڵام دواتر ڕێگەیان نەدا واز بێنم.
* دەڵێن ژمارەیەك لەیاریزانان و تاریق عەبدولڕەحمان پاشگەزیان كردیەوە؟
-بێگومان قسەكانت زۆر ڕاستن، دوای ئەوەی گوتم واز دەهێنم برای خۆشەویستم تاریق عەبدولڕەحمان سەرۆكی یانەی بروسك گفتوگۆی زۆری لەگەڵ كردم بۆئەوەی پاشگەزم بكاتەوە، چونكە لەیانەی بروسك پێویستیان بەمن بوو، یاریزانانی یانەی بروسكیش بەگشتی هەموویان وازیان نەهێنا گوتیان كاپتن ئەگەر نەیتەوە ناتوانین ئێمە بەردەوام بین، بۆیە دەبێ بەهەر جۆرێك بێت بگەڕێتەوە یانەكە، بۆیە لەبەر خۆشەویستی سەرۆكی یانەكە و یاریزانانی یانەی بروسك بڕیاری گەڕانەوەم دا بۆ نێو وەرزش.
*ماوەیەك پێش ئێستا لەیانەی كەركوك داوا كرابووی بۆخولی عێراق بۆچی نەچوویت؟
-ئەوەی ڕاستی بێت لەیانەی كەركوك گرێبەستم پێشكەش كرا بۆ ئەوەی لەخولی بژاردە یارییان بۆ بكەم، لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستی زۆرم بۆیانەی كەركوك كە ماوەیەكی زۆر یاریم لەم یانەیە كردبوو خزمەتی شارەكەم كردبوو، بەهۆی هەندێك كاری تایبەت بەخۆمەوە نەمتوانی بچم خزمەتی ئەو یانەیە خۆشەویستە بكەم، لەلایەكی تریش من بڕیاری ئەوەمدابوو كە واز بێنم، بۆیە ئەمانە هۆكاربوون.
* پاڵەوانێتی فەڵەستین دەرگا كرانەویەك نەبوو بۆ هەڵبژاردەی كوردستان؟
-بێگومان بەشداری كردنمان لەپاڵەوانێتی فەڵەستینی نێودەوڵەتی دەرەفتێكی یەكجار باش و زێڕین بوو بۆ ئێمە كە توانیمان لەویش لەپاڵەوانێتیەكە پلەی سێیەم بەدەستبهێنین و خەڵاتی تیپی نموونەیمان بەركەوت، ئەوەش كاریگەری خۆی دەبێت، لەمە بەدواوە دەتوانین لەپاڵەوانێتی تریش بەشداری بكەین.
*تۆ لەساڵانی ڕابردوو لەدوو خول بەشدار بووی كوردستان و عێراق كامیان بەهێزترە؟
-هەر خولەو تاموچێژێكی تایبەتی خۆی هەیە، ئەگەر زیاتر گرنگی بەخولی كوردستان بدەن خۆشترە لەخولی عێراق بەتەئكیدیش ئێستا خولی كوردستان یەكجار بەهێزە ململانێی بەهێز هەیە لەنێوان یانەكان تا دوا هەفتەكانی كۆتایی پاڵەوانی خولەكە دیار ناكەوێ ئەوەش بەڵگەی بەهێزی خولەكەیە، خولی عێراقی بەرنامەیەكی تایبەتی نییە هەر ڕۆژەی بڕیارەكانی كاتی دیاری كراوی نییە.
*بەبۆچوونی تۆ باشترین یانە لەعێراق كام یانەیە؟
-تا ئێستا یانەی هەولێر باشترین یانەی عێراقە. سەربەرزم بەو یانە، چونكە یانەی شارەكەمە.
*تۆ وەكو یاریزانێكی هێڵی بەرگری كام هێرشبەر هیلاكی كردوی؟
-لەگەڵ زۆربەی هێرشبەرە بەتواناكانی عێراقی یاریمكردووە، بەڵام هێرشبەری شاری بەغداد یاریزان عەلی مەنسور زۆر ماندووی كردوم، من بایەخ بەهەموو هێرشبەرێك دەدەم.
Top