دوای بەردەستبوونی ڤاكسینی (كۆڤید19)یش ماسك پێویستە

دوای بەردەستبوونی ڤاكسینی (كۆڤید19)یش ماسك پێویستە
ئایا پەتای كۆرۆنا پاش بەردەستبوونی ڤاكسین كۆتایی دێت؟ ئایا پێویستە كە لە بەكارهێنانی ماسك بەردەوام بین؟. ئەگەرچی بەردەستبوون و بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆڤید19 زۆر نزیك بۆتەوە، بەڵام گەلێك سەرچاوەی پزیشكی ئاماژەیان بەوە كردووە كە بەكارهێنانی ماسك و پابەندبوون بە دووریی كۆمەڵایەتی بەردەوام دەبێت تەنانەت پاش بەردەستبوونی ڤاكسینی كۆرۆناش، جەخت لەوەش كراوەتەوە كە ئەگەر ڤاكسین هەندێك خۆپاراستن دژی كۆڤید19 پەیدا بكات، ئەوا دەتوانیت بە ماسك خۆت بۆ ماوەیەكی زۆرتر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزیت، هەروەها لەكاتی بەردەستبوونی ڤاكسین، كوتانی هەموو كەسەكان لە ماوەیەكی كورتدا كارێكی ئاسان نییە و لەوانەیە كە چەند مانگێك بخایەنێت. دكتۆر و توێژەران جەختیان كردۆتەوە كە بەكارهێنانی ماسك بڵاوبوونەوەی كۆڤید19 كەم دەكاتەوە و بەكارهێنەر لە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە دەپارێزێت، بۆنموونە دەتوانرا كە پەتای كۆرۆنا بنبڕ بكرێت ئەگەر 70%ی خەڵك ماسكیان بە رێك و دروستی بەكاربهێنایە. دكتۆر ئەنتۆنی فاوچی Anthony Fauci پسپۆڕی نەخۆشییە میكرۆبییەكان لە ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كردووە كە بەكارهێنانی ماسك و پابەندبوون بە دووریی كۆمەڵایەتی تا ساڵی 2022 پێویست دەكات، چونكە پێناچێت كە پەتای كۆڤید19 بەم زووانە كۆتایی بێت و لەوانەیە كە چەند مانگێكی دیكە درێژە بكێشێت، ئەگەرچی بەكارهێنانی ماسك ناڕەحەتمان دەكات، بەڵام باشترین رێگایە بۆ خۆپاراستن و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
Top